Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 18:58

 "باوک" له‌چه‌ند پانتاییه‌کی تردا

خوێندنه‌وه‌ی جیاواز و ئاماژه‌ی ته‌باو ناته‌بای لێده‌خوێندرێته‌وه‌
کوردستان TV
100%

ن/ حه‌مه‌سوار عه‌زیز

رووبه‌ری یه‌كه‌م:

گومان و ھه‌ڕه‌می په‌یوه‌ندییه‌كان:

ووردبوونه‌وه‌ له‌ تێكستێكی گرنگی وه‌ك "باوك"ی سترندبێرگ كارێكی یه‌كجار ئالۆزه‌و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز و ئاماژه‌ی ته‌باو ناته‌بای لێده‌خوێندرێته‌وه‌، كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م تێكسته‌ له‌ رواله‌ت كاره‌كته‌ری ئاسایی و نۆرماڵن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی بچینه‌ نێو ئه‌ودیو فۆرمه‌ بینراوه‌كان، ده‌بینین ھه‌تا بڵێی كاره‌كته‌ری سه‌خت و ئاڵۆزن و تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌یان ئه‌سته‌م و دژواره‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر له‌ ره‌ھه‌نده‌ ھزری و سایكۆلۆژییه‌كان لێكیانبده‌ینه‌وه‌، ھه‌ڵوه‌سته‌ی جیددی گه‌ره‌كه‌و ده‌بێ خۆمان له‌و فۆرمه‌ خه‌ڵه‌تێنه‌ره‌ ده‌رباز بكه‌ین كه‌ سیمای كاره‌كته‌ره‌كانی داپۆشیووه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ له‌م تێكسته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ھیچ پێشه‌كی و ده‌روازه‌یه‌كی نییه‌ بۆ چوونه‌ ژووره‌وه‌، بینه‌ر له‌یه‌كه‌م دیمه‌ندا به‌ر كڕۆكی تێكسته‌كه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ ھاوكێشه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ژن و پیاوه‌، نوسه‌ر زۆر زیره‌كانه‌ ھه‌ڕه‌می ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی داڕشتووه‌، گومان له‌م تێكسته‌ ده‌بێته‌ بنه‌مای سه‌ره‌كی داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌م ھاوكێشه‌ سه‌خت و ئه‌زه‌ڵییه‌، له‌م نمایشه‌ سه‌ره‌تا پیاو سوود له‌و گومانه‌ ده‌بینێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ به‌رپرسیارێتی ببوورێت و ژن به‌ته‌نیا به‌رامبه‌ر به‌ لێكه‌وته‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان ژن و پیاو به‌جێبێلێت، ئه‌وه‌تا له‌ یه‌كه‌م دیمه‌ندا (نۆید_كاروان عه‌لی) بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ده‌رباز بكات له‌ ھه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی كاره‌كه‌ره‌كه‌و مناڵه‌كه‌ی ، گومان دروست ده‌كات له‌ باوكایه‌تی ئه‌و مناڵه‌، به‌مشێوه‌یه‌ش ھه‌م قه‌شه‌ (دلشاد ئه‌حمه‌د_ئامانج ئیبراهیم) و ھه‌میش كاپتن ناچار ده‌كات كه‌ فشاری زیاتری له‌سه‌ر نه‌كه‌ن و ئۆباڵی سكپڕی كاره‌كه‌ره‌كه‌ی نه‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی، ئه‌م گومانكردنه‌ دواتر ده‌په‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو پانتاییه‌كی گه‌وه‌رتر له‌نێو نمایشدا، كاتێ (لاورا_خه‌رمان ھیرانی) به‌كاری ده‌بات بۆ ئه‌وه‌ی ھه‌ڕه‌می په‌یوه‌ندی نێوان خۆی و كاپتن به‌شێوه‌یه‌كی ترو به‌ ھاوسه‌نگییه‌كی تر دابڕێژێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی كاتێ لاورا ده‌بینێت (كاپتن_شه‌ماڵ عه‌به‌ڕه‌ش) پێداگری ده‌كات كه‌ (بێرتا_دییه‌ عه‌لی) له‌ ماڵه‌كه‌ دووربخاته‌وه‌و بیباته‌ شوینێكی تر بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژێر سێبه‌رو تارمایی ژنه‌كانی ماڵه‌كه‌ ده‌ربازی بكات، بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ھه‌مان ئه‌و چه‌كه‌ به‌كارببات كه‌ نۆید به‌كاری ھێناوه‌، ئه‌ویش چه‌كی گومانه‌، واته‌ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ پیاو به‌ ھه‌مان ئه‌و چه‌كه‌ی كه‌ پیاو ھه‌میشه‌ دژی ژن به‌كاری ده‌بات، ئه‌گه‌ر ووردبینه‌وه‌ ده‌بینین پێش به‌كاربردنی ئه‌م چه‌كه‌ له‌لایه‌ن لاوراوه‌ ھه‌موو جومگه‌كان به‌ده‌ستی كاپتنه‌وه‌ن، پیاو لێره‌ پشتئه‌ستور به‌ سێ ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت ئیڕاده‌ی خۆی فه‌رز بكات، ئه‌م سێ ده‌سه‌ڵاته‌ش له‌ كاره‌كته‌ری كاپتن كۆبۆته‌وه‌، یه‌كه‌میان ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی كه‌ نماینده‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت ده‌كات، دووه‌میان ده‌سه‌ڵاتی زانستی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاپتن زانایه‌كی گه‌ردوونناسییه‌، سێیه‌میان ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالارییه‌ كه‌ كاپتن پێیوایه‌ باوك تاكه‌ كه‌سه‌ كه‌ مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی مناڵه‌كانی ھه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌رجییان دابین ده‌كات، ئه‌گه‌ر له‌ ره‌ھه‌ندی تره‌وه‌ سه‌یری ئه‌م ململانێیه‌ بكه‌ین، ده‌كرێت جگه‌ له‌ لێكدانه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌، ئه‌م تێكسته‌ له‌رووی سیاسی و ئایینیش بخوێندرێته‌وه‌، له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ ھه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵات به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ھێزی ھه‌یه‌، مافی بڕیاردان بۆخی قۆرغ ده‌كات و میلله‌ت ته‌نھا بۆی ھه‌یه‌ ملكه‌چی بڕیاره‌كان بێت، له‌ڕووی ئاینییه‌وه‌ ھه‌میشه‌ پیاو ده‌سه‌ڵاتی زیاتری به‌ركه‌وتووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌رجی له‌سه‌رشانه‌و ماڵ به‌خێو ده‌كات، ھه‌ربۆیه‌ زیاده‌ڕۆیی كاپتن ئه‌وه‌نده‌ تێپه‌ڕیووه‌ كه‌ پێیوایه‌ ژن ھیچ مافێكی به‌سه‌ر مناڵه‌وه‌ نییه‌و ئه‌و ته‌نھا ئه‌وه‌نده‌ی له‌ ئه‌ستۆیه‌ مناڵه‌كه‌ به‌رھه‌مبێنێت و دواتر به‌ھۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پیاوێك خۆی و مناڵه‌كه‌ به‌خێو ده‌كات، ئه‌م به‌خێوكردنه‌ ده‌بێته‌ ئه‌و نرخه‌ی كه‌ ژن وه‌ریگرتووه‌و له‌به‌رامبه‌ردا مناڵه‌كه‌ی به‌ پیاوه‌كه‌ فرۆشتووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ھه‌ندێكاتتدا ژن به‌ ئاژه‌ڵ ده‌چوێنێت.

پاساوێكی تری كاپتن بۆ ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و وه‌ك سه‌ربازێك ھه‌میشه‌ وڵات ده‌پارێزێت و بۆیه‌ مافی ھه‌یه‌ بڕیاره‌كان به‌ده‌ستی ئه‌وه‌وه‌ بن، بێگومان ئه‌وه‌ش ره‌ھه‌ندی سیاسی ئه‌م تێكسته‌ قوڵتر ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌تا له‌ دیمه‌نی كۆتایی داوا ده‌كات مارگرێت شاڵه‌كه‌ی لاورای له‌سه‌ر لاببات ھه‌رچه‌نده‌ ھه‌ست به‌ نه‌رمییه‌كه‌ی ده‌كات، ده‌یه‌وێت مارگرێت به‌ زرێ سه‌ربازییه‌كه‌ی دایپۆشێت و كه‌ به پێستی شێر ناوی ده‌بات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ھێشتا له‌ مه‌یدانی جه‌نگ بێت و بیه‌وێت له‌نێو جه‌نگدا دوایین ھه‌ناسه‌كانی بدات و وه‌ك سه‌ربازێك له‌كاتی به‌رگرییدا بمرێت و شه‌ھید بێت.

ئه‌م جه‌نگه‌ ته‌نھا جیھانبینیه‌كی یه‌كلایه‌نه‌ نییه‌، لاوراش پێیوایه‌ ژیانی ژن و مێردایه‌تی جه‌نگێكی به‌رده‌وامه‌و تیاییدا ھه‌میشه‌ ماف به‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌ھێزی ده‌مێننه‌وه‌، بۆیه‌ پێیوایه‌ ده‌بێ یه‌كێك له‌و دوو لایه‌نه‌ ببه‌زێت تا جه‌نگ كۆتایی بێت.

ئه‌م زیاده‌ڕۆییه‌ی كاپتن له‌ په‌راوێزخستنی ژن و بێبه‌ریكردنی له‌ھه‌موو مافێكی به‌خێوكردنی مناڵ، جارێكی تر ده‌مانباته‌وه‌ بۆ ئه‌و چیڕۆك و ئه‌فسانه‌ كۆنانه‌ی كه‌ باس له‌ موڵكدارێتی ده‌كه‌ن، ھه‌میشه‌ش ئه‌و بابه‌ته‌ پانتاییه‌كی زۆری له‌ فه‌رھه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی جیھان داگیركردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا جیاوازه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سترندبێرگ ئه‌م پرسه‌ ناخاته‌ نێو ھاوكێشه‌یه‌كی لۆژیكی و له‌رێگه‌ی لۆژیكه‌وه‌ شڕۆڤه‌ی ناكات وه‌ك ئه‌وه‌ی لای برێخت ھاتووه‌، سترندبێرگ ھه‌وڵده‌دات له‌ رێگه‌ی گومانه‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئالۆزه‌ی نێوان ژن و پیاو دابڕێژیته‌وه‌، گومانیش ئه‌و چه‌مكه‌ فه‌لسه‌فیه‌ دێكارتییه‌ نییه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌ت، به‌ڵكو لێره‌دا گومان چه‌كێكی كوشنده‌یه‌ بۆ ده‌سته‌مۆكردن و له‌ناوبردنی ئه‌ویتر، ئه‌گه‌ر سه‌یربكه‌ین له‌پێش گومانكردنی كاپتن له‌ باوكایه‌تی بێرتا، ھه‌موو سه‌ره‌داوه‌كان له‌ژێر ده‌ستی خۆیه‌تی و ئه‌و ده‌توانێت حه‌زو ئاره‌زووه‌كانی بكاته‌ واقیع و به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ھه‌ره‌مه‌كه‌ به‌ر ئه‌و كه‌وتووه‌، به‌ڵام دوای به‌رپایوونی ره‌شه‌بای گومان له‌ باوكایه‌تی، حاڵه‌ته‌كه‌ رێك پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌و كاپتن ده‌كه‌وێته‌ ژێری ژێره‌وه‌ی ھه‌ره‌مه‌كه‌و لاورا ده‌بێته‌ ھه‌ڵسوڕێنه‌ری ماڵ و ده‌توانێت ھه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ كاپتن دابماڵێت، ته‌نانه‌ت ھه‌موو ئه‌وانه‌ش بخاته‌ ریزی خۆی كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ واده‌رده‌كه‌وتن كه‌ لایه‌نگری كاپتن بووبن، وه‌ك قه‌شه‌و بێرتاو دایه‌نه‌كه‌.

من لێره‌دا پێموانییه‌ سترندبێرگ ژن وه‌ك ئه‌ھریمه‌ن و پیاویشی وه‌ك فریشته‌ وێناكردبێت، پێشموانییه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بیناكرابێت وه‌ك ده‌ڵێن كه‌ سترندبێرگ رقی له‌ ژن بووه‌، من ده‌توانم بۆ ئه‌وه‌ ھه‌ر له‌نێو تێكسته‌كه‌ خۆی به‌ڵگه‌ی پێویست بێنمه‌وه‌، ژن له‌م تێكسته‌ ئه‌ھریمه‌ن نییه‌و له‌ھه‌ندێ شوێندا قوربانییه‌، ئه‌وه‌تا كاره‌كه‌ره‌كه‌ له‌ دیمه‌نی یه‌كه‌م به‌ته‌نیا به‌رپرسیارێتی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ سێكسییه‌ی نێوان خۆی و نۆید ھه‌ڵده‌گرێت و پیاوه‌كه‌ش به‌ به‌ھانه‌ی گومانی باوكایه‌تی له‌ ھه‌موو به‌رپرسیارێتی داده‌شۆرێت، نمونه‌ی دووه‌م خودی بێرتایه‌ كه‌ ھه‌وڵده‌دات خۆی بێت به‌ڵام ناتوانێت چونكه‌ قوربانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دژواره‌ی نێوان باوك و دایكه‌، نمونه‌ی سێیه‌م كاره‌كته‌ری دایه‌نه‌كه‌یه‌ (مارگرێت_شادان فوئاد) كه‌ سترندبێرگ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر واقیعی دروستیكردووه‌و ئه‌و ھه‌موو سۆزو وه‌فاو ئه‌مه‌كدارییه‌ی پێ به‌خشیووه‌، تاكه‌ كه‌سه‌ كه‌ كاپتن زۆر متمانه‌ی پێی ھه‌یه‌.

