نزیک بوونەوە لە جەژنی ڕەمەزان کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتوگوزاری گەرمکردووە، بەجۆرێک نرخ و جۆری گروپاتی گەشتیاری سۆشیال میدیای تەنیوە.
بەیار هەناری، خاوەنی گروپی کۆمپایاکانی بۆسفۆرس لاین 11 ساڵە گەشتیاران بۆ وڵاتان دەگوازێتەوە و بە پێچەوانەوەش، سەبارەت بە خواستی خەڵک لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ بۆ گەشتی وڵاتان بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: ئەمساڵ سەرەڕای نەمانی کێشەی فڕۆکەخانەکان و باشتر بوونی ڕەوشی دارایی خەڵک بەڵام هێشتا خواست لەسەر گەشتکردن بۆ وڵاتان نەگەڕاوەتەوە ئەو دۆخەی ساڵانی 2012 و 2013 بەڵام بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو پێشبینی دەکەین ئەمساڵ ڕێژەی چوونی گەشتیاران بۆ وڵاتان لەسەدا20% زیاد بکات.
بەیار هەناری، باس لە ڕێژەی ئەو گەشتیارانە دەکات کە لەڕێگە کۆمپانیاکەی ئەو بۆ وڵاتان ڕۆیشتوون، دەڵێت: ساڵی ڕابردوو نزیکەی 10 هەزار گەشتیارمان ناردووەتە دەرەوە، زۆرترین گەشتیاریش بۆ وڵاتی تورکیا و دوبەی ڕۆیشتوون. ئەمساڵ لەسەری ساڵ و نەورۆز دەست بە گەشت کراوە بەڵام زۆرترین گەشتیاران لە جەژن دەچنە وڵاتان و گەشت دەکەن. باس لەوەش دەکات کە ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر و داخستنی فڕۆکەخانەکان لەسەدا 60% کارەکانمانی کەمکردەووە، ناچاربووین مووچەی کرێکارانمان لەسەدا 50% کەمبکەینەوە.
دابەزینی بەهای لیرە نرخی گروپاتی گەشتیاری بەرزکردووەتەوە
دابەزینی بەهای لیرە زیانی بۆ کۆمپانیاکان و گەشتیارانیش هەیە چونکە بەوهۆیەوە نرخی گروپات لەسەدا 30% بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک پێشتر گروپی گەشتیاری بۆ ئەستەنبۆڵ دەگەیشتە 500 دۆلار بەڵام ئێستا زیاتر لە 600 دۆلارە و پێشبینی گرانتر دەکرێت.
ئاری چەلەبی، خاوەنی کۆمپانیای چەلەبی بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: ساڵی ڕابردوو 7000 گەشتیارمان لەڕێگەی گروپی گەشتیاری و تاک بردووە بۆ وڵاتان ئەمساڵ پێشبینی دەکەم ڕێژەکە زۆر زیاتر بێت، چونکە چەندە مووچە دابەش بکرێت هێندەش بازاڕی ئێمە باشتر دەبێت و گەشتیار زیاتر دەبێت، ئاری جەلەبی ڕاشیگەیاند:" ئەوەی کە بارقورسی بۆ ئێمە دروستکردووە ئەویش ئەو باجە زۆرەیە کە حکومەت وەریدەگرێت کە ساڵانە 6 هەزار دۆلار باج دەدەین بۆیە هیوادارم لە کابینەی نوێ چاوێک بەو بابەتە بخشێننەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ساڵی ڕابردوو لەڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی 861 هەزار و 799 کەس گەشتیان کردووە.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.