Erbil 38°C یەکشەممە 23 ئاب 22:17

مه‌لا به‌ختیار: قه‌د ناڵێم ریفراندۆم هه‌ڵه‌ بوو

حكومەتی عیراق 3 مانگ بودجەمان دەداتێ‌‌و 6 مانگ هەڕەشەمان لێدەكات‌و نامانداتێ‌
کوردستان TV
100%

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان   له‌میانى  پێشوازی لەمامۆستایانی شۆڕش  لەبارەی مەترسی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق، بانگەوازێکی ئاراستەی  سه‌رۆك مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ و سەرۆکی هەموو حزبەکانی کوردستان کرد.

مه‌لا به‌خیتار  له‌بانگه‌وازه‌كه‌دا رایده‌گه‌ێنێت ، سەرەڕای جیاوازییەكان‌و كێشەكان، كە بەزوترین كات كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری لەنێوان حزبەكانی كوردستاندا بكرێت‌و لەناو پەرلەمان كۆبوونەوە بكرێت‌و داوای كۆبوونەوەی حزبە عیراقییەكان بكرێت‌و گفتوگۆ بكەین


راشیده‌گه‌ینێت ، پێشتریش وتومە كە هەقە لەم كێشەیەدا، بۆ مەترسی جەنگ لەنێوان ئەمریكاو ئێران، سیاسەتی خۆمان ببەستینەوە بەسیاسەتی بەغداد ،  به‌ڵام سیاسەتی بەغدادیش نابێ‌ بەبێ‌ راوێژ لەگەڵ سەركردایەتی كوردستان بیسەپێنێت ، بەڵكو دەبێ‌ بەڕاوێژو بەبۆچوونی هەمولایەكمان ستراتیجەكە دابنێین، نەك بەغداد لەوێ‌ بڕیارێك بدات‌و ئێمەش لێرە، ملكەچ بین ،  یان ئێمە لێرەوە خۆمان بڕیار بدەین‌و بڵێن، هەقمان بەسەر بەغدادەوە نییە! نەخێر، بەڵكو ئێستا هەقمان زۆر بەسەر بەغدادەوەو هەیەو ئەویش هەقی بەسەرمانەوە هەیە‌و بەڕاستی سەما ئێستا لەسەر لێوارو نوكی خەنجەرە! 

لێپرسراوی ده‌سته‌ى كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتى ده‌شڵێت ، ئەگەر حزبەكان، حكومەت‌و پەرلەمانی كوردستان حكومەت‌و پەرلەمانی عیراق، بەهەموومان ستراتیج‌و پرۆژەیەكمان بۆخۆمان دانا، سوور بووین لەسەری، ئەوكاتە ئەمریكا، بەریتانیا‌و ئەنجومەنی ئاسایشیش رێزی لێدەگرن‌و ئێران‌و دەوڵەتانی دەوروبەریش لەناوچەكە رێزی لێدەگرن. 

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، جەختیشیكردەوە: لەو چوارچێوەیەدا هێزە كوردستانییەكان دەبێ‌ پاشكەوتی سیاسی خۆمان هەبێ‌، ئەویش ئەوەیە لەسەر ئاستی عیراق، لەهەموو ئاستەكان رێكبكەوین‌و لەناو كوردستانیش بۆ هەموو ئەگەرەكان، حزبە كوردستانییەكان لەگەڵ حكومەت‌و پەرلەمانی كوردستان رێكبكەوێ‌. بۆ هەموو ئەگەرێك شەڕ دەبێ‌، ئەگەر شەڕ بوو چی بكەین‌و ئەگەر نەبوو چی بكەین؟ ئەگەر ماوەیەكی كەم رویدا، چی بكەین، ئەگەر دوایئەوەی وەستا چیبكەین. كە شەڕ وەستا، لەسەر حسابی چارەنوسی ئێمە دەبێ‌، یان لەسەر حسابی نەوت‌و جوگرافیا‌و ئاسایش‌و پێشمەرگەی ئێمە دەبێت؟ یان نەخێر لەسەر حسابی عیراق دەبێت؟ یان لەسەر چ حسابێك دەبێت‌و دەشبێ‌ هەموو ئەم پرسیارانە لەخۆمان بكەین؟‌ بەرچاویشمان روون بێت. چونكە ئەگەر بەرچاومان روون بوو، بەرنامە‌و بڕیارمان هەبوو، هەر رووداوێك رویدا، ئامادەین. چونكە بڕیارمان هەیە‌و بەڵام ئەگەر بڕیارمان نەبوو، هەر رووداوێك رویدا، بەپەلە پروزە فر یا بكەیون بڕیارێك بدەین‌و بێگومان ئەوكاتەش نیوەی بڕیارەكانمان هەڵە دەردەچێت..! 


 مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ى كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی راشیده‌گه‌ێنێت ،  له‌ئێستادا حكومەتی عیراق دەستور جێبەجێ‌ ناكات، كێشەی نەوت‌و غاز چارەسەر ناكات، سێ‌ مانگ بودجەمان دەداتێ‌‌و شەش مانگ هەڕەشەمان لێدەكات‌و نامانداتێ‌. 


ده‌شڵێت ، حكومەتی عیراق، سوپای عیراق، كە سوپای عەرەب بێ‌، هەمووی چەكدار دەكات‌و هەموو توانایەكی بۆدابین دەكات‌و هەموو چەكێكی دەداتێ‌ ، حەشدی شەعبی بەماوەی سێ‌ مانگ دامەزراند‌و باشترین چەكی بۆ كڕین، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لە(1961)ەوە هەیە، ئێستاش بەهەزار حاڵ موچەكەی بداتێ‌ یان نایداتێ‌. ئەم حكومەتە لەسەردەمی حكومەتی مەلیكی، قاسمی، بەعسی لە(1963)‌و دواتر حكومەتی عەبدولڕەحان‌و عەبدولسەلامی برای، جارێكی تر حكومەتی بەعسی، هەمیشە سیاسەتی شۆڤێنی‌و سیاسەتی سەپاندنی حكومەتی مەركەزی، دوور لەدیموكراسی‌و مافی چارەنوسی كوردیان بەدرێژایی مێژوو سەپاندووە. مافەكان پێشێل دەكات‌و تاوانباریشمان دەكات. عەرەب دەڵێ‌ (لێیدام و گریا، پێشمكەوت‌و شكاتیشی لێكردم!) ئەو خۆی سەركوتی كردووم، تاوانباریشم دەكات بەجوداخوازیی‌و بەكرێگیراوی! هەروەك چۆن فڕۆكەی ئینگلیز میللەتەكەمانی لەسلێمانی‌و رواندوز بۆردوماندەكرد، بەڵام لەبەغداد حكومەتی بۆ عەرەب دادەمەزراند‌و دەوڵەتانی دنیاش، لەپێشەوە روسیای لینین، بەتورك‌و فارسەوە دەیانوت بزوتنەوەكانی كورد لەزەمانی شێخ مەحمود، بەرزانییەكان، سەمكۆی شەكاك، سەر بەئینگلیزن! یەكەم فەوجیش كە لەعیراق دامەزراوە بەناوی ئیمام موسای كازم‌و یەكەمین شەڕیش كە لەكوردستان كردوێتی‌و یەكەمین هێزی ئاسمانیش كە لەشەش فڕۆكەی دواكەوتووی هینتەری كە لەسەردەمی ئینگلیز دروستكراوە، یەكەم بوردومانیان لەكوردستان كردووە! یەكەمین تیپی تۆپهاوێژیش لەكوردستان تۆپی هاویشتووە.