له‌ ھه‌مانكاتتدا پیاو له‌م تێكسته‌ فریشته‌ نییه‌، ئه‌وه‌تا قه‌شه‌ چاكده‌زانێت كه‌ لاورا تۆمه‌تی ناڕه‌وا به‌ كاپتن ده‌كات، به‌ڵام ھه‌ر پشتیوانی لێده‌كات، دكتۆر دڵنیایه‌ كه‌ زیاده‌ڕۆیی زۆر ھه‌یه‌ له‌ تۆمه‌ته‌كانی لاورا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لاورا بۆته‌ سه‌نته‌ری بڕیار له‌ ماڵه‌كه‌، بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی، لایه‌نگری لاورا ده‌بێت، نۆید كه‌ ده‌بینێت ئیتر سه‌نته‌ری بڕیار لای لاورایه‌، گوێ به‌ فه‌رمه‌ناكانی كاپتن نادات، خودی كاپتن به‌و لۆژیكه‌ی دڵڕه‌قه‌ی به‌رامبه‌ر دایك كه‌ پێیوایه‌ دایك ھیچ مافێكی به‌سه‌ر مناڵه‌وه‌ نییه‌، به‌ھۆی ئه‌و رقه‌ی كه‌ له‌دایكی خۆی ھه‌ڵیگرتووه‌ كاتێ ویستویه‌تی له‌دایك نه‌بێت تا ئازاری مناڵبوون نه‌چێژێت، بۆیه‌ به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی باوك خه‌رجییه‌كانی مناڵ و ژن ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، ھه‌موو مافێكی موڵكدارێتی دایك بۆ مناڵ ده‌سرٍِێته‌وه‌، ئه‌م ھه‌ڵوێست و پێداگرییه‌ی كاپتن كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاده‌وه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی كاپتن به‌رامبه‌ر به‌ ژن وه‌ك دایك یا دۆست و خێزان، دواتر ده‌بێته‌ فاكته‌رێك كه‌ رق و شه‌ڕانگێزییه‌كانی ناخی ژن كارا بكات و ھه‌وڵبدات ھه‌موو چه‌كێكی شه‌رعی و ناشه‌رعی به‌كارببات بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌و مافه‌ بكات كه‌ سروشت و لۆژیكی پێكه‌وه‌یی و ته‌واوكردنی ئه‌ویتر، پێی به‌خشیووه‌، بۆیه‌ پێچواندنی لاورا له‌م تێكسته‌ به‌ لێدی ماكبێس له‌ شوێنی خۆی نییه‌، چونكه‌ لێدی ماكبێس به‌ سروشتی خۆی ژنێكی ده‌سه‌ڵاتخوازو پاوانخوازه‌و ته‌نھا ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵات ده‌سته‌مۆ بكات، به‌ڵام لاورا ناچاركراوه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات بخوازێت تا بتوانێت مافی دایكایه‌تی خۆی بپارێزێت و ھاوبه‌ش بێت له‌ بڕیاردان له‌ چاره‌نووسی مناڵه‌كه‌ی، بۆیه‌ ھه‌رچه‌نده‌ له‌ دیمه‌نی كۆتایی نمایشه‌كه‌ له‌ دیالۆگێكدا قه‌شه‌ی برای لاورا به‌ لێدی ماكبێسی ده‌چوێنێت، به‌ڵام من پێموایه‌ پاڵنه‌ری ھه‌ردوو كاره‌كته‌ره‌كه‌و ئامانجیان له‌ ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵات جیاوازه‌و له‌ یه‌كتری ناچن، ھه‌رچه‌نده‌ ھه‌ردووكیان بۆ ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵات ماكیاڤیڵییانه‌ ره‌فتار ده‌كه‌ن و ھه‌موو فاكته‌رێك حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن.

كێشه‌ی كاپتن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناتوانێت وێنه‌ تاڵه‌كانی رابردوو بسڕێته‌وه‌، ئه‌و به‌ھۆی یاده‌وه‌رییه‌كانی ناتوانێت به‌ گومان نه‌بێت له‌ ژن، بۆیه‌ په‌نابردنی لاورا بۆ دروستكردنی گومان پێویستی به‌ ھه‌وڵێكی زۆر نییه‌، لاورا به‌ته‌واوی له‌ كاره‌كته‌ری كاپتن گه‌یشتووه‌، ده‌زانێت ته‌نھا چه‌ند رسته‌یه‌ك به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاپتن بخاته‌ نێو گێژاوێكی سه‌خته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاپتن كه‌سێكه‌ ھه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌ له‌ رابردوو رزگاری ببێت و ھه‌میشه‌ وێنه‌كانی رابردوو ده‌سته‌مۆی ده‌كه‌ن، له‌ دیمه‌نی كۆتایی نمایشه‌كه‌ مارگرێت زۆر به‌ ئاسانی به‌ زیندووكردنه‌وه‌ی چه‌ند گرته‌یه‌كی رابردوو ده‌توانێت فریوی بدات و كراسه‌كه‌ی شێتبوون بخاته‌ به‌ری.

له‌زورێك له‌ تێكسته‌ شانۆییه‌كانی كلاسیك گومان پانتایی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام له‌م تێكسته‌ به‌كاربردنی گومان ته‌واو جیاوازه‌، لێره‌ گومان رێگایه‌ك و فاكته‌رێك نییه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌ت، له‌ ھه‌مانكاتتدا فاكته‌رێك نییه‌ بۆ دروستكردنی ئاژاوه‌یه‌كی خێزانی یا كۆمه‌ڵایبه‌تی، لێره‌ گومان چه‌كی له‌ناوبردن و روخاندنی ئه‌ویتره‌، گومان ئه‌و په‌یژه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت ھه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵات ئاوه‌ژوو بكاته‌وه‌.

ktv

رووبه‌ری دووه‌م:

ململانێی به‌ھا درامییه‌كان:

دوای بینینی دیمه‌نی كۆتایی ئه‌م شانۆییه‌، پرسیارێكی گرنگ یه‌خه‌مان ده‌گرێت و پێویست ده‌كات ھه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، ئایا نمایشه‌كه‌ له‌ كوێ كۆتایی ھات، ئه‌وه‌ی روویدا بردنه‌وه‌ی لاورا بوو یا دۆڕاندنی كاپتن، ئایا به‌ھای درامی سه‌رده‌ست له‌م نمایشه‌ سه‌ركه‌وتنی لاورایه‌ یا شكست و تێكشكانی كاپتن، وه‌ ئایا سه‌ركه‌وتنی لاورا یه‌كسانه‌ به‌ شكستی كاپتن یا پێچه‌وانه‌كه‌ی؟

ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ شریتی نمایشه‌كه‌، ده‌بینین دوای دیمه‌نی چاندنی گومان له‌ ناخی كاپتن، ھه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ لاورا ده‌توانێت ئه‌و یارییه‌ بباته‌وه‌و كاپتن ناچار بكات بكه‌وێته‌ سه‌رچۆك، له‌ دیمه‌نه‌كانی دواتریش به‌شێوه‌یه‌كی كرداری ئه‌مه‌ رووده‌دات و كاپتن دان به‌ شكسته‌كه‌ی ده‌نێت و خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات (ھه‌رچه‌نده‌ وانیشانده‌دات كه‌ خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نادات)، ھه‌موو خوڵیاكانی كاپتن له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ گیر ده‌خوات، ئاخۆ بێرتا كچیه‌تی یان نا، ئه‌م فۆرمه‌ زاڵه‌ له‌ ڕواڵه‌تتدا وانیشانده‌دات كه‌ به‌ھای درامی زاڵ له‌م نمایشه‌، رووی له‌و رووبه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی لاورا و شكست و كۆتایی ھاتنی كاپتن ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام بوونی دیمه‌نی كۆتایی له‌و نمایشه‌، گوتارێكی جیاوازی درامی به‌رھه‌مدێنێت كه‌ ھه‌موو ئه‌و خه‌یاڵكردنه‌ به‌تاَلده‌كاته‌وه‌و ھاوكێشه‌ی به‌ھا درامییه‌كان ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه‌، له‌ كاتێكدا له‌ دیمه‌نه‌كانی پێشووتر سه‌ركه‌وتنی لاورا وه‌ك به‌ھای درامی سه‌رده‌ست و زاڵ ده‌رده‌كه‌وێت، شكستی كاپتنیش وه‌ك به‌ھای درامی بنده‌ست و كه‌توو، به‌ڵام له‌ دیمه‌نی كۆتاییدا ئه‌وه‌ی رووده‌دات ته‌واو جیاوازه‌ له‌م ھاوكێشه‌یه‌، ئه‌و به‌ھا درامییه‌ی كه‌ كه‌ له‌ ڕواڵه‌تتدا سه‌رده‌ست و زاڵ بوو، به‌ ته‌واوی كپ و مات ده‌بێت، جۆرێكی تر له‌ به‌ھای درامی ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێته‌ به‌ھای درامی سه‌رده‌ست، ئه‌ویش گوتاری داماڵین و پاكبوونه‌وه‌یه‌، ده‌بینین له‌و دیمه‌نه‌ ئیتر ھیچ جۆره‌ ململانێیه‌ك له‌نێوان باوك و دایك، پیاو و ژن نه‌ماوه‌، چونكه‌ ئیتر باوك به‌و قه‌ناعه‌ته‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ پیاوان مناڵیان نییه‌، ئه‌وه‌ ژنانن كه‌ مناڵیان ھه‌یه‌، له‌م دیمه‌نه‌ كاپتن له‌ ھه‌موو رق و گومانه‌كانی پاكده‌بێته‌وه‌و حه‌زده‌كات له‌سه‌ر سنگی ژنێك بخه‌وێت، جا گرنگ نییه‌ ئه‌م ژنه‌ دایك بێت یا خێزان، بۆیه‌ به‌ھای درامی سه‌رده‌ست و زاڵ له‌م دیمه‌نه‌ پاكبوونه‌وه‌ی كاپتنه‌ كه‌ واده‌كات ئه‌م پاكبوونه‌وه‌یه‌ بۆ ئێمه‌ی بینه‌ریش ببێته‌ پاكبوونه‌وه‌یه‌كی سایكۆلۆژی و تیاییدا ھه‌موو ھزرو لێكدانه‌وه‌كانی پێشوترمان به‌تاڵبكه‌ینه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی سۆزو ھه‌سته‌ دژواره‌كانه‌وه‌، لێره‌دا به‌ھای درامی سه‌رده‌ست سه‌ركه‌وتنی لاورا و شكستی كاپتن نییه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌م دیمه‌نه‌ لاورا وه‌ك شكستخواردو و كاپتن وه‌ك جه‌نگاوه‌رێكی به‌ شه‌ڕه‌ف ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌ زرێی جه‌نگه‌وه‌ ده‌مرێت، به‌ڵام گوتاری زاڵ له‌م دیمه‌نه‌ پاكبوونه‌وه‌یه‌، پاكبوونه‌وه‌ی بینه‌ر پێش كاره‌كته‌ر، چونكه‌ من دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌م شانۆییه‌ به‌م دیمه‌نه‌ كۆتایی نه‌یه‌ت، ھه‌موو پیاوه‌كان به‌ بارێ گومانه‌وه‌ ھۆڵه‌كانیان جێده‌ھێشت و پرسیاره‌كانی كاپتن ده‌بوو به‌ پرسیاری ئه‌وان، به‌ڵام سترندبێرگ ھه‌ر له‌نێو فه‌زای تێكسته‌كه‌و دواتریش سدیق عه‌زیز وه‌ك ده‌رھێنه‌ر، له‌دیمه‌نێكدا كه‌ تیاییدا ھه‌موو بونیاده‌كانی پێشووتر ھه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌، جارێكی تر ئارامی به‌ دڵ و ده‌روونه‌كان ده‌به‌خشن، له‌ دیمه‌نێكدا كه‌ زیاتر له‌ به‌نج و سڕكردن ده‌چێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرێیه‌ ره‌شه‌ی دراماكه‌ كه‌ به‌درێژایی نمایش به‌ھای سه‌رده‌سته‌و ھه‌موو فه‌زای نمایش و ده‌ره‌وه‌ی نمایشی داگیركردووه‌، كه‌ چه‌مكی گومانه‌، له‌م دیمه‌نه‌ دوای به‌نجكردنی بینه‌ر، به‌ كردارێكی نه‌شته‌رگه‌ری سایكۆلۆژی ئیتر ھیچ پاشماوه‌و ئاسه‌وارێكی ئه‌و گرێیه‌ له‌ ده‌روونی بینه‌ردا ناھێلێت و پاكبوونه‌وه‌ ده‌بێته‌ به‌ھای درامی سه‌رده‌ست و ھه‌موو به‌ھا درامییه‌كانی تر له‌نێوییدا ده‌توێنه‌وه‌.

