عه‌میدی مافناس (فه‌ره‌یدون عومه‌ر) به‌ڕێوه‌به‌ری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ڕایده‌گه‌ێنێت ، "مه‌رج نییه هه‌موو سزایه‌كی شۆفێران ماددیی بێت، بۆنمونه شۆفێرێك كه سه‌رپێچییه‌كی قورس ده‌كات ده‌كرێت بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی لێوه‌ربگیرێت و بۆی نه‌بێت ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به‌كاربهێنێت، ئه‌گه‌ر سه‌رپێچییه‌كه‌ی دووباره كرده‌وه سزای توندتر بدرێت، یاخود (خاڵ) له‌سه‌ر مۆڵه‌تی شۆفێرییه‌كه‌ی دابنرێت".
وتیشی:"پێویسته له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی شۆفێران وه‌ك ڕسومات ده‌یده‌نه هاتووچۆكانی هه‌رێم ژینگه‌یه‌كی گونجاو و ڕێگه‌یه‌كی سه‌لامه‌تیان هه‌بێت، چونكه پێشتر نه‌خۆشخانه‌ی هیوا به‌فه‌رمی داوایان له‌ئێمه كرد كه ڕێگه له پیسبوونی زیاتری ژینگه به‌هۆی ئۆتۆمبێله‌وه بگیرێت".
له‌باره‌ی هه‌ڵمه‌تی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ماتۆرسكیله نایاساییه‌كان كه هه‌ڵمه‌ته‌كه له‌لایه‌ن هاتووچۆوه به‌ڕێوه‌ده‌برێت به‌ڕێوه‌به‌ری هاتووچۆی سلێمانی وتی:"ئه‌م هه‌ڵمه‌ته چڕتركردنه‌وه‌ی ڕێكاره‌كانی پێشووی هاتووچۆی سلێمانییه، به‌فه‌رمیش داوام له وه‌زاره‌تی ناوخۆ كردووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ماتۆرسكیله‌كان تابلۆیان بدرێتێ، به‌ڵام تا ئێستا وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕه‌زامه‌ندی نه‌داوه له‌پێدانی تابلۆ به ماتۆرسكیله‌كان، چونكه وه‌زاره‌ت پێیوایه ئه‌وه ده‌بێته هۆكارێك بۆ زیادبونی ماتۆرسكیل له‌هه‌رێمی كوردستان".
وتیشی:"پێشتر ئه‌فسه‌رانی هاتووچۆ هاوكاریی شۆفێری ئه‌و ماتۆرسكیلانه‌یان ده‌كرد كه كار‌و كاسپییه‌كه‌یان له‌سه‌ر ماتۆره‌كانیان بوو، به‌ڵام ئه‌و هاوكارییه به خراپی له‌لایه‌ن ئه‌و شۆفێرانه‌وه قۆسترایه‌وه".
دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.