Erbil 38°C دووشەممە 24 ئاب 22:01

سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان ئیدانەی تەقینەوەکانی کەرکوک دەکات

بەتوندی ئیدانەی ئەم کارە قیزەونە دژ بەهاووڵاتیی سیڤیلى شاری کەرکوکی خۆشەویست دەکەین
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان ئیدانەی تەقینەوەكانی كەركوك دەكات
کوردستان TV
100%

لە راگه‌یه‌ندراوێكدا، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، ئیدانەی تەقینەوەكانی كەركوك دەكات و جەخت لە بەشداریپێکردنی تەواوی پێکهاتەکان لە ئیدارەدانی دۆسییەی ئەمنیی شارەکە و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌: 

دڵگران وغەمبارین بەبیستنی هەواڵی هێرشە تیرۆریستییەکانی دوێنێ شه‌وى شاری کەرکوک و بەتوندی ئیدانەی ئەم کارە قیزەونە دژ بەهاووڵاتیی سیڤیلى شاری کەرکوکی خۆشەویست دەکەین و لەخودای گەورە داواکارین شەهیدان بە بەهەشتی خۆی شاد بکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. 

وەک لای هەموولایەک روون و ئاشکرایە لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ڕەوشی ئاسایشی شاری کەرکوک و دەوروبەری زۆر خراپتربووەو ئیدارەی شارەکەو هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە ئاسایش و سەقامگیریی شارەکە بپارێزن و رێگە لەسەرهەڵدانەوەی تیڕۆریستانی داعش بگرن، ‌ئەم تەقینەوانەو سووتاندنی دەغل و دانی جووتیارانی کورد و پڕۆسەی بە عەرەبکردنەوە و پێشێلکردنی ماددەی 140 و کارنەکردن بۆجێبەجێکردن و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک ناسەقامگیریی زیاتری لێدەکەوێتەوە.

ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان نیگەرانیی خۆمان ڕادەگەیەنین و پێویستە حکومەتی عێراق لە ئاست بەرپرسیاریەتیی یاسایی و دەستووریی خۆیدابێت و سەروماڵی هاووڵاتییان بپاڕێزریت و ڕێگە بە پێشێلکاری نەدات.

هاوکات جەخت لە بەشداری پێکردنی تەواوی پێکهاتەکان لە ئیدارەدانی دۆسییەی ئەمنی لە شارەکە و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق زیاتر ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و دوورخستنەوەی خەتەری هاوشێوە لەسەر کەرکووک.

 


سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
31ـی 5ـی 2019

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.