ئه‌م دیمه‌نه‌ له‌ڕووی بونیاده‌وه‌ ته‌واو پشت به‌ ھه‌ست و نه‌ست ده‌به‌ستێت و بینه‌ر گیڕۆده‌ی جۆرێك له‌ رۆچوونی ھه‌ستی ده‌كات و تیاییدا لۆژیكی عه‌قڵ لاواز ده‌بێت و بینه‌ر ده‌خاته‌ نێو ده‌ریایه‌كی قوڵی ئاوێته‌بوون و ته‌سلیمبوون به‌و ته‌وژمه‌ ھه‌ستییه‌ی كه‌ ته‌واوی نمایش داگیر ده‌كات، به‌جۆرێك وه‌ك ئه‌وه‌ی ھه‌وایه‌كی سڕكه‌ر به‌نێو ھه‌موو ھۆڵه‌كه‌ بڵاوبووبێته‌وه‌و ئیتر نه‌ ئێمه‌ نه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌رته‌خته‌ ھه‌ست به‌ھیچ جۆره‌ ئازارێك و ھه‌سته‌وه‌رێكی دژوار نه‌كه‌ین، ئیتر ھیچ پانتاییه‌ك نامێنێت بۆ ئه‌وه‌ی كێ له‌سه‌ر حه‌قه‌و كێش تاوانكاره‌، كێ براوه‌یه‌و كێش دۆڕاوه‌، كێ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ رقی لێھه‌ڵبگرین و كێش ده‌توانێت بمانخاته‌ ته‌نیشت خۆیه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ داماڵراوه‌ له‌ ھه‌موو ئه‌مانه‌، ساتێكی مه‌ستییه‌و كه‌ تیاییدا ئیتر نامانه‌وێت درك به‌ جیھان و ده‌وروبه‌رمان بكه‌ین، ئه‌م ساته‌ مه‌ستییه‌ به‌رھه‌می عه‌قڵ نییه‌، به‌رھه‌می ساده‌ی سۆزیش نییه‌، ئه‌مه‌ به‌رھه‌می به‌ركه‌وتنمانه‌ له‌گه‌ل كۆتایی په‌رژینه‌كه‌، ئه‌و دیواره‌ ده‌ڕوخێت و پانتاییه‌كی تر له‌به‌رده‌م زه‌ینمان واڵا ده‌بێت، ئه‌و پانتاییه‌ رووبه‌رێك نییه‌ بۆ بینین، جیھانێك نییه‌ بۆ ھه‌ستكرن، ئه‌مه‌ خه‌ونێكه‌ بۆ پاكبوونه‌وه‌و داماڵین كه‌ ته‌نھا له‌رێی داھێنان و ئه‌فراندنێكی به‌رزه‌وه‌ به‌رمان ده‌كه‌وێت، ته‌نھا ھونه‌ریش ده‌توانێت ئه‌مه‌ بخوڵقێنێت، بۆیه‌ پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ئاخۆ ئه‌م كۆتاییه‌ ره‌وایه‌ یا ناڕه‌واو نه‌شیاو، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ھونه‌ر نه‌توانێت جۆرێك له‌م ئه‌فسوونه‌ دروست بكات، بوون و زه‌رووره‌تی ھونه‌ر له‌ چیدایه‌؟.

ktv

رووبه‌ری سێیه‌م:

سینۆگرافیا و فۆرمی نمایش:

ره‌نگه‌ له‌یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنمان به‌ سینۆگرافیا و فۆرمی فه‌زای كاره‌كه‌، ئه‌و دیدگایه‌مان لادروست بێت كه‌ ده‌رھێنه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی جیاوازو ناته‌با له‌گه‌ل بونیادی تێكسته‌كه‌ كاریكردووه‌، سینۆگرافیا و دیكۆڕی نمایشه‌كه‌ له‌یه‌كه‌م به‌ركه‌وتن ئه‌و بۆچوونه‌مان لا زاڵ ده‌كات، به‌ڵام دواتر ئه‌وه‌ی رووده‌دات ئه‌م دیدگایه‌مان ھه‌ڵده‌ته‌كێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌زای گشتی ئه‌داو به‌ڕێوه‌چوونی نمایش، فه‌زایه‌كی ناته‌بایه‌ له‌گه‌ڵ فۆرمی سینۆگرافیاو ئه‌و جیھانه‌ بینراوه‌ی كه‌ له‌ ساتی یه‌كه‌مدا به‌ر بینه‌ر ده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ وه‌ك یه‌كه‌م لایه‌نی نه‌رێنی نمایشه‌كه‌ به‌رمانده‌كه‌وێت و پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئاخۆ بۆ ده‌رھێنه‌ر بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی فه‌زاو ئه‌دایه‌كی واقیعی، په‌نا بۆ سینۆگرافیاو باگكراوه‌ندێكی ناته‌باو ناواقیعی ده‌بات و له‌نێو فه‌زایه‌كی ته‌جریدی ھه‌وڵده‌دات وێنای ژیانێكی واقیعی بكات؟

بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ نێو خودی فه‌زای نمایشه‌كه‌، ئه‌گه‌ر ووردبینه‌وه‌ ده‌بینین سێ ئاستی بینین و به‌ركه‌وتن له‌م نمایشه‌ ھه‌یه‌، ئاستی یه‌كه‌م بریتییه‌ له‌ فه‌زای دواوه‌ی سته‌یج كه‌ به‌ كاغه‌زی بوردای ره‌نگ زه‌رد ده‌وره‌ دراوه‌و به‌ روناكی ره‌نگاوڕه‌نگ له‌ دواوه‌ روناكده‌كرێته‌وه‌، ئه‌م فۆرمه‌ فۆرمێكی ته‌واو ته‌جریدی و ناواقعییه‌ و ئه‌گه‌ر راسته‌خۆ به‌ فۆرمی ئه‌دای ئه‌كته‌ر بكه‌وێت، جۆرێك له‌ ناته‌بایی دروست ده‌كات، به‌ڵام ده‌رھێنه‌ر ھه‌وڵیداوه‌ له‌نێو ئه‌و دوو فۆرمه‌ ناته‌بایه‌، فۆرمێكی تر بینا بكات تا بتوانێت وه‌ك دوو جه‌مسه‌ر ھه‌ردوو فۆرمه‌كه‌ (ته‌جریدی و واقیعی) به‌یه‌كه‌وه‌ گرێبداته‌وه‌، ئه‌ویش ئێكسسواری نمایشه‌، ئه‌گه‌ر به‌ووردی له‌ ئێكسسواری نمایشه‌كه‌ بڕوانین ده‌بینین ئاوێته‌یه‌كه‌ له‌ ته‌جرید و واقیع، كورسی و مێز كه‌ره‌سته‌ی واقیعیین به‌ڵام جۆری دانان و شێوه‌ی لاری ئه‌و فه‌زایه‌ی كه‌ له‌سه‌ری دانراون فۆرمێكی تری پێبه‌خشیوون كه‌ لێكدانه‌وه‌ی جیاوازییان پێببه‌خشێت، به‌ ھه‌مانشێوه‌، كتێبه‌كان كه‌ره‌سته‌ی واقیعیین به‌ڵام به‌كاربردنییان به‌كاربردنێكی ته‌واو ناواقعییه‌و ئه‌و شێوه‌ ناته‌بایه‌ی كه‌ وه‌ریانگرتووه‌ ده‌توانێت ده‌یان پرسیارو لێكدانه‌وه‌ی جیاواز به‌و كه‌ره‌سته‌ واقعییانه‌ ببه‌خشێت، بۆیه‌ وه‌ك بینه‌رێك ھه‌ستمكرد ده‌رھێنه‌ر دوو فۆرمی ناته‌با به‌ نێوه‌ندگیری فۆرمێكی ئاوێته‌ له‌ ته‌باو ناته‌با كۆده‌كاته‌وه‌، وه‌ك كرداری دروستكردنی روناكی كه‌ دوو جه‌مسه‌ری ناته‌با كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌بێ ئه‌و گلۆپه‌ به‌ریه‌ك بكه‌ون، شۆرتی كاره‌با كاره‌با رووده‌دات، به‌ڵام كاتێ گلۆپێك ده‌كه‌وێته‌ نێوانیان، له‌ جیاتی شۆرت و سوتان، روناكی به‌رھه‌مدێنێت.

لێكدانه‌وه‌ی دووه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ به‌كاربردنی چه‌مكی واقیعی له‌ شانۆدا، ئایا رۆچوون له‌نێو تێكستێكی واقیعی و به‌شێوه‌ ئه‌داییه‌كی واقیعی رێ له‌وه‌ ده‌گرێت كه‌ ده‌رھێنه‌ر و سینۆگرافه‌ر په‌نا بۆ ته‌جریید و فۆرمی ناته‌با ببه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی فۆرمی نمایش دروستبكه‌ن، ئایا بوونی ئه‌و فه‌زا ته‌جرییدیه‌ ئیزافه‌ بوو بۆ نمایش یا به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئایا ده‌رھێنه‌رو سینۆگرافه‌ر ئه‌یانده‌توانی له‌بڕی ئه‌م فه‌زا ته‌جرییدی و ناته‌بایه‌، فه‌زایه‌كی واقیعی نۆرماڵ به‌ شانۆكه‌ ببه‌خشن بۆ ئه‌وه‌ی تووشی ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ نه‌بن كه‌ جۆرێك له‌ ناته‌بایی ھه‌یه‌ له‌نێوان فه‌زاو ئه‌دا؟.

من پێموایه‌ به‌كاربردنی ئه‌م فه‌زا ناته‌بایه‌ به‌( شێوه‌و فۆڕمی گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆك و ئه‌دای ئه‌كته‌ر) له‌م شانۆییه‌، نه‌وه‌كو ھه‌ر كێشه‌ی بۆ نمایشه‌كه‌ دروست نه‌كردووه‌، به‌ڵكو بۆته‌ فاكته‌رێكی مۆدێرن بۆ دروستكردن و داھێنانی خوێندنه‌وه‌ی جیاواز بۆ نمایش، ئه‌م فه‌زا ناته‌بایه‌ ده‌توانێت رووبه‌ری تری به‌ركه‌وتن له‌نێوان نمایش و بینه‌ر بكاته‌وه‌، ده‌رھێنه‌رو سینۆگرافه‌ر به‌مه‌ نه‌وه‌ستاون كه‌ بینه‌ر ته‌نھا له‌نێو كۆدی دیالۆگه‌كانی ئه‌م نمایشه‌ پرسیارو خوێندنه‌وه‌ی جیاواز بینا بكه‌ن، به‌ڵكو رووبه‌رێكی تری بۆ واڵا كردوون كه‌ تیاییدا له‌ پانتاییه‌كی سیمۆلۆژی فراوانتر به‌ر نمایش بكه‌ون و (فره‌تێگه‌یشتن و فره‌به‌ركه‌وتن) ببێته‌ خه‌سڵه‌تێكی زیندووی نمایش و بینه‌ر ناچار بكات به‌دوای ئه‌و ئاماژانه‌ بكه‌وێت و ئه‌و ھێله‌ دروست بكات كه‌ ئه‌و دوو فۆرمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێده‌داته‌وه‌، مه‌رجیش نییه‌ ئه‌وه‌ی بینه‌ر پێیده‌گات ئه‌وه‌ بێت كه‌ ده‌رھێنه‌ر ویستویه‌تی به‌ بینه‌ری بگه‌یه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌گه‌ر بینه‌ر بتوانێت جۆرێكی تر په‌یوه‌ندی و لێكدانه‌وه‌ به‌رھه‌م بێنێت كه‌ ده‌رھێنه‌ریش به‌ری نه‌كه‌وتوه‌و په‌ی پێ نه‌بردوووه‌.

