لهمهكۆی گۆڕان له شاری سلێمانى، مهسرور بارزانى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابینهى نوێی حكومهتى ههرێمی كوردستان لهگهڵ شاندی بزووتنهوهى گۆڕان بهسهرۆكایهتى جهلال جهوههر و مستهفای سهید قادر كۆبووهوه.
سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەو هەستەی لە سەرجەم ئەو لایەنانە بینیوە کە ئەمڕۆ دوشەممە لەگەڵیان کۆبووەتەوە، کە بەرپرسیارن بەوەی حکوومەت زوو پێک بێت.
پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامهوانیدا، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: سوپاسی هەڵوێستی گۆڕان دەکەین کە لەم ماوەیەدا پێکەوە بووین، ئێمە هیوادارین پێش پشووی پەرلەمان پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت تەواو بکەین، چاوەڕێی لایەنەکانین و دڵنیام برادەرانی گۆڕان دەتوانن پێش ئەو وادەیە سیڤیی هەڤاڵانی خۆیان بۆ وەزارەتەکان ئامادە بکەن.
لەبارەی هەڵوێستی لایەنەکانیش لەسەر پێکهێنانی حکوومەت، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: من زۆر دڵم فراوانە و خۆشحاڵم کە لە هەموو دیدارەکان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان، ئەو هەستەم بینی کە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارن بەرامبەر بەوەی کابینەی حکوومەت زوو پێکبێت. هیوادارم لە کاتی خۆیدا حکوومەت پێکبێت.
لاى خۆیەوە، جەلال جەوهەر ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان و سەرۆکى شاندى دانوستانکارى گۆڕان لەبارەى كۆبوونهوهكه رایگەیاند؛ رێککەوتنمان هەیە لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان و پابەندین بەو رێککەوتنە، ئەمڕۆش بەڵێنمان دا کە تا بۆمان بکرێت لە کاتى دیاریکراوى خۆیدا کاندیدەکانمان پێشکەش بکەین.
ئەمڕۆ دووشهممه شاندی دانوستانکاری پارتی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم سەردانی سلێمانی کرد، سەرەتا لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوەوە و دواتر لەگەڵ حیزبی سۆسیالیست گفتوگۆیان کرد، شاندەکەی پارتی بۆ گفتوگۆ و وەرگرتنی سیڤی کاندیدەکان سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.