هاتنی مانگی ڕەمەزان بازاڕی ساردەمەنییەکانی گەرمکردووە، بەجۆرێک زۆربەی شەقامەکان و بازاڕەکانیش پڕ بوون لە شەربەت فرۆش.
ئیدریس ئازیزان، خاوەنی ساردەمەنی میلانۆیە لە هەولێر لەساڵی 1995 وە شەربەت دەفرۆشێت بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: هاتنی مانگی ڕەمەزان گۆڕانکاری زۆر دەخاتە بازاڕ و فرۆشی ئێمەش لەم مانگە زۆر زیاترە لە مانگەکانی دیکە بەجۆرێک لەسەدا 90% فرۆشمان زۆرتر دەبێت.
دابەشکردنی مووچە کاریگەری لەسەر بازاڕ نەبووە
ئیدریس ئازیزان، دەشڵێت:" ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو فرۆشمان لەسەدا 20% کەمتر بووە ڕاستە مووچە دراوە بەڵام خەڵک قەرزدارە بۆیە زیاتر ئەو شتانە دەکڕێت کە زۆر پێویستن. ئاماژە بەوەش دەکات ساڵی ڕابردوو ڕۆژانە 10 هەزار دەبە شەربەتمان دەفرۆشت، ئەمساڵ لە 8 هەزار تێپەڕ ناکات.
شەربەتی کوردی دەچێتە تکریت و موسڵ و بەرتلە
کەمال، خاوەنی ساردەمەنییە و وەک خۆی دەڵێ ئەمساڵ بۆ ئەوان ساڵێکی جیاوازە و ئەمساڵ فرۆشیان لەسەدا50% زیادیکردووە، کەمال دەشڵێت:" ئەوەی جێگەی نیگەرانییە حکومەت چاودێری بازاڕ ناکات چونکە بەناوی شەربەت دەبە پڕ لە ڕەنگ و ئاو دەکەن بە 500 دینار و 1000 دینار دەفرۆشن، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر دڵەڕاوکێی خەڵک و بازاڕی ئێمە. باس لەوەش دەکات کە عەرەبەکانی خواروناوەڕاستی عێڕاق زۆرترین کڕیاری شەربەتی ئێمەن تایبەت مێوژ، ڕۆژانە لە تکریت و موسڵ و بەرتلە و کەرکووک کڕیارانم شەربەتی ئێمە دکڕن.
بەپێی ئامارەکانی بازگەکان ساڵانە تەنیا مانگێک پێش ڕەمەزان و لە مانگی ڕەمەزان دەیان تۆن شەربەت لە وڵاتانی ئێران و تورکیا هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.