داپۆشینی فه‌زای دواوه‌ی نمایش به‌ پێنج لاكێشه‌ی ھه‌ڵواسراوی دروستكراو له‌ مادده‌ی بوردا، ئه‌و ماده‌یه‌ی كاتی خۆی میسرییه‌ كۆنه‌كان وه‌ك په‌ڕه‌ی نووسین به‌كاریان ھێناوه‌، قوڵایی و ئاماژه‌ی سیمۆلۆژی جیاواز به‌ جیھانبینی نمایشه‌كه‌ ده‌به‌خشێت و ده‌كرێت ھه‌ریه‌كێك له‌ ئێمه‌ به‌ جۆرێك لێكی بده‌ینه‌وه‌، به‌ڵای منه‌وه‌ ئه‌م به‌كاربردنه‌ له‌دوو رووبه‌ر ده‌خوێنمه‌وه‌، یه‌كه‌میان په‌یوه‌سته‌ به‌ په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و زانست و مه‌عریفه‌، ده‌رھێنه‌ر ده‌یه‌وێت خودی ئه‌و ململانێیه‌ی نێوان ژن و پیاو له‌ڕووبه‌رێكی فراوانتر له‌ رووبه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی بخوێنێته‌وه‌و زانست وه‌ك فاكته‌رێكی گرنگی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌و رووبه‌ره‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك زانست ده‌بێته‌ چه‌كی بردنه‌وه‌ی گره‌و سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویتر، ئه‌گه‌ر ئه‌م رووبه‌ره‌ له‌ پانتاییه‌كی سیاسی لێكبده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین زانست ئه‌مڕۆ ھێزێكی گه‌وره‌و كاریگه‌ره‌ له‌ وێناكردنی ھه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵات له‌ ھه‌موو جیھان، زانست چه‌كێكی كاریگه‌ره‌ بۆ داڕشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ره‌سمكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، ھه‌ر زانسته‌ ده‌توانێت زلھێزی وه‌ك ئه‌مریكاو روسیا دروست بكات و ببن به‌ ھه‌ڕه‌شه‌ بۆ ھه‌موو جیھان، ھه‌ر زانستیشه‌ وایكردووه‌ كه‌ دێرینترین میلله‌تانی جیھان كه‌ خاوه‌نی شارستانی گه‌وه‌رن، به‌ھۆی دواكه‌وتن له‌ زانست ، ببنه‌وه‌ به‌ میلله‌تی په‌راوێزخراو له‌ژێری ژێره‌وه‌ی ھه‌ڕه‌مه‌كه‌ جێگه‌ بگرن.

زانستێكی پێشكه‌وتوو ده‌توانێت ئابووریه‌كی به‌ھێز، سوپایه‌كی به‌ھێز، وڵاتێكی به‌ھێز دروست بكات و بریار له‌ چاره‌نووسی كه‌ون و ھه‌موو ئه‌و میلله‌تانه‌ بدات كه‌ ئه‌گه‌رچی پێگه‌ی ئابووری گه‌وره‌و سامانی سروشتی بێ ئه‌ندازه‌یان ھه‌یه‌و زۆرێك له‌ فاكته‌ره‌كانی سه‌ركه‌وتنیان تیایه‌، به‌ڵام به‌ھۆی نه‌بوونی زانستێكی به‌ھێزه‌وه‌ ناتوانن ئه‌و خه‌ونه‌ بێننه‌ دی كه‌ بتوانن خاوه‌نی ئیڕاده‌و سیاده‌ی خۆیان بن.

لێكدانه‌وه‌ی دووه‌مم په‌یوه‌سته‌ به‌ لێكدانه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان له‌ خه‌یاڵی خودی كاپتنه‌وه‌، كاپتن ده‌یه‌وێت كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م ماڵه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بنووسێته‌وه‌ كه‌ ته‌با بێت له‌گه‌ل بیركردنه‌وه‌ی خۆی، ئه‌و ھه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌یان تیادا ببینێت كه‌ خۆی مه‌به‌ستیه‌تی تیایاندا بینووسێته‌وه‌، ئه‌م لێكدانه‌وه‌ش دیسانه‌وه‌ ره‌ھه‌ندی سیاسی ھه‌یه‌و ده‌كرێت به‌ چه‌ندین شڕۆڤه‌ی سیاسی لێكیبده‌ینه‌وه‌ كاتێ كه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌یانه‌وێت ھاوڵاتیان وه‌ك كاغه‌زی سپی بن و ئه‌وه‌یان تیادا بنوووسنه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستیانه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌پارێزێت.

ئه‌گه‌ر له‌ڕووی فۆرمیشه‌وه‌ ئه‌و فه‌زایه‌ لێكبده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین جۆرێك له‌ ته‌بایی له‌نێوان فۆرمی شیعری فه‌زاو شیعرییه‌تی ئه‌داو ریتمی نمایش ھه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش كاتێ ده‌رھێنه‌ر ھه‌وڵده‌دات ئه‌م سایكانه‌ له‌رێگه‌ی روناكییه‌وه‌ قوڵایی تریان پێببه‌خشێت و به‌گوێره‌ی دیمه‌نه‌كان ئه‌و فه‌زا شیعرییه‌ دابڕژێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كانگیر بێت له‌گه‌ل شیعریه‌تی ئه‌داو ریتمی نمایش، ئه‌م به‌كاربردنه‌ كه‌ تیاییدا روناكی و ره‌نگ و موزیك كاریگه‌ری گه‌وه‌ریان تیادا دروستكردوه‌، له‌ڕووی بینینه‌وه‌ چێژێكی تایبه‌ت ده‌به‌خشێت و زۆر به‌ ئاسانی ئه‌و فه‌زا سایكۆلۆژییه‌ دروست ده‌كات كه‌ له‌ زۆرینه‌ی دیمه‌نه‌كان فه‌زای نمایش داگیر ده‌كه‌ن.

بۆیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌توانێت شه‌رعیه‌ت به‌و فه‌زایه‌ بدات و ته‌بای بكات به‌ فۆرمی گشتی نمایش، ئه‌و كه‌شه‌ سروتئامێزه‌یه‌ كه‌ ده‌رھێنه‌رو سینۆگرافه‌ر له‌و سایكه‌ مێژوویانه‌ دروستیان كردووه‌و توانیویانه‌ جگه‌ له‌ فۆرمی جوانكاری و ئاماژه‌به‌خش، كۆمه‌ڵێك ره‌ھه‌ندی تری تیا ته‌وزیف بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش ره‌ھه‌ندی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و كوڵتووریی، كه‌ رووبه‌رێكی زۆریان له‌نێو وێنای ئه‌و فه‌زایه‌ به‌ركه‌وتووه‌و بینه‌ر ده‌توانێت به‌ ئاسانی و به‌گوێره‌ی خه‌یاڵ و دونیابینی خۆی، ھێلی درامی نمایش له‌گه‌ل به‌ركه‌وته‌كانی فه‌زا كۆبكاته‌وه‌و ئه‌و ھارمۆنییه‌ دیده‌ییه‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ تیاییدا نمایش له‌ به‌ركه‌وتنی ره‌گه‌زه‌كانییدا به‌سه‌رییدا ده‌كرێته‌وه‌و بینه‌ر ناچار ده‌كات ته‌سلیمی قه‌ده‌ری بیستن نه‌بێت و ھه‌وڵبدات ئه‌و ھاوكێشه‌ درامییه‌ له‌ رووبه‌رێكی فراوانتردا لێكبداته‌وه‌ كه‌ تیاییدا نمایش به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری زانراو و نه‌زانراو، بینراو و نه‌بینراو دابه‌ش ده‌كات و ئه‌و وێنه‌ زه‌ھنییه‌ لای بینه‌ر بخوڵقێنێت كه‌ ده‌ره‌نجامی به‌ركه‌وتنی ھه‌ردوو رووی ئه‌و فه‌زایه‌یه‌، فه‌زایه‌كی فیزیكی به‌رده‌ست و فه‌زایه‌كی میتۆلۆژی خه‌یاڵكراو كه‌ سینۆگرافیا له‌ رێی به‌كاربردنی كه‌ره‌سته‌ ناته‌قڵیدییه‌كان دایده‌ھێنێت و تیاییدا موزیك و ده‌نگ و روناكی و ره‌نگ ده‌بن به‌ فاكته‌ری ترازانی نمایش له‌ فۆرمێكی واقیعی و سروشتی باوه‌وه‌، به‌ره‌و فۆرمێكی ناته‌باو شێوه‌ سوریاڵی، كه‌ ده‌توانێت جیھانبینی بینه‌رو نمایش به‌سه‌ر ئاسۆی تری زۆر فراواندا بكاته‌وه‌و نمایش له‌ ده‌سته‌مۆبوون و ته‌سلیمبوون به‌ مانایه‌كی دیاریكراو بپارێزێت.

ktv

رووبه‌ری چواره‌م:

ده‌رھێنان و جه‌سته‌ی نمایش:

یه‌كێك له‌ گرنگترین وه‌زیفه‌كانی ده‌رھێنه‌ر، دروستكردنی جه‌سته‌ی نمایش و ھه‌ڵبژاردنی ئه‌و فۆرمه‌یه‌ كه‌ جه‌سته‌ی شانۆییه‌كه‌ی تیادا داده‌ڕێژێت، ده‌رھێنه‌ر كاتێ ده‌ست بۆ تێكستێكی شانۆیی ده‌بات و ده‌یه‌وێت جه‌سته‌یه‌كی به‌سه‌ڕی و جوانكاری بۆ دابڕێژێت، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ كار ده‌كات كه‌ ئه‌م تێكسته‌ شانۆییه‌ی نوسه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی باش و گونجاوه‌و ته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و جیھانبینییه‌ی كه‌ ھه‌یه‌تی و ده‌خوازێت نمایشێكی شانۆیی تیا دروست بكات، ده‌رھێنه‌ر كاتێ تێكستێك ھه‌ڵده‌بژێرێت ھه‌ر به‌ته‌نھا بیری لای بایه‌تی تێكسته‌كه‌و ئه‌و ھزره‌ فه‌لسه‌فیه‌ نییه‌ كه‌ تێكسته‌كه‌ ھه‌ڵیگرتووه‌، به‌ڵكو بیر له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ ئاخۆ ئه‌و تێكسته‌ له‌گه‌ل جیھانبینی ھونه‌ری و ئه‌و فۆرمه‌ شانۆییه‌ یه‌كده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌خوازێت جه‌سته‌ی شانۆییه‌كه‌ی تیا بونیاد بنێت، بۆیه‌ یه‌كه‌م ھه‌نگاو و سه‌ره‌كییترین ھه‌نگاو لای ده‌رھێنه‌ر، ھه‌ڵبژاردنی تێكستێكه‌ كه‌ ته‌با بێت له‌گه‌ل ئه‌و فۆرمه‌ شانۆییه‌ی كه‌ خوازیاریه‌تی و ده‌یه‌وێت دروستیبكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بێت زۆرجار ده‌رھێنه‌ر توشی كردارێكی سه‌ختی ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و بونیادنانه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ھه‌ندێك له‌ ده‌رھێنه‌ره‌كان به‌ وریایی و ئاگاییه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ ناكه‌ن و تێكستی نوسه‌ر ته‌فروتونا ده‌كه‌ن و ده‌سكاری بونیاد و ھزرو جه‌سته‌و ته‌كنیكی تێكسته‌كه‌ ده‌كه‌ن و تێكیده‌شكێنن و له‌ بونیادنانه‌وه‌ش تووشی كێشه‌ی گه‌وره‌ ده‌بن و ناتوانن له‌ تێكشكاندنی تێكسته‌كه‌، جه‌سته‌یه‌كی جیاواز و مۆدێرن و كاریگه‌ر به‌رھه‌مبێنن و خۆیان ده‌خه‌نه‌ نێو گێژاوێك ھه‌م تێكستی نوسه‌ر ده‌شێوێنن و ھه‌میش ناتوانن تێكستی جیاواز به‌رھه‌م بێنن، به‌ڵكو ده‌كه‌ونه‌ نێو ته‌له‌ی گۆڕانكاری له‌پێناو گۆڕانكاری و نمایشێكی ترازاو و شێواو دروست ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ی من بینیم له‌م نمایشه‌ و جێگه‌ی سه‌رنجی منی بینه‌ر بوو، ئه‌و چۆنیه‌تییه‌ بوو كه‌ سدیق عه‌زیز وه‌ك ده‌رھێنه‌ر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل تێكست كردبوو، تێكستی نوسه‌ر بنه‌مایه‌كی گرنگ و سه‌ره‌كی دروستكردنی نمایشی شانۆییه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و نوسه‌ره‌ شانۆییانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌و تێكسته‌كانیان مۆركێكی جیھانی و گه‌ردوونی وه‌رگرتووه‌، بۆیه‌ كاتێ ده‌رھێنه‌رێك یه‌كێك له‌و تێكستانه‌ ھه‌ڵده‌بژێرێت، ده‌بێ رێز له‌ نوسه‌ره‌كه‌و به‌ھای ھونه‌ی و ھزری تێكسته‌كه‌ بگرێت و كارێك نه‌كات كه‌ ته‌نھا ناوی نوسه‌ره‌كه‌ بخوازێت و تێكسته‌كه‌ ته‌فروتونا بكات به‌ به‌ھانه‌ی ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كات، خوێندنه‌وه‌ی جیاواز به‌ زۆر فاكته‌رو رێگا ده‌كرێت و مه‌رج نییه‌ ده‌رھێنه‌ر ھه‌میشه‌ تێكست بكاته‌ قوربانی و تێكیبشكێنێت بۆ ئه‌وه‌ی نیشانی بدات كه‌ خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ تێكسته‌كه‌ كردووه‌، پیته‌ر بڕۆك له‌ دوایین نمایشی ھاملێتدا زۆر به‌ ته‌قدیره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل تێكست كردووه‌، كه‌چی خوێندنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو جیاوازو سه‌رده‌می بۆ كردووه‌.