وتیشی: ئێستاش كە سەردەمی ئەم حكومەتەیە، لەگەڵ ئەم حكومەتە زیاتر لەهەموو حكومەتەكانی پێشوو، لەگەڵ هێزەكانی ئەم حكومەتەیان پێكهێناوە، زیاتر لەهەموو هێزە نیشتمانپەروەرەكان‌و نەتەوە پەرست‌و چینایەتییەكانی پێشوو، لەگەڵ ئەم حزبانەی ئێستا كە پێیاندەڵێن شیعەو سوننە، پەیوەندییەكی زۆر باشمان هەبووە، هیچیان نییە لێیان قەومابێ‌‌و داڵدەمان نەدابن، بارەگا، چەك‌و پارە‌و فیشەكمان داونەتێ‌، بریندارمان چارەسەر كردووەو كەسوكارەكانیانمان دەرباز كردووە‌و ناردومانن بۆ دەرەوەی وڵات‌و خۆیانمان لەدەرەوەی وڵاتەوە هێناوەتەوە، لە (2003)شەوە تائێستا كە حكومەت دادەمەزرێ‌، بزانن چەندجار لەگەڵ ئەو حكومەتانە توشی گیروگاز بووین، تەنانەت هەر لەیەكەمن سەركەوتن كە عەبادی بەسەر داعشدا سەركەوت لەموسڵ، دووەمین سەركەوتن هاتە سەر كەركوك! واتە شەڕی لەگەڵ داعش‌و شەڕی لەگەڵ پێشمەرگە هاوتا كردەوە.


ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەم شانۆگەریانە، كە لەمێژووی ئەم وڵاتەدا هەیە، هەموویان شانۆگەری خوێناوین كە لەبەرامبەر میللەتەكەماندا كراون‌و بەداخەوە، لەدوای ریفراندۆم هەتا ئێستا، ئەگەر هەڵەبوبین لەریفراندۆم! كە بەشبەحاڵی خۆم، وەكو بیروباوەڕو مافی دیوكراسی، قەت خۆمان بەهەڵە نازانم. بەڵام باشە ئەگەر ئێمە هەڵەش بوین‌و ئەوان سەركەوتوون، ئەوە ناوچە كێشە لەسەرەكان‌و ناوچەكانی مادەی (140) لەدەستی ئەواندایە، دەیفەرموو مادەی (140) جێبەجێ‌ بكەن‌و بیسەلمێنن كە ئێمە هەڵەبووین! بڕگەكانی مادەی (140) ئەوەی ماوە جێبەجێی بكەن. فەرموو خەڵكەكەی دابمەزرێنن‌و خزمەت بكەن، فەرمانبەرانی كورد دەرمەكەن. نەك ئەمانەش ناكەن، بەڵكو سپۆنسەری عەرەبەكان دەكەن كە بێنەوە، ئەگەرچی یەكێك لەبڕگەكانی مادەی (140) ئەوەیە كە عەرەبی هاوردە بڕوات‌و كوردەكان بگەڕێنەوە. بەڵام ئەو كوردانەی بەپێی مادەی (140) گەڕاونەتەوە، پاڵەپەستۆی سەیرو سەمەرەیان دەخەنە سەرو بە جوتیارو شارنشینەوە دەریاندەكەن‌و بەقافڵە عەرەبی تەعریب بەتاپۆی رەشی فاشییەكانی عیراق، كە چل ساڵ لەمەوبەر بۆیان دەركراوە دەهێننەوە، بەڵام تاپۆی سەدان ساڵەی باوك‌و باپیرانمان قبوڵ ناكەن! كەواتە ئەگەر لەریفراندۆم هەڵەبووین، ئەی ئێستا حكومەتی عیراق ئەمە بۆ دەكەن؟! ئەی لەدوای ریفراندۆمەوە كوا، كامە چاكەیە لەگەڵ میللەتەكەمانیانكردووە، هەتا بیسەلمێنن كە لەریفراندۆم هەڵەبووین! 


 مه‌لابه‌خیتار وتیشى  ، لەم سێ‌ ساڵەدا هەمیشە دەیسەلمێننەوە كە میللەتەكەمان لەسەر هەقەو هەمیشەش مەترسی شۆڤێنێت، تەعریب، پێشێلكردنەكانی مافی میللەتەكەمان لەحكومەتی مەركەزی هەیە!

 

 

 

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.