Erbil 38°C چوارشەممە 26 ئاب 23:22

هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بازاڕی خانووبەرەی بەرزکردۆته‌وه‌

جوڵەی خستۆتە بازاڕ
کوردستان TV
100%


هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان جوڵەی خستووەتە بازاڕ، یەکێک لەو کەرتانەی کە بەزووترین کات ڕەنگدانەوەی لەسەر دەرکەوت کەرتی خانووبەرەیە، بەجۆرێک وەک فرۆشیاران دەڵین بازاڕیان لەسەدا 30% بوژاوەتەوە و نرخی زەوی نزیکەی 2 هەزار و 500 دۆلار بەرزبووەتەوە.

ئارام شێخە، خاوەن نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو زەوی بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: هەمیشە بازاڕی ئێمە بەندە بە دۆخی سیاسی و حکومەت. هەر کاتێک دۆخی سیاسی ئارام بێت ئەوا بازاڕ جوڵەی تێدەکەوێت.
ئارام شێخە، دەشڵێت:" هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بازاڕی ئێمەی لەسەدا 30% جوڵاند نرخی خانوو زەویشی بەرزکردەووە، بەجۆرێک پارچە زەوییەکی 100 مەتری لە هەندێک شوێن لە هەولێر لە 30 هەزار دۆلار بۆ 32 هەزار و 500 تاوەکو 40 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە. 

جەمال خالید خۆشناو، خاوەنی نووسینگەی خۆشناو، بۆ کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: باش بوونی دۆخی سیاسی و حکومی کوردستان، نرخی بەرز کردووەتەوە و بازاڕی باش کردووە، بە ڕێژەیەکی گشتی نزیکەی 25% بۆ 30%ی نرخ بەرەو سەروو رۆیشتووە، سەرباری ئەوەش شوێن هەیە، لە 10 هەزار دۆلارەوە بۆ 20 هەزار دۆلار نرخی بەرز بووەتەوە، واتا 100%، بەڵام بەگشتی وا نییە، چونکە شوێنیش هەیە نرخی نەگۆڕاوە: ”لە شوێنە راقی و گرانبەهاکان، نرخەکە ئەوەندە نەگۆڕاوە و بەسەر نەکەوتووە، ئەوانەی نرخیان لە سنووری 5 بۆ 6 دەفتەرە، نرخیان بەرز بووەتەوە و جووڵە کەوتووەتە بازاڕیان، بەڵام ئەوانەی نرخیان لە 12 بۆ 13 دەفتەرە نرخیان زۆر بەرز نەبووەتەوە و لەوانەیە 50 وەرەقە کەوتبێتە سەر نرخیان، بەڵام وردەکان نرخیان بەرز بووەتەوە، ئەوەی بە 2 دەفتەرە بووەتە سێ بۆ سێ و نیو، ئەوەی بە دەفتەرێک بووە، بووەتە 2 دەفتەر یان 2 دەفتەر و 20 وەرەقە، بۆیە 25%ی نرخ بە گشتی لە هەولێر بەرز بووەتەوە.

جەمال خالید، دەشڵێت:" لە ماوەی رابردوودا، کە پاشەکەوتی مووچە لابرا و بارودۆخی سیاسی باش بوو، مامەڵەی خانوو و زەوی، لە ساڵی 2013ی پێش قەیرانی دارایی باشتر بووبوو، لە جووڵە، پارە و رێژەی ئیش و بازاڕ تەواو گۆڕانکاریی بەسەردا هاتبوو، پێشبینیی ئەوە دەکەین، هیچی دیکە زەوی رەزیل نەبێتەوە بەڵام لەبارەی نرخەوە نازانین، بۆ نموونە لە هەندێک شوێنی باغەمرەی هەولێر، نرخی زەوی گەیشتبووە 90 وەرەقە، ئێستا بووەتە 260 وەرەقە.

خاوەن نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانوو زەوی چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکەن تاوەکو جمووجۆڵی بازاڕیان گەرمتر بێت. چونکە وەک ئەوان پێشبینی بۆ دەکەن پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت نرخی خانوو زەوی بەرزتر دەکاتەوە.

نەبیل ئەحمەد، کە زیاتر لە 20 ساڵە نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانووزەوی هەیە بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: هەمووان چاوەڕێی باش بوونی پەیوەندی سیاسی ناوخۆین، چونکە چەندە دۆخی سیاسی باش بێت ئەوا بازاڕی ئێمەش خۆشتر دەبێت.

نەبیل، دەشڵێت:" ئێستا بەراورد بە مانگی پێشوو ڕۆژانە نزیکەی 7 گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی دەکەین. بەڵام ئەگەر بێت و حکومەت پێک بێت ئەوا ئەو 7 گرێبەستە بۆ 17 گرێبەست و زیاتریش بەرزدەبێتەوە.

سالار جەلیل، ماوەی سێ مانگە، خانوویەکی لە کۆمەڵگەی لاوانی شاری هەولێر کڕیووە، ئەوکاتەی خانووەکەی کڕی هێشتا پاشەکەوتی مووچە لانەبرابوو، هەولێر و بەغداش رێک نەکەوتبوون، باس لەوە دەکات، کە ئەو بە 54 هەزار دۆلار (5 دەفتەر و 40 وەرەقە) خانووەکەی کڕیووە، بەڵام ئەم مانگە لەگەڵ باش بوونی دۆخی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، نزیکەی 4 بۆ 5 هەزار دۆلاریان قازانج داوەتێ.
سالار دەشڵێت:" ئەگەرچی من بۆ فرۆشتنەوەم نییە، بەڵام هەموو خانووەکان، نرخیان بەرز بووەتەوە، بەگوێرەی قسەی دەڵاڵەکانیش بێت، ماوەیەکی دیکە 10 هەزار دۆلاریان دێتە سەر، چونکە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەت، نرخی خانوو بەگشتی بەرز دەبێتەوە.

هەڵات ڕێبوار، ئابووریناس بۆ کوردستان تیڤی ئەوە روون دەکاتەوە کە بوژانەوەی هەر کەرتێکی ئابووری، پەیوەستە بە چەند لایەنێکەوە، گرنگترینیان لایەنی سیاسیی ئەو وڵاتەیە کە کاریگەریی لەسەر تێکڕای لایەنەکاندا هەیە، بەتایبەت ئابووری. لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ نزیکبوونەوەی لایەنەکان، کەرتی ئابوورییش جووڵەی تێکەوتووە، سەرەڕای ئەوەش نەمانی پاشەکەوت، گۆڕانکاریی دروست کردووە، ئەمەش وای کردووە دووبارە متمانە دروست بێتەوە و چالاکییەک بکەوێتە بازاڕەوە، چونکە بە قسەی ئەو، رەنگە کەسانێک هەبووبن، کاتی خۆی سەرمایەشیان لا بووە، بەڵام بەهۆی ترس لە بارودۆخی ئابووری و سیاسییەوە، نەیانتوانیوە وەبەرهێنان بکەن، بەتایبەت کەرتی خانووبەرە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.