باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق، پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی کرد بەبۆنەی بە فەرمی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئێوارەی ئەمرۆ شەممە 15-6-2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا، کە کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەبوو، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و دوا پەرەسەندن و پێشهاتەکانی دەڤەرەکە بەشێوەیەکی گشتی تاوتوێ کران.
مەسرور بارزانی وێڕای پیرۆزبایی دەست بەکاربوون لە باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و سەقامگیری و ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی دەڤەرەکە بڕوای بە رێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ هەیە.
هەر لەو دیدارەدا تیشکخرایە سەر پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی نۆیەم، لەوبارەوە مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە هەنگاوەکان دەستیان پێکردووە و لە وادەی دیاریکراودا پێکھاتەی کابینە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق، پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی کرد بەبۆنەی بە فەرمی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و بەرنامەی کابینەی داهاتوو بۆ خواست، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان نیشاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.