رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، بەرپرسیارێتی گیان لەدەستدانی سەرۆكی پێشووی میسر لەزینداندا، دەخاتە ئەستۆی حكومەتەكەی عەبدولفەتاح سیسی، نەتەوە یەكگرتووەكانیش داوای لێكۆڵینەوەی بێ لایەن و ورد لە هۆكاری گیان لەدەستدانی محەمەد مورسی دەكات .
لەراگەیەندراوێكدا، رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، رایگەیاند، محەمەد مورسی، یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی میسر بووە، لە پڕۆسەیەكی دیموكراسیدا، ماوەی شەش ساڵە بەشێوەیەكی ناداپەروەرانە لە زینداندایە.
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، حكومەتی ئێستای میسری، تۆمەتباركردووە بەوەی چاودێریی تەندروستیی پێویستیان بۆ دابیننەكردووە و مافی زیندانیكراوی تەواویشی پێنەدراوە.
هاوكات، نوسینگەی مافی مرۆڤی سەر بەرێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان، داوادەكات، لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ و ورد بكرێت لەهۆكاری گیان لەدەستدانی سەرۆكی پێشووی میسر لەزینداندا.
داواشی كردوە، لێكۆڵینەوەكان چارەسەری پزیشكی و سەرجەم بوارەكان لەخۆ بگرێت، لەماوەی شەش ساڵی رابردووی زیندانیكردنی مورسیدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.