بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخێکی ئابووری سەختدا دەژین و بۆ بەدەستهێنانی کار روو لە شارەکانی باشووری کوردستان دەکەن.
حەسەن ڕەسوڵی، ساڵێکە لە ئێران بێکارە ئێستا بە مەبەستی کارکردن سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، حەسەن، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: پێشتر لە گوندێکی شاری مهاباد کاری باغداریم کردووە، بەڵام ئەو پارەی مانگانە وەرمدەگرت بەشی پێویستی ڕۆژانەی ماڵ و مناڵی نەدەکرد، بۆیە هاتووم بۆ باشوور لێرە ڕۆژانە کرێکاری دەکەم و ڕۆژ وایە 20 هەزار تا 35 هەزارم دەستدەکەوێت.
جەمیل مورادی، کرێکارێکی دیکەی خەڵکی ڕەزایەیە و بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران وایکردووە، خەڵکی زەرەرمەندی یەکەمی ئەو گوشارانە بن، ئەوە وایکردووە بۆ دەربازبوون لەو کێشمەکێشمانە ناچارن روو لە وڵاتانی دراوسێ بکەین. دەشڵێت:" ئەگەر ئەو گوشارانە بەردەوام بن ئەوا ڕێژەیەکی زۆرتری خەڵک وڵات جێدێڵن.
بەپێی ئامارەکانی دەروازەی حاجی ئۆمەران رۆژانە 200 کەس لە ئێرانەوە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن کە زۆربەیان بۆ کارکردن دێن.
بەپێی ئاماری سەندیکای کرێکارانی کوردستان نزیکەی 22 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان هەن، ئەمەش وایکردووە خەڵکێکی زۆری باشوور بێکار بن.
بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی بێکاری لە ئێران لەسەدا 12٪ یە و رێژەی بێکاری لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەسەدا 14٪ یە.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی- سیامەند کەریم
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.