لەسەر تەقینەوەكانی شەوی رابردووی شاری كەركووك، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند "پارێزگاكانی دیالە، كەركووك، سەڵاحەدین، ئەنبار و مووسڵ بوونەتە قوربانی تائیفەگەری و گەندەڵی". داوا لە حکومەتیش دەکات یان بە باشی ئەو ناوچانە بەڕێوەببات، یان بۆ ئەوانی بەجێبهێڵێت.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە تویتێكیدا رایگەیاندووە "پارێزگاكانی باشوور بەدەست هەژاری و گەندەڵی دەناڵێنن، پارێزگاكانی ناوەڕاست ململانێی و گەندەڵی شەكەتی كردوون، بەڵام پارێزگاكانی دیالە، كەركووك، سەڵاحەدین، ئەنبار و مووسڵ بوونەتە قوربانی تائیفەگەری و گەندەڵی".
رێبەری رەوتی سەدر رووی دەمی دەکاتە حکومەتی عێراق و دەڵێ "یان بە باشی ئەو ناوچانە بەڕێوەببەن، یان لێمان گەڕێن خۆمان مامەڵەی لەگەڵ بکەین، بەڵكو سوودمان هەبێ، هیچ نەبێت زیانمان نابێت، گەل بەدەست گرفتی برسیەتی و سەپاندنی دەسەڵات و گەندەڵی دەناڵێنێت".
هەر لە توویتەكەیدا رێبەری رەوتی سەدر داوای سەركوتكردنی گەندەڵكاران و دوورخستنەوەی حیزبەكانی لەو پارێزگایانە كرد، ئاماژەی بەوەشكردوە "با پارێزگاكانی بە وێرانە رابگەیەنن و راستەوخۆ لەلایەن سێ سەرۆكایەتییەكە، بە هاوكاری لەگەڵ سوپا و پۆلیس سەرپەرشتی بكرێت".
شەوی رابردوو پارێزگای كەركووك زنجیرەیەك تەقینەوەی بەخۆیەوە بینی، بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی سڤیل شههیدو برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.