هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رژه‌نتین جارێكی دیكه نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێ و له گه‌ڕی دووه‌می قۆناغی یه‌كه‌می پاڵه‌وانێتی كۆپا ئه‌مه‌ریكا بۆ تۆپی پێ كه به‌ڕازیل میوانداری كردووه‌و له‌میانی ڕكابه‌ریه‌كانی گڕوپی دووه‌مدا، به گۆڵێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی پاراگوای یه‌كسان بوو
یاریه‌كه له یاریگای جۆڤێرنادۆر ماگالێس له شاری بیلۆهۆریزۆنتی به‌ڕێوه‌چوو، له گێمی یه‌كه‌مدا، پاراگوای به گۆڵێك پێشكه‌وت، گۆڵه‌كه‌ش یاریزان ڕیتچارد سانچێز له خوله‌كی سیی و حه‌وت تۆماری كرد، له گێمی دووه‌میشدا، یاریزانانی ئه‌رژه‌نتین هه‌وڵی یه‌كسان كردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی یاریانداو چه‌ندین هێرشیان كرده سه‌ر گۆڵی پاراگوای تا یه‌كێك له هێرشه‌كان لێدانێكی سزای لێكه‌وته‌وه‌و له جێبه‌جێكردنیدا لیۆنێل مێسی ئه‌ستێره‌ی ئه‌رژه‌نتین گۆڵی به‌رامبه‌ری تیپه‌كه‌ی له خوله‌كی په‌نجاوحه‌وت به‌ده‌ستهێنا، پاشان ناوبژیوان لێدانێكی سزای دیكه‌ی له یاریه‌كه بۆ هه‌ڵبژارده‌ی پاراگوای هه‌ژماركرد، به‌ڵام یاریزان دێرلیس گۆنزالێس له جێبه‌جێكردنی لێدانه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو و نه‌یتوانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی پێشبخات
به‌م ئه‌نجامه‌ش كۆی خاڵه‌كانی پاراگوای له پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی گڕوپه‌كه بۆ دوو خاڵ به‌رزبووه‌وه‌و ئه‌رژه‌نتینیش بووه خاوه‌نی خاڵێك و له دوایین خانه‌ی ڕیزبه‌ندی گڕوپه‌كه دێت و ئومێدێكی كه‌می هه‌یه بۆ گه‌یشتن بۆ قۆناغی داهاتوو
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.