Erbil 38°C سێشەممە 25 ئاب 18:58

پارتى: دۆخی ئەمنی خراپ و شڵەژاوی کەرکووک کاریگەرییان بەسەر ئاسایش و ژیانی ھاووڵاتییانی بێتاوان ھەیە

پارتى راگه‌یاندراوێكی لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە
کوردستان TV
100%


له‌راگه‌یاندراوێكدا  ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی کوردستان لە كەركووك – گەرمیان،  لەسەر رووداوەکانی ئەم دوایەی کەرکووک  رایده‌گه‌ێنێت ، رووداوەکان بەڵگەی حاشاھەڵنەگرن لەسەر ئەوەی كە دۆخی ئەمنیی زۆر خراپ و شڵەژاوی كەركووك و لێكەوتەكانی كاریگەرییان بەسەر ئاسایش و ژیانی ھاووڵاتییانی بێتاوان لە گشت نەتەوە و ئاینەكان ھەیە.

 له‌به‌شێكى دیكه‌ى راگه‌یاندراوه‌كه‌ى  ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتیدا هاتووه‌ ، ئەو بۆشاییە ئەمنییە ڕووی لە زیادبوونە، كاریگەرییە مەترسیدارەكانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەبن، زەوییەكی بەپیت و گونجاویان بۆ تیرۆر و دەستوپێوەندەكانی ڕەخساندووە تاوەكو بتوانن ئۆپەراسیۆنی جۆری ئەنجام بدەن.


دەقی راگه‌یاندراوه‌كه‌ى  ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان:

بەداخ و ئازارێكی زۆرەوە، چەند ھەفتەیەكە، زنجیرەیەك ھەواڵی ناخۆشمان دەربارەی پێشھاتی مەترسیدار لە ڕەوشی ئەمنیی كەركووك پێ دەگەن، لە سووتاندنی كێڵگە و ھەڕەشە و دەستدرێژیكردنە سەر جووتیارانی كورد و، ڕاگواستنی زۆرەملێی خێزانە كوردەكان لە گوندەكانی خۆیان، تا دەگاتە لێكەوتەكانی ئەو تەقینەوانەی کە گرینگترین گەڕەكەكانی كەركووكیان گرتەوە.

ئێمە لەكاتێكدا ڕووی نزامان لە خوای گەورەیە لەم مانگی ڕەمەزانە و لە سەروبوندی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا و داوای لێ دەكەین باڵی ئارامی و سەقامگیری بەسەر ئەم شارە ئازیزەدا بكێشێت، سەرەخۆشی لە  خێزانی گشت قوربانییان دەكەین و، داوا لە خوای مەزن دەكەین كەركووك لە پلانی كینەلەدڵان و مونافیقان بپارێزێت.

ئەم ڕووداوانەی دوایی ئەگەر ئاماژە بن بۆ شتێك، بێگومان بەڵگەی ھاشاھەڵنەگرن لەسەر ئەوەی كە دۆخی ئەمنیی زۆر خراپ و شڵەژاوی كەركووك و لێكەوتەكانی كاریگەرییان بەسەر ئاسایش و ژیانی ھاووڵاتییانی بێتاوان لە گشت نەتەوە و ئاینەكان ھەیە. ھەروەھا ئاماژەی ڕوون و ئاشكران بۆ بەھێزیی پەیوەندیی برایانەی نێوان پێكھاتەكانی كەركووك و، بۆ پەیوندیی كۆمەڵایەتیی ڕەسەن و دامەزراوی نێوانیان و، ئەم پێشھاتانەیش بەری ھەندێك ئەجیندان كە ھەوڵی بڵاوكردنەوەی گیانی دژایەتی و لەتبوون دەدەن و ھەوڵی بێئومێدن بۆ گەیشتن بە ھەندێ دەسكەوتی سیاسیی بەرتەسك.

ئەو بۆشاییە ئەمنییەی ڕووی لە زیادبوونە، كاریگەرییە مەترسیدارەكانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەبن، زەوییەكی بەپیت و گونجاویان بۆ تیرۆر و دەستوپێوەندەكانی ڕەخساندووە تاوەكو بتوانن ئۆپەراسیۆنی جۆری ئەنجام بدەن كە نیشانەی لاوازیی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی و پاشەكشەی زۆریەتی.

ئێمە لە سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیاندا، ھۆشداریمان لەبارەی مەترسیی دۆخەكە دابوو و بۆ گشت لایەنەكان ڕوونمان كردبووەوە، چ لەسەر مێزی گفتوگۆ بێت یان لە دیدارە جیاجیاكاندا، گوتومانە كە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و كۆتاییھێنان بەو دۆخە ناسروشتییەی پارێزگاكەی تێكەوتووە و بوونی ھێزەكانی پێشمەرگە و ھاوکاری و ھاوئاھەنگییان لەگەڵ سوپای عێراق تەنیا ڕێگەیە بۆ ڕزگاركردنی شارەكە لە لێكەوتەی ئەمنیی مەترسیدار و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە ھەموو جۆر و شێوەكانیەوە.

داواكارین لە خوای گەورە شەھیدەكان بخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی و سەبووری بە خێزانەكانیان ببەخشێت و چاكبوونەوەی خێرا بە برینداران بدات.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك -گەرمیانى پارتی دیموکراتی کوردستان


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.