زۆر گرنگه‌ ده‌رھێنه‌ر كه‌ تێكستێك ھه‌ڵده‌بژرێت، ده‌رگای چوونه‌ژووره‌ی نێو تێكسته‌كه‌و كلیلی خوێندنه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی ھونه‌ری و ئیبداعی تێكسته‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتبێت، ھه‌ر تێكستێك ده‌رگایه‌یه‌كی تایبه‌ت و كۆمه‌ڵێك كۆدی خۆی ھه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت به‌ ته‌ریبی له‌گه‌ل ئه‌و دیدگایه‌ بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ ده‌رھێنه‌ر بۆ فۆرم و جه‌سته‌ی نمایش خه‌یاڵی ده‌كات و بینای له‌سه‌ر ده‌كات، له‌وه‌ش گرنگتر ده‌بێ ده‌رھێنه‌ر ئاشنا بێت به‌ بونیادی درامی و مۆركی ته‌كنیكی ئه‌م تێكسته‌كه‌و بزانێت له‌كام ده‌رگاوه‌ ده‌توانێت بخزێته‌ نێو ئه‌و رووبه‌ره‌و خاڵی به‌ھێزو یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌م تێكسته‌ چییه‌و چۆن ده‌توانێت بینایان له‌سه‌ر بكات.

ده‌رھێنه‌ر كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌ی بنه‌ڕه‌تی له‌به‌رده‌سته‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دروستكردنی جه‌سته‌ی نمایش به‌كاری ببات، ئه‌مانه‌ش بریتین له‌ سینۆگرافیا و نواندن و ته‌كنیك و ریتم، ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ بونیادی ئه‌و فۆرمه‌ شانۆییه‌ی كه‌ خه‌یاڵی ده‌كات له‌م تێكسته‌ دروستیبكات، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌رھێنه‌ر له‌نێو دوو رووبه‌ر كارده‌كات، رووبه‌ری یه‌كه‌م تواناو باڵاده‌ستی خۆی له‌ بوارێكی تایبه‌تدا، بۆ نمونه‌ ده‌رھێنه‌ر ھه‌یه‌ زۆر داھێنه‌ره‌ له‌ دروستكردنی گوتاری دیده‌یی (به‌سه‌ڕی) نمایش و ھه‌میشه‌ خاوه‌نی دیدگای جیاوازو ھزری داھێنه‌ره‌، بۆیه‌ زیاتر بایه‌خ به‌ سینۆگرافیاو ته‌كنیكه‌ دیده‌ییه‌كان ده‌دات و قوڕسایی جه‌سته‌ی نمایشیان ده‌خاته‌ سه‌ر، ده‌رھێنه‌ری تریش ھه‌یه‌ شاره‌زایه‌ له‌ به‌كاربردنی ئه‌كته‌رو ده‌زانێت چۆن ووزه‌ی كه‌شفنه‌كراوی ئه‌كته‌ر كارا ده‌كات و ھه‌وڵده‌دات پانتایی زیاتر به‌ ئاماده‌یی ئه‌كته‌رو گوتاری نواندن ببه‌خشێت.

رووبه‌ری دووه‌م په‌ی بردنی ده‌رھێنه‌ره‌ به‌ تێكست و بونیادی درامی تێكست، بزانێت كام ته‌كنیك گونجاوه‌ بۆ دروستكردنی و كام كه‌ره‌سته‌ی نمایش كاریگه‌رتره‌ له‌ گه‌یاندن و داڕشتنه‌وه‌ی جیھانبینی ئه‌م تێكسته‌، ئایا خاڵی به‌ھێز له‌ دروستكردنی جه‌سته‌ی ئه‌م تێكسته‌ له‌ تواناو ئه‌فراندنی ئه‌كته‌ر سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، یا ته‌كنیك و سینۆگرافیا و فۆرمی گێڕانه‌وه‌ زیاتر ده‌توانن جه‌سته‌یه‌كی داھێنه‌رانه‌ به‌م تێكسته‌ ببه‌خشن، بۆ نمونه‌ له‌ تێكستێكی چێخه‌ف رووبه‌ری نواندن كاریگه‌ری زۆرتری ھه‌یه‌ له‌ دروستكردنی جه‌سته‌ی نمایش به‌ھۆی ئه‌و باره‌ سایكۆلۆژییه‌ی كه‌ كاره‌كته‌ر ھه‌ڵیگرتووه‌و ئه‌كته‌ر ده‌توانێت زیاتر ئه‌و حاڵه‌ته‌ سایكۆلۆژییه‌ ناوه‌كیانه‌ بگه‌یه‌نێت، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ له‌ تێكستێكی برێخت ته‌كنیك و سینۆگرافیاو فۆرمی گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ت كاریگه‌رتره‌و ئه‌كته‌ر ئه‌و پانتاییه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌رناكه‌وێت.

سدیق عه‌زیز له‌م نمایشه‌ زۆر به‌ ووردی كاری له‌سه‌ر ئه‌مه‌ كردووه‌و به‌نێو تێكسته‌كه‌ شۆڕبۆته‌وه‌و ده‌رگای چوونه‌ ناوه‌وه‌و ئه‌و كه‌ره‌سته‌ كاریگه‌ره‌ی كه‌شف كردووه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌ بینای جه‌سته‌ی ئه‌م نمایشه‌ به‌كاری ببات، ده‌رھێنه‌ر له‌م نمایشه‌ ئه‌گه‌رچی ھه‌ندێ ده‌سكاری له‌ رێزبه‌ندی ھه‌ندێ دیمه‌ن كردووه‌و ھه‌وڵیداوه‌ پانتایی ھه‌ندێ كاره‌كته‌ر له‌ڕووی ئاماده‌یی درامییه‌وه‌ ده‌سكاری بكات و قوڕسایی زیاتریان پێبدات، ئه‌مه‌ش ته‌نھا به‌ ده‌سكاریكردنی ریزبه‌ندی دیمه‌ن و به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ل بینه‌ر، بۆ نمونه‌ كاره‌كته‌ری (بێرتا_دییه‌ عه‌لی) له‌ نمایشه‌كه‌ی سدیق ئاماده‌یی زیاتری ھه‌یه‌ له‌نێو رووداوه‌كان و جه‌سته‌ی نمایش، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ تێكسته‌كه‌ ھاتووه‌، بایه‌خدانی سدیقیش به‌م كاره‌كته‌ره‌ به‌ھانه‌ی خۆی ھه‌یه‌، چونكه‌ راسته‌ بێرتا وه‌ك كاره‌كته‌ر ناتوانێت رووداو دروستبكات و كاریگه‌ری ھه‌بێت له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی نێوان دایك و باوكدا، به‌ڵام ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ ھه‌وێنی به‌یه‌كگه‌یشتنی ئه‌رێنییانه‌ی دایك و باوكه‌، واته‌ دایك و باوك به‌ ھه‌موو جیاوازییه‌كانیان، ده‌توانن له‌ كاره‌كته‌ری بێرتا جۆرێك له‌ ھاوبه‌شی بدۆزنه‌وه‌و ببێته‌ ھه‌وێنی گرێدانه‌وه‌ی ئه‌م دوو كاره‌كته‌ره‌و ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌، كه‌واته‌ بێرتا كاره‌كته‌رێكی گرنگه‌و ھێلێكی جیاوازی نمایشه‌ كه‌ له‌یه‌كاتتدا به‌ ھه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌ دژه‌كه‌ ته‌بایه‌، ده‌رھێنه‌ریش ھه‌وڵیداوه‌ بایه‌خی درامی و ھزری ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ زیاتر سه‌رده‌سته‌ بكات.

لایه‌نێكی تری كاری ده‌رھێنه‌ر له‌م نمایشه‌، مامه‌ڵه‌كردنیه‌تی له‌گه‌ل دیكۆر و سینۆگرافیا وه‌ك ره‌گه‌زی درامی كاراو به‌رفراوانكردنی جیھانبینی ھزری و جوانكاری نمایش، ده‌رھێنه‌ر له‌م نمایشه‌ دیكۆرو سینۆگرافیا ناكاته‌ كه‌ره‌سته‌ی دیاریكردنی ژینگه‌و شوێن و كات، یا ببێته‌ فاكته‌رێك له‌ ده‌سنیشانكردنی بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی و كوڵتووری كاره‌كته‌رو ره‌ھه‌نده‌ درامییه‌كانی كاره‌كته‌ر روونبكاته‌وه‌، سینۆگرافیاو دیكۆڕ له‌م نمایشه‌ به‌ وه‌زیفه‌ی تره‌وه‌ كاریان له‌سه‌ر كراوه‌، كه‌ ھه‌ندێكی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی تێگه‌یشتنه‌ واقیعیی و سروشتییه‌كانه‌، ده‌رھێنه‌ر له‌م نمایشه‌ ھه‌وڵیداوه‌ له‌ رێگه‌ی سینۆگرافیاو دیكۆڕه‌وه‌، فه‌لسه‌فه‌ی ناشوێن و ناكات، بخاته‌ جێگه‌ی شوێن و كاته‌وه‌، ئه‌م نمایشه‌ راسته‌ وه‌كو جه‌سته‌ و ناو و كوڵتوور، فۆرمه‌ ئه‌وروپاییه‌كه‌ی پاراستووه‌، به‌ڵام وه‌ك فه‌زاو زه‌مه‌ن و شوێن، ده‌چێته‌ رووبه‌ری ناشوێن و (نا_كاته‌وه‌)و ده‌بێته‌ نمایشێكی جیھانی كه‌ ده‌كرێت ھه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك خۆی تیادا بدۆزێته‌وه‌، كاپتن سیمبوڵی پیاوێكه‌ كه‌ پێیوایه‌ ژن تاكه‌ وه‌زیفه‌ی راگرتنی حیساباتی ماڵ و به‌رھه‌مھێنانی منداڵه‌، ئێستا وه‌رن سه‌یری كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان بكه‌ن بزانن ئه‌م جۆره‌ پیاوانه‌ چه‌ند رێژه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ دروستده‌كه‌ن، لاورا ژنێكه‌ ده‌توانێت به‌ ئاسانی گومانی باوكایه‌تی بخاته‌ نێو ھزری كاپتنه‌وه‌، با جارێكی تریش سه‌یری كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان بكه‌ین، بزانین چه‌ند زۆرن ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی مه‌به‌ستدارو نامه‌به‌ست وا ده‌كه‌ن پیاوه‌كانیان گومانیان لێ بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش (ئه‌مه‌ له‌ڕووی لێكدانه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌، بێگومان له‌ ره‌ھه‌نده‌ سیاسی و كوڵتوورییه‌كان، به‌ركه‌وتنی زیاتر ھه‌یه‌).

كه‌واته‌ ئه‌م جۆره‌ به‌كاربردنه‌ پێویستی به‌وه‌ نه‌بووه‌ ده‌رھێنه‌ر بێت بونیادی تێكست ھه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ تا تێكسته‌كه‌ی بكاته‌ تێكستێكی سه‌رده‌م و لێكه‌وته‌ی له‌گه‌ل كۆمه‌ڵگه‌ی ئینسانی ھه‌بێت سنووره‌كان تێپه‌ڕێنێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی فه‌زای نمایش به‌شێوه‌یه‌ك داده‌ڕێژێت، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیار بداته‌وه‌، پرسیار دروستده‌كات، ئه‌مه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر مۆدێرن و سه‌رده‌مییانه‌یه‌ له‌گه‌ل تێكستێك كه‌ به‌ رووكه‌ش واده‌رده‌كه‌وێت په‌یامێكی ساده‌و ساكارو ئاسانی ھه‌ڵگرتووه‌، به‌ڵام ھه‌ڵكۆڵینی ده‌رھێنه‌ر له‌ په‌نھانییه‌كانی ئه‌م تێكسته‌ وایكردووه‌، نمایش سیماو روخساری تر به‌ تێكست ببه‌خشێت، تێكست له‌ سه‌رچاوه‌ی پێدانه‌وه‌، ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتن و خواستنه‌وه‌، ئیتر ئه‌م نمایشه‌ ھزر و خه‌یاڵ بۆ بینه‌ر ھاورده‌ ناكات، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ھزرو خه‌یاڵ له‌ بینه‌ر ھاورده‌ ده‌كات و په‌یوه‌ندی ته‌قلییدی نێوان بینه‌رو نمایش به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز داده‌ڕێژێته‌وه‌.

