له یاریه‌كی دۆستانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ و به‌مه‌به‌ستی خۆئاماده‌كردن بۆ ڕكابه‌ریه‌كانی پاڵه‌وانێتی كۆپا ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل میوانداری هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ری كرد‌و یاریه‌كه‌ش له یاریگای مانێ گارینشا له به‌ڕازیلیا به‌ڕێوه‌چوو، له‌ئه‌نجامدا هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل به دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا
له خوله‌كی شازده‌دا، یاریزان ڕیچارلیسۆن دی ئه‌ندرادێ گۆڵێكی بۆ به‌ڕازیل به لێدانی سه‌ر تۆماركرد، پاشان گابریێل خیسۆس ئه‌ستێره‌ی مانچسته‌رسیتی ده‌رفه‌تێكی قۆسته‌وه‌و گۆڵی دووه‌می سه‌ماكارانی سامبای له خوله‌كی بیستوچوار به‌ده‌ستهێنا
جێگای باسه ململانێكانی چلوشه‌شه‌مین پاڵه‌وانێتی كۆپا ئه‌مه‌ریكا له چوارده‌ی ئه‌م مانگه له به‌ڕازیل ده‌ستپێده‌كات و تا حه‌وتی مانگی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت، دوازده هه‌ڵبژارده له پاڵه‌وانێتیه‌كه به‌شداری ده‌كه‌ن، به‌ڕازیلی میواندار له گڕوپی یه‌كه‌م ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌كانی بۆلیڤیاو ڤه‌نزوێلاو پیرۆ ده‌بێته‌وه، قه‌ته‌ری پاڵه‌وانی ئاسیاش وه‌ك میوان به‌شدار ده‌بێت و له گڕوپی دووه‌م شان به شانی هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌رژه‌نتین و كۆلۆمبیاو پاراگوای یاری ده‌كات
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.