لهراگهیاندراوێكدا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه ، كه‌ئه‌مرۆ دووشه‌ممه 10 ى 6 ى 2019 بەئاماده‌بوونی بریكاری وه‌زاره‌ت و نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌ی باڵای بۆردی چاكسازی به‌ڕێوه‌چوو
وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ده‌شڵێت له دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه پێشوازی له به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌مریكا كرد.
راشیدهگهیهنن گفتۆگیان له‌سه‌ر دواین رووداو و پێشهاته‌كانی ئێستای عێراق و ناوچه‌كه كرد و، هه‌ڵوێست و تێڕوانینه‌كانی ئه‌مریكا و زیاتربوونی جموجوڵه‌كانی چه‌كدارانی داعش و كێشه‌و گیروگرفته‌كانی ناوخۆی عێراق و ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیان تاوتوێكرد.
هه‌روه‌ها لهبهشێكى دیكه‌ى راگه‌یاندراوه‌كه‌ى پێشمه‌رگه‌دا هاتووه كه له‌كۆبوونه‌وه‌كه به ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، تاوتوێی پرۆسه‌ی چاكسازی، له‌گه‌ڵ بۆردی چاكسازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا
وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت كه له ده‌ستپێكی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه سوپاسی وڵاتانی هاوپه‌یمانی كرد بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامیان له پرۆسه‌ی چاكسازیی ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و ئاماده‌یی خۆیشی نیشاندا بۆ پشتگیری ته‌واو له هه‌نگاو و قۆناغه‌كانی داهاتوی ئه‌و پرۆسه‌یه.
راشیدهگهیهنن كه‌دواتر لیوا دلێر میران به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ، پوخته‌یه‌كی له‌سه‌ر دوایین هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی بۆردی چاكسازی پێشكه‌ش كرد ، كه له ماوه‌كانی رابردووش له كۆنفرانسی چاكسازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه خرابوونه‌ڕوو. هه‌روها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد ، كه تا ئێستا له كۆی 35 پرۆژه‌ی بڕیار له‌سه‌ردراوی چاكسازی 6 پرۆژه كۆتاییان پێهاتووه ، پرۆژه‌ی به ئه‌لیكترۆنی كردنی موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ش چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
دواتر لیوا به‌ختیار بابان راوێژكاری وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه و ئه‌ندامی بۆردی چاكسازی ، بنه‌ماكانی بۆردی چاكسازی و هه‌نگاو و هه‌روها له‌مپه‌ره‌كان و رێگاچارهكانیشی خسته به‌رباس.
لهكۆتادا رایده‌گه‌یه‌نن ، دوای ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری هاوپه‌یمانان بۆچوون و تێڕوانینی خۆیان خسته‌ڕوو ، ئه‌مجا به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌مریكا ، ستایشی ئه‌و هه‌وڵ و هه‌نگاوانه‌ی كرد‌و هیواشی خواست هیچ ته‌گه‌ره‌یه‌ك نه‌یه‌ته پێشه‌وه له به‌رده‌وامیدان و به ئه‌نجام گه‌یشتنی ئه‌م پرۆسه‌یه. ئاماده‌بوانیشی دڵنیاكرده‌وه كه له رێگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆیانه‌وه ئه‌و هه‌نگاوه ستراتیژیانه ده‌گه‌یه‌ننه به‌رپرسانی په‌یوه‌ندیدار له حكومه‌تی ئه‌مریكا و هه‌وڵی پته‌وتركردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ده‌ده‌ن بۆ پاڵپشتی و پشتگیركردنی ته‌واوی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌اره‌تی پێشمه‌رگه.
دارشتنهوهى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.