خاڵێكی تر فه‌راھه‌مكردن و واڵاكردنی پانتایی نواندن و ئه‌دای ئه‌كته‌ره‌ له‌م نمایشه‌، ھه‌ندێكات ده‌رھێنه‌ر كاریگه‌ری زۆر گه‌وره‌ی ھه‌یه‌ له‌ كاراكردنی توانای ئه‌داكردن و سه‌رخستنی ھێزه‌ ده‌سته‌مۆكراوه‌كه‌ی نێوی ناوه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر ھه‌یه‌، ده‌رھێنه‌ری به‌ئاگا ده‌زانێت چۆن ئه‌و ھێزه‌ له‌نێو ئه‌كته‌ردا ده‌دۆزێته‌وه‌و كارای ده‌كات و ده‌یھێنێته‌ ده‌ره‌وه‌، كاتێ ده‌بینێ ئه‌كته‌رێ پێویستی به‌ یارمه‌تی ئه‌وه‌ تا ئه‌و رووه‌ جیاوازو داھێنه‌رانه‌ ره‌سمبكات، ده‌رھێنه‌ر یارمه‌تی ده‌دات و ھه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی تری ده‌نگی و ره‌نگی ده‌خاته‌ خزمه‌تییه‌وه‌، چونكه‌ تێده‌گات ئه‌م ساته‌ نواندن و داھێنانه‌ چه‌ند گرنگه‌ بۆ دروستكردنی جه‌سته‌ی نمایشه‌كه‌ی، ده‌رھێنه‌ر ده‌توانێت زه‌مینه‌ی گونجاو بۆ ئه‌كته‌ر دابین بكات و ده‌زانێت چۆن ئه‌كته‌ر بخاته‌ نێو رووبه‌ری ئه‌و زه‌مینه‌یه‌، ئه‌كته‌ریش له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌سه‌رخۆییدا سه‌رده‌كه‌وێت و فۆرمێكی جیاوازو خه‌یاڵئامێز پێشكه‌شده‌كات و پانتایی نمایش داگیر ده‌كات، بۆیه‌ ده‌رھێنه‌ر نابێ ئیره‌یی له‌ ئه‌كته‌ره‌كانی خۆی ھه‌بێت و رێ له‌ بارزبوون و باڵابوونیان بگرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ ده‌رھێنه‌ره‌كانی ئێمه‌ ئه‌م ئیره‌ییان ھه‌یه‌و ھه‌رگیز رێگه‌ ناده‌ن ئه‌كته‌ر پانتایی نمایش داگیربكات و قوڕسایی به‌سه‌ر جه‌سته‌ی نمایشه‌وه‌ ھه‌بێت، به‌ڵكو ھه‌میشه‌ له‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌ن ئه‌كته‌ر ده‌سته‌مۆ بكه‌ن و بیخه‌نه‌ ژێر ئه‌و سێبه‌ره‌ی كه‌ ئه‌وان دروستیده‌كه‌ن و ھه‌میشه‌ ده‌رھێنه‌ر وه‌ك تارمایی به‌سه‌ر ته‌خته‌وه‌ ده‌بینرێت و ناھێڵێ ئه‌كته‌ر ببێته‌ پاڵه‌وانی نمایش و وێنه‌و بارستایی ده‌رھێنه‌ر كاڵبكاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م باڵابوونه‌ی ئه‌كته‌ر كێرڤی نمایشیش به‌رزبكاته‌وه‌، چونكه‌ ھه‌ندێ ده‌رھێنه‌ر پێیوایه‌ ده‌بێ بینه‌ر ئه‌وه‌ ببینێت كه‌ ته‌نھا ده‌رھێنه‌ر ده‌توانێت كێرڤی نمایش به‌رزبكاته‌وه‌و ئه‌كته‌ر ته‌نھا كه‌ره‌سته‌یه‌كه‌ به‌ده‌ستی ده‌رھێنه‌ره‌وه‌.

له‌م نمایشه‌ ده‌رھێنه‌ر ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌م دیدگایه‌ كارده‌كات و ھه‌میشه‌ پانتایی له‌به‌رده‌م ئه‌كته‌ر ده‌كاته‌وه‌و تا ده‌گاته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ ھه‌موومان بڕوا بكه‌ین ئه‌م نمایشه‌ نمایشی ئه‌كته‌ره‌و ده‌رھێنه‌ر ته‌نھا وه‌ك رێكخه‌رو سه‌رپه‌رشتیار زه‌مینه‌ی بۆ ئه‌كته‌ر دروستكردووه‌، به‌ڵام من ئه‌مه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بینم و تێده‌گه‌م كه‌ ده‌رھێنه‌ر چه‌ند رۆڵێكی كاریگه‌ر ده‌بینێت له‌ دروستكردنی ئه‌و زه‌مینه‌ ئیبداعییه‌ بۆ ئه‌كته‌رو چۆن جه‌سته‌ی نمایش به‌شێوه‌یه‌ك داده‌ڕێژێته‌وه‌ كه‌ تیاییدا ئه‌كته‌ر له‌ڕووی ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌وه‌ به‌و حاڵه‌ته‌ عیرفانییه‌ بگات كه‌ تواناكانی به‌كارببات و ببێته‌ جه‌سته‌یه‌كی داڕێژه‌رو دروستكه‌ری نمایش، ئه‌گه‌ر ده‌رھێنه‌ر نه‌بێت ھه‌رگیز شه‌مال و شادان له‌ دیمه‌نی كۆتایی ناتوانن ئه‌و داھێنانه‌ گه‌وره‌یه‌ بكه‌ن و بینه‌ر بخه‌نه‌ نێو سروتێكی خه‌یاڵئامێزی پاكبوونه‌وه‌و فڕین به‌ ئاسمانی ئه‌فسانه‌و جادووییدا، ئه‌وه‌ ده‌رھێنه‌ره‌ له‌ رێگه‌ی موزیك، روناكی، ریتم، ئه‌و كه‌شه‌ سایكۆلۆژییه‌ سروتئامێزه‌ فه‌راھه‌م ده‌كات و توانای ھه‌یه‌ ئه‌م نواندنه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌ له‌ ئه‌كته‌ر وه‌ربگرێت و جه‌سته‌ی نمایش له‌ جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر كورتبكاته‌وه‌، بێگومان ئه‌مه‌ش كه‌مكردنه‌وه‌ نییه‌ له‌ تواناو داھێنانی ئه‌كته‌ر، چونكه‌ ته‌نھا ئه‌كته‌ری گه‌وره‌و داھێنه‌ر ده‌توانێت ئه‌و كه‌شه‌ ئیبداعییه‌ی ده‌رھێنه‌ر به‌كارببات و ئه‌و ئه‌دا خه‌یالییه‌ پێشكه‌ش بكات.

له‌ڕووی ریتمه‌وه‌ ده‌رھێنه‌ر زۆر به‌ ووریایی كاری كردووه‌و بونیادی ریتم له‌ داڕشتنه‌وه‌ی سه‌مفۆنیا ده‌چێت كه‌ تیایدا سه‌ره‌تا سۆلۆ تاكه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و دواتر ھه‌موو ئه‌و سۆلۆیانه‌ به‌ر یه‌كه‌ده‌كه‌ون و ھارمۆنیه‌كی جیاواز دروست ده‌كه‌ن، ده‌رھێنه‌ر زۆر به‌ ووردی وێنای ھه‌موو وورده‌كارییه‌كانی نمایشه‌كه‌ی كردووه‌و ھیچ زیاده‌ڕۆیی و جوله‌ی ھه‌ڕه‌مه‌كی و به‌كاربردنی كه‌ره‌سته‌ی ھه‌ڕه‌مه‌كی له‌م نمایشه‌ نییه‌، ته‌نھا ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ به‌كابردرنی داتاشۆ بۆ دروستكردنی چه‌ند وێنه‌و نوسراوێك له‌سه‌ر سایكه‌كان زۆر به‌ شه‌رمنی ماوه‌ته‌وه‌و نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی گرنگی ئاماژه‌و لێكدانه‌وه‌ له‌ نمایش و من دڵنیام جێبه‌جێكردنی ئه‌م ته‌كنیكه‌ رێگربووه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه‌ ده‌رھێنه‌ر له‌م به‌كاربردنه‌ ھه‌یبووه‌، به‌ڵام ئیمكانیاتی ھۆڵه‌كانی ئێمه‌ یارمه‌تیده‌ری به‌كابردنی ته‌كنیكی پێشكه‌توو نین، بۆیه‌ ئه‌م به‌كاربردنه‌ نه‌یتوانی ھیچ ئیزافه‌یك ببه‌خشێت و زۆر شه‌رمنانه‌ ده‌رده‌كه‌وت و كاریگه‌ری و ئاماژه‌ی جیاوازی دروستنه‌كرد.

خاڵی دووه‌م ته‌كنیكی به‌كابردنی روناكییه‌، به‌داخه‌وه‌م ئێستا زۆرێك له‌ شانۆكانی ئێمه‌ روناكی وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی درامی به‌شدار له‌ دروستكردنی ئاماژه‌و لێكدانه‌وه‌ی نمایش، به‌شێوه‌یه‌كی دروست به‌كارنابه‌ن، بۆ نمونه‌ روناكی بازنه‌یی (بوقعه‌) له‌ كاتێكدا له‌سه‌ر ته‌خته‌ به‌كار دێت كه‌ دوو رووداوت ھه‌بێت له‌ ھه‌مانكاتتدا و له‌دوو شوێنی جیاواز یا دوو جیھانی جیاوازی واقیعی و ناواقیعییه‌وه‌ (سایكۆلۆژی و میتۆلۆژی) رووبده‌ن، به‌ڵام لای ئێمه‌ ھه‌میشه‌ روناكی بازنه‌یی به‌و شێوه‌یه‌ به‌كار نایه‌ت و ده‌بینین له‌ یه‌ك شوێن و له‌یه‌ككاتتدا له‌نێو یه‌ك رووبه‌ردا به‌ روناكی بازنه‌یی كارده‌كرێت، بێ ئه‌وه‌ی ھیچ جۆره‌ جیاكارییه‌كی واقیعی و ناواقیعی ئه‌و دوو شوێن و فه‌زایه‌ جیابكاته‌وه‌ كه‌ به‌شێوه‌ی بازنه‌یی روناكده‌كرێنه‌وه‌، دواتریش ده‌بینین ئه‌م دوو جیھانه‌ ئاوێته‌ی یه‌كتر ده‌كرێنه‌وه‌، له‌ كاتێكدا ھیچ به‌ھانه‌یه‌كیش بۆ ئه‌و ئاوێته‌كردنه‌ نابینرێت، ئه‌مه‌ له‌ چه‌ند دیمه‌نێكی ئه‌و نمایشه‌ ده‌بینرا، ره‌نگه‌ دیسان ده‌رھێنه‌ر ناچار بێت ئه‌و روناكییه‌ بازنه‌ییه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی تری روناكی به‌كارببات، به‌ڵام له‌ڕووی درامییه‌وه‌ ئه‌م كه‌لێنه‌ دروست ده‌كات.

ktv

رووبه‌ری پێنجه‌م:

ژه‌نه‌ڕاڵ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆدا:

له‌م نمایشه‌دا نواندن و ئه‌دای ئه‌كته‌ر گه‌وره‌ترین پانتایی به‌ركه‌وتووه‌و ده‌رھێنه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی زۆر واقیعی پانتاییه‌كی فراوانی بۆ ئه‌كته‌ر دابینكردووه‌و گوتاری نواندن بۆته‌ گوتاری سه‌رده‌ستی نمایش و ھه‌موو ره‌گه‌زه‌ درامییه‌كان به‌ بیستراو و بینراوه‌، خراوه‌ته‌ خزمه‌تی ئه‌كته‌رو ئه‌داكردنی ئه‌كته‌ر له‌م نمایشه‌دا، ئه‌ندرێ ئه‌نتوان فه‌ڕه‌نسی پێیوابووه‌ دوو شێوه‌ كاركردنی ده‌رھێنه‌ر ھه‌یه‌ له‌ دروستكردنی نمایشی شانۆیی، یه‌كێكیان ئاراسته‌یه‌كی ده‌ره‌كی و پێكھاته‌یی ھه‌یه‌ كه‌ تیاییدا زیاتر بایه‌خ به‌ فۆرمی بینراوی نمایش ده‌ردرێت له‌ سینۆگرافیا و فه‌زاو پێكھاته‌ شانۆییه‌كان، ئاراسته‌ی دووه‌م فۆرمێكی ناوه‌كی ھه‌یه‌و ده‌رھێنه‌ر تیاییدا زیاتر بایه‌خ به‌ ره‌گه‌زه‌ ناوه‌كییه‌كان ده‌دات و ئه‌كته‌ر ده‌بێته‌ پارسه‌نگ و سه‌نته‌ری ئه‌م شێوازه‌ كاركردنه‌و ده‌رھێنه‌ر له‌ رێگه‌ی ئه‌كته‌رو ته‌وزیفه‌ درامییه‌كانی جه‌سته‌و ده‌نگ و ھه‌سته‌وه‌ره‌كانی ئه‌كته‌ر، ده‌توانێت فۆرمی نمایشه‌كه‌ دروستبكات و فه‌لسه‌فه‌و ھزری تێكسته‌كه‌ به‌ بینه‌ر بگه‌یه‌نێت.

ئه‌گه‌ر سه‌رنجی نمایشی باوك بده‌ین، ده‌بینین ده‌رھێنه‌ر شێوازی كاركردنی ئاوێته‌یه‌كه‌ له‌ ھه‌ردوو ئاراسته‌كه‌، واته‌ ھه‌م به‌ ئاراسته‌ی دروستكردنی فۆرمی ده‌ره‌كی و جه‌سته‌ی بینراوی نمایش كاریكردووه‌، ھه‌میش بایه‌خێكی زۆری به‌و فۆرمه‌ ناوه‌كییه‌ داوه‌ كه‌ تیاییدا ئه‌كته‌ر ده‌بێته‌ كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كی بیناكردنی نمایش و رێژه‌یه‌كی ره‌ھای دروستكردنی نمایش پێكده‌ھێنێت، ئه‌م تێكسته‌ی سترندبێرگیش زه‌مینه‌یه‌كی گونجاوه‌ بۆ ئه‌و كرداره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی كاره‌كته‌رلای سترندبێرگ په‌یوه‌سته‌ به‌و حاڵه‌ته‌ سایكۆلۆژی و ده‌روونیانه‌ی كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی كاره‌كته‌ر دروست ده‌بن و یاده‌وه‌رییه‌كان و قۆناغه‌كانی مناڵی و ئه‌زموونه‌كانی پێشووتری ژیان، ده‌بن به‌ فاكته‌رێكی مه‌زنی دیاریكردنی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان و ره‌سمكردنی ره‌فتارو كردارو دژه‌ كرداره‌كانیان.

ره‌ھه‌ندێكی تر كه‌ واده‌كات ئه‌م نمایشه‌ گونجاو بێت بۆ ئه‌وه‌ی پانتایی گوتاری نواندن تیاییدا فراوان بكرێت، بوونی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ئه‌كته‌ره‌ ده‌سته‌بژێره‌یه‌ كه‌ له‌م نمایشه‌ كاریان كردووه‌و ئه‌زموون و توانای به‌رفراوانیان ھه‌یه‌ له‌ خزمه‌تكردنی گوتاری نمایش و ھه‌ڵگرتنی باره‌ قوڕسه‌كه‌ی نمایش، ئه‌مه‌ش خاڵی به‌ھێزی كاركردنی ده‌رھێنه‌ره‌ له‌م نمایشه‌ كه‌ ده‌زانێت پانتایی و رووبه‌ری نمایشه‌كه‌ی چۆن به‌سه‌ر ره‌گه‌زه‌ درامییه‌كانی دابه‌ش بكات و كامه‌ ره‌گه‌ز توانای ئه‌وه‌ی ھه‌یه‌ كه‌ رووبه‌ری فراوانتری پێبدرێت و بارستایی نمایش ھه‌ڵبگرێت.

نواندن له‌م نمایشه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فۆرمێكی واقیعی ناوه‌كی وه‌رگرتووه‌و ئه‌كته‌ر ھه‌میشه‌ ھه‌وڵده‌دات بۆ دروستكردنی حاڵه‌ته‌ درامی و سایكۆلۆژییه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌ی خۆی و دواتر وه‌ك حاڵه‌تێكی سروشتی له‌ رووكاری ده‌ره‌وه‌ی ره‌نگبداته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌كته‌ر پێویستی زۆری به‌و ته‌كنیكانه‌ ھه‌یه‌ كه‌ ستانسلافسكی به‌ ووردی دیاریكردووه‌و ئه‌كته‌ر ده‌بێ به‌ مه‌شق و راھێنان و ھه‌وڵدانێكی زۆره‌وه‌ پێیان بگات، گرنگترین ته‌كنیكیش كه‌ له‌م نمایشه‌ زۆر به‌ روونی ده‌بینرێت، ته‌كنیكی ته‌ریبكردنی واقیعی ئه‌دای ئه‌كته‌ره‌ له‌گه‌ل سروشت و ژیان و به‌كاربردنی یاده‌وه‌ریی ھه‌ڵچوون و نه‌ست و سۆزدارییه‌.

یه‌كێك له‌ گرنگترین پایه‌كانی نواندنی ئه‌كته‌ر له‌ نمایشێكی ھاوشێوه‌، كه‌شفكردنی ئیقاعی گشتی نمایش و ئیقاعی كاره‌كته‌ره‌، ئه‌كته‌ر تا نه‌توانێت ئه‌و دوو ریتمه‌ ھه‌رسبكات، ناتوانێت ئه‌داو نواندنێكی راستگۆرو باوه‌ڕھێن بكات، ئه‌مه‌ش به‌ ئاسانی دروست نابێت، ئه‌كته‌ر پێویستی به‌ ئه‌زموونێكی باش و توانایه‌كی باشی تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌و ھه‌ڵكۆڵین و بونیاتنان ھه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌سوودو تێراِمانی قوڵ و گقتوگۆی به‌رده‌وام له‌گه‌ل ده‌رھێنه‌رو دراماتۆرگی نمایش ھه‌یه‌.

له‌م نمایشه‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ر به‌ ئه‌زموونی جیاوازه‌وه‌ ده‌بینرێن و ھه‌ریه‌كه‌یان ھه‌وڵی زۆی داوه‌ كه‌ ببێته‌ به‌شێكی كاراو ته‌ریب به‌ ریتمی نمایش و فۆرمی واقیعی كاره‌كته‌ر كه‌ فۆرمێكی ته‌ریبه‌ به‌ سروشت و ژیان، ژه‌نه‌ڕالێ شانۆی كوردی و پاڵه‌وانی نمایش (شه‌ماڵی عه‌به‌ڕه‌ش_كاپتن) له‌م نمایشه‌ رۆڵی كاره‌كته‌ری سه‌نته‌ری به‌ركه‌وتووه‌و به‌جۆرێك ریتمی نمایش و ریتمی ئه‌دای كاره‌كته‌رو فۆرمی ئه‌دای كاره‌كته‌ره‌كانی تریش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ھارمۆنیه‌تی ئه‌دای شه‌ماڵی عه‌به‌ڕه‌شه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌دوو رووبه‌ره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، رووبه‌ری یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ خودی كاره‌كته‌ری كاپتن له‌م تێكسته‌ كاره‌كته‌رێكی بنه‌ڕه‌تی و دروستكه‌ری رووداو و داڕیژه‌ری ریتمی درامییه‌، زۆرینه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی تر به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ به‌م كاره‌كته‌ره‌ گرێدراون، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م تێكسته‌ له‌ داڕشتنیدا تایبه‌تمه‌ندی خۆی ھه‌یه‌و له‌ ھه‌ندێ تێكستی تری واقیعی ناچێت، گرنگترین تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م تێكسته‌ش (یه‌كانه‌یی رووداوه‌)، واته‌ ئه‌م تێكسته‌ له‌سه‌ر یه‌ك چیرۆك و یه‌ك ھێلی درامی بونیاتنراوه‌و نوسه‌ر پێویستی به‌ ھێلی درامی جیاوازو چیرۆكی لابه‌لا نه‌بووه‌ تا ھێلی گشتی تێكسته‌كه‌ی تیایدا دابڕێژێت، ئه‌م چیرۆكه‌ش چیرۆكی كاره‌كته‌ری كاپتن و ئه‌و جه‌نگه‌ ئه‌زه‌لییه‌یه‌ كه‌ له‌پێناو بێرتا ئه‌نجامیده‌دات، ئه‌م ململانێیه‌شم به‌ جه‌نگ ناوبرد چونكه‌ ھه‌میشه‌ سترندبێرگ باوه‌ڕی به‌ جه‌نگه‌كانی ژیان ھه‌بووه‌و پێیوابووه‌ ژیان جه‌نگێكی به‌رده‌وامه‌.

ئیتر له‌مه‌وه‌ تێده‌گه‌ین كارێكی ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر كاره‌كته‌ری كاپتن سه‌نته‌ری رووداوه‌كان بگرێت و ئه‌وانی تر ته‌نھا ئه‌و خوڵگه‌یه‌ پێكبێنن كه‌ ده‌وران و سوڕانه‌وه‌ی درامی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ ته‌واو ده‌كات، شه‌ماڵیش وه‌ك ئه‌كته‌رێكی به‌ئه‌زموون دووئه‌وه‌نده‌ له‌ سه‌نته‌ربوونی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ی چڕكردۆته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه‌ شه‌ماڵی تیا ده‌رناكه‌وێت، بینه‌ر تیاییدا ھه‌ست به‌ جۆرێك له‌ بۆشایی و چاوه‌ڕوانی ده‌كات، ریتمی ئه‌و دیمه‌نانه‌ش ته‌واو جیاوازه‌ له‌گه‌ل ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه‌ شه‌ماڵ تیایاندا ئاماده‌یی درامی و فیزیكی ھه‌یه‌.

ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ بۆشاییه‌وه‌ نه‌ھاتووه‌، شه‌ماڵ ته‌نھا ئه‌و قوڕساییه‌ی نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ماڵی عه‌به‌ڕه‌شه‌و ئه‌كته‌رێكی ناسراوی نێو یاده‌وه‌ری ئێمه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌یان ئه‌كته‌ری ناسراومان ھه‌یه‌ كه‌ به‌شێكی زۆر یاده‌وه‌ری ئێمه‌ی داگیركردووه‌، به‌ڵام كاتێ له‌ ھه‌ندێ نمایش ده‌یانبینین، پێمانخۆشه‌ چاومان داخه‌ین تا به‌و فۆرمه‌ تازه‌یه‌ كه‌ پڕیه‌تی له‌ شكست و دووباره‌بوونه‌وه‌و كڵێشه‌به‌ندی، ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ شیرین و جوانه‌مان نه‌سڕێته‌وه‌ كه‌ پێشتر وه‌ك كاره‌كته‌ری ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ له‌ نه‌ست و یاده‌وه‌ریمان ھه‌ڵمانگرتووه‌،شه‌ماڵ له‌م نمایشه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌ی گرنگه‌وه‌ كه‌ جه‌سته‌و ئیحساس و ده‌نگ و ده‌ربڕین و ئاماژه‌ن، ده‌توانێت جۆرێك له‌ نواندن بۆ كاره‌كته‌ری كاپتن بكات، كه‌ ھه‌موومان بیرمان بچێته‌وه‌ ئێمه‌ له‌ شانۆ دانیشتووین، ئه‌و ھاوته‌ریب بوون و ھاوشێوه‌بوونه‌ی شه‌ماڵ بۆ كاره‌كته‌ری كاپتن وامانلێده‌كات وه‌ك بینه‌ر كاپتن وه‌ك حه‌قیقه‌تێكی ره‌ھاو سروشتی و واقیعی ببینین و ھه‌رگیز ھه‌ست به‌وه‌ نه‌كه‌ین ئه‌مه‌ كاره‌كته‌رێكی سترندبێرگه‌، ته‌نانه‌ت من پێموایه‌ له‌ ھه‌ندێ كات ئیحساس تووشی گێژاوی ئه‌وه‌ی ده‌كردین كه‌ دوای نمایشیش حه‌زبكه‌ین شه‌ماڵ ئیتر شه‌ماڵ نه‌بێت و ھه‌ر له‌ فۆرمی كاپتندا بیبینینه‌وه‌*، ئه‌مه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌ درامییه‌یه‌ كه‌ پێیده‌ووترێت ته‌قه‌موسی ئیبداعی، ته‌قه‌موسی ئیبداعی ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ كاتێ ئه‌كته‌ر له‌ نواندنی كاره‌كته‌رێكدا به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات كه‌ ھیچ بۆشاییه‌ك ناھێلێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر خه‌یاڵی ئه‌و یارییه‌ شانۆییه‌ بكات كه‌ له‌ پێشی ئه‌نجامده‌درێت، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌نده‌ به‌ چه‌ند وورده‌كارییه‌كی زۆر قوڵی ئه‌دای ئه‌كته‌ر كه‌ واده‌كات ئه‌م جۆره‌ ته‌قه‌موسه‌ له‌ ته‌قه‌موسی ئینفیعاڵی جیابكاته‌وه‌ كه‌ تیاییدا ئه‌كته‌ر كۆنتڕوڵی ھه‌سته‌وه‌رو ھزری خۆی له‌ ده‌ستده‌دات و ده‌بێته‌ دیلی بیركردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌رو سێبه‌ری خۆی وه‌ك ئه‌كته‌رو دروستكه‌ری كاره‌كته‌ر وون ده‌كات.

گه‌یشتنی شه‌ماڵ له‌م نمایشه‌ به‌و ئاسته‌ ناوازه‌و تایبه‌ته‌ به‌ھۆی به‌كاربردنی كۆمه‌ڵێك فاكته‌رو تێگه‌یشتنی ئه‌و ئه‌كته‌ره‌یه‌ له‌ میتۆدی نواندن و میتۆدی نمایش، شه‌ماڵ ئه‌زانێ چۆن كاره‌كته‌ری كاپتن دابه‌شبكات و له‌ھه‌ر دیمه‌نێكدا چۆن ئه‌و فۆرمه‌ی پێببه‌خشێت كه‌ وه‌ك ئامانج بۆ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ ده‌ستنیشانیكردووه‌، ئه‌كته‌ر ده‌بێ بزانێ چۆن حاڵه‌ته‌ درامی و سایكۆلۆژییه‌كانی كاره‌كته‌ره‌كه‌ی ده‌خوێنێته‌وه‌و چۆن دابه‌شییده‌كات و شاره‌زای خاڵی ھه‌ڵچوون و ھه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و گۆڕانكارییه‌ بنه‌ڕه‌تی و ھزری و ھه‌ستییه‌كان بێت كه‌ له‌ ھه‌ر قۆناغێكدابه‌ر كاره‌كته‌ر ده‌كه‌ون، له‌ ھه‌مووشی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ نابێ ئه‌كته‌ر پێش رووداو و گۆڕانكارییه‌كان بكه‌وێت و زووتر ئه‌و ئاماژانه‌مان بداتێ به‌و سه‌ره‌نجامه‌ی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ پێیده‌گات، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی سایكۆلۆژی و ئیحساسه‌وه‌، ھه‌ندێك ئه‌كته‌ر ھه‌ر له‌ دیمه‌نه‌كانی سه‌ره‌تا ده‌ستیان كه‌شف ده‌بێت و بینه‌ر زۆر به‌ ئاسانی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی به‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ دیمه‌نه‌كانی تر رووده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش ھۆكاری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌كته‌ره‌كه‌ زوووتر ھه‌وڵده‌دات له‌ روووی ده‌روونی و ناوه‌كییه‌وه‌ به‌و حاڵه‌ته‌ بگات كه‌ له‌ دیمه‌نه‌كانی دواتر گێڕۆده‌یان ده‌بێت، ئه‌مه‌ش كارێكی زۆر ھه‌له‌یه‌و ھه‌موو سوپڕایزه‌كانی نمایش و ئه‌كته‌ر كاڵده‌كاته‌وه‌، له‌م نمایشه‌ ئه‌وه‌ی كاپتن له‌ دیمه‌نه‌كانی سه‌ره‌تا ده‌بینێت، ھه‌رگیز ناتوانێت خه‌یاڵی ئه‌و كۆتاییه‌ بكات كه‌ كاپتن له‌ دیمه‌نی كۆتایی پێیده‌گات، ئه‌مه‌ش زیره‌كی ئه‌كته‌ره‌ كه‌ ده‌توانێت بۆ ھه‌موو دیمه‌نێك كارێك بكات كه‌ بینه‌ره‌كه‌ی تووشی شۆك بكات و فۆڕمێكی تر ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی نیشانبدات.

خاڵێكی تر كه‌ زۆر گرنگه‌و له‌ نواندنی شه‌ماڵ ره‌نگده‌داته‌وه‌، ئیحساسكردنه‌ به‌ فرێشی رووداو و دیالۆگه‌كان، ھه‌میشه‌ كێشه‌ی ئه‌كته‌ری ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ك راھێنان ده‌كات كه‌ ناتوانێت له‌ كاتی نمایش ئه‌و ئیحساسه‌ ببه‌خشێت كه‌ ئه‌و رووداوانه‌ی رووده‌ده‌ن، ئێستا له‌ ساتی نمایش رووده‌دات و ئه‌و دیالۆگانه‌ی كه‌ ده‌یانبیستێت، یه‌كه‌مجاره‌ ده‌یانبیستێت و پێشتر به‌رینه‌كه‌وتووه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌ی ھزری وجه‌سته‌یی و ھه‌سته‌كانی فریش و راسته‌قینه‌و راستگۆ بن و ئیحساس و كاردانه‌وه‌ی دووباره‌و كڵێشه‌یی نه‌بن، ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌ر نه‌توانێت به‌مشێوه‌یه‌ ئیحساس و ھزری كۆنتڕۆڵ بكات، ھه‌رگیز ناتوانێت راستگۆیی له‌ ئه‌داكردنییدا ھه‌بێت، راستگۆییش له‌ ئه‌داكردن بنه‌مایه‌كی گرنگی نواندنه‌ له‌ واقیعیه‌تی ناوه‌كی و ئه‌كته‌ر ھیچ كاتێك ناتوانێت سه‌ركه‌وتوو بێت ئه‌گه‌ر ئه‌و ئیحساسه‌ به‌ راستگۆیی یه‌كه‌مجار به‌خۆی و دواتر به‌ بینه‌ر نه‌گه‌یه‌نێت.

خاڵێكی تری گرنگ له‌ ئه‌داكردنی ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ماڵی عه‌به‌ڕه‌شدا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توانای قه‌ناعه‌تھێنانی به‌ بینه‌ر زۆر به‌زره‌، بینه‌ر ناتوانێت بڕوا نه‌كات به‌ ره‌فتارو ئیحساس و ھه‌ڵچوون و كارو كاردانه‌وه‌كانی كاپتن، ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشتر ژه‌نه‌ڕاڵ توانیویه‌تی قه‌ناعه‌ت لای خۆی و له‌نێو بیركردنه‌وه‌ی خۆی دروستبكات، ئه‌كته‌ر ئه‌گه‌ر له‌ناوه‌وه‌ قه‌ناعه‌تی دروست نه‌كرد به‌ كاره‌كته‌رو رووداو و ھه‌موو ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی كه‌ پێیان ده‌وره‌ دراوه‌ ھه‌رگیز ناتوانێت ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ به‌منی بینه‌ر بگه‌یه‌نێت، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش پێویستی به‌ ئاگاییه‌كی زۆر و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و عه‌شق ھه‌یه‌، ده‌بێ ئه‌كته‌ر به‌عه‌شقه‌وه‌ نواندن بكات، به‌ عه‌شقه‌وه‌ سه‌یری شانۆ بكات، به‌ عه‌شقه‌وه‌ خۆی ئاماده‌ و مه‌شق بكات، به‌ عه‌شقه‌وه‌ تیاییدا بژێیت و بتوێته‌وه‌، به‌ پیرۆزییه‌وه‌ له‌و بینه‌ره‌ بڕوانێت كه‌ ھاتووه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌دیارییه‌وه‌ دابنیشێت، ئه‌مه‌ش ته‌نھا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ خودی ئه‌كته‌ره‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێ ته‌واوی ژینگه‌ی ئه‌و كاره‌ به‌و عه‌شق و پیرۆزییه‌وه‌ په‌رژین كرابێت تا بتوانرێت ئه‌و عه‌شقه‌ لای ئه‌كته‌ر حاڵه‌تێكی ده‌رھاویشته‌ نه‌بێت.

بۆئه‌وه‌ی زۆر ئه‌م به‌شه‌ درێژنه‌بێته‌وه‌، ته‌نھا له‌سه‌ر دووسیمای تری نواندنی ژه‌نه‌ڕاڵ ده‌وه‌ستم، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ دیمه‌نی كۆتایی نمایشه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌بوو، سیمای یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی و به‌رده‌وامی ژه‌نه‌ڕاڵ له‌گه‌ل كاره‌كته‌ره‌كانی تر، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ یه‌كێك بوو له‌ خاڵه‌ به‌ھێزه‌كانی ئه‌دای ژه‌نه‌ڕاڵ له‌م نمایشه‌ كه‌ فاكته‌رێك بوو بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كێرڤی نواندن، شه‌ماڵ ھه‌میشه‌ به‌ ئاگاییه‌كی زۆره‌وه‌ په‌یوه‌ندی و ته‌واسڵی له‌گه‌ل كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌وره‌به‌ری ھه‌یه‌و فۆرمێكی تایبه‌تیشی ھه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ ھه‌ریه‌كێك له‌وان، له‌ دیمه‌نی كۆتایی به‌ر سێ كاره‌كته‌ر ده‌كه‌وێت و سێ فۆرمی جیاوازی ته‌واسل و ته‌ریب بوون ئه‌دا ده‌كات، له‌ فۆرمی یه‌كه‌م به‌ر بێرتا ده‌كه‌وێت و سیماو فۆرمی باوكێكی سوتاو و شه‌قارشه‌قار به‌ گومان پێشكه‌شده‌كات و له‌ یه‌كاتتدا حه‌زده‌كات ھه‌م بیكوژێت و له‌ناوی ببات و ھه‌میش به‌ توندی له‌ باوه‌شی بگرێت، كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو ھه‌سته‌وه‌ره‌ دژواره‌ له‌ یه‌كاتتدا له‌ مه‌ودایه‌كی درامی زۆر كه‌مدا، توناو ئیبداعی ژه‌نه‌رَاڵ نیشانده‌دات و دیمه‌نێكی ئه‌وه‌نده‌ ناوازه‌ نیشانده‌دات كه‌ تیاییدا ھیچ كه‌سێك گومانی نییه‌ له‌ راسته‌قینه‌یی باوكایه‌تی ژه‌نه‌ڕاڵ و كاره‌ساتی ئه‌و گومانه‌ی داگیریكردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌م ھه‌سته‌وه‌ره‌ به‌رزه‌ بۆ بێرتا ده‌گوازێته‌وه‌و دییه‌ عه‌لی، ئه‌و كچه‌ ناسك و كه‌مئه‌زموونه‌ وه‌ك ئه‌كته‌رێكی گه‌وره‌ له‌ ئه‌داكردنی ئه‌و ساته‌ ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ دیمه‌نی دواتر به‌رامبه‌ر كاره‌كته‌ری لاورا_خه‌رمان ھیرانی، دیسان ژه‌نه‌ڕاڵ له‌ فۆڕمێكی تردا دوو ھه‌سته‌وه‌ری جیاوازو دژ كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكیان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ رابردوو، رۆژانی سه‌ره‌تای عه‌شق و رۆمانسیه‌ت و ئه‌و بۆن و عه‌تره‌ ڤانێڵاییه‌ی كه‌ له‌ قژی لاورای كردووه‌، دووه‌میشیان به‌ركه‌وتنه‌ به‌ر ئه‌و پیلانگێڕییه‌ی لاورا كه‌ ھه‌ناسه‌كانی توند ده‌كات و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ ژیان ده‌پچڕێنێت، سێیه‌م به‌ركه‌وتن له‌گه‌ل مارگرێت_شادان فوئاده‌، ئه‌م به‌ركه‌وتنه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌ ئه‌وانی تر، چونكه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌رده‌می مناڵی وبه‌رائه‌ت، سه‌رده‌می لاساری و سه‌ركێشی، ژه‌نه‌ڕاڵ لێره‌شدا له‌نێو دوو ھه‌سته‌وه‌ری دژدا به‌ریه‌ك ده‌كه‌وێت، ھه‌سته‌وه‌ری ژنێك كه‌ ھه‌میشه‌ سینه‌یه‌كی ئارام بووه‌ كه‌ تیاییدا بنوێت و تاكه‌ ژنه‌ كه‌ كوێرانه‌ متمانه‌ی پێده‌كات، ئه‌وه‌ی تر فێڵكردن و چاوبه‌ستنی كاپتنه‌ تا كراسه‌كه‌ی له‌به‌ر ده‌كات و بۆ شێتخانه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت.

ئه‌و ته‌كنیكه‌ گرنگه‌ی كه‌ شه‌ماڵ له‌و دیمه‌نه‌ی دوایی و له‌و به‌ركه‌وتنانه‌ به‌كاری ده‌بات، ته‌كنیكی به‌كاربردنی زاكیره‌ی ئینفیعالی و نه‌سته‌، لێره‌دا ئه‌كته‌ر ده‌توانێت زۆر به‌ كارامه‌یی یاده‌وه‌رییه‌كانی به‌كارده‌بات بۆ ئه‌وه‌ی سروتێكی درامی پڕ ئیحساسی ئێستایی دروست ده‌كات، كاتێك ئه‌و دیمه‌نه‌م بینی ھه‌ستمكرد ئه‌گه‌ر ستانسلافسكی له‌ ژیانبووایه‌و ئه‌م دیمه‌نه‌ی بدیتبایه‌، ھه‌ڵده‌ستایه‌و سه‌رپێ و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ چه‌پڵه‌ڕێزانی ئه‌و ئه‌داكردنه‌ی شه‌ماڵی ده‌كرد، ئه‌گه‌ر پێشتریش ستانسلافسكی دژی ئه‌وه‌ بووبێت كه‌ مامه‌ڵه‌ی جودا له‌گه‌ل ئه‌كته‌ر بكات و بڕوای به‌ ئه‌كته‌ری ئه‌ستێره‌ نه‌بووبێت، ئه‌وه‌ بێگومان پاش ئه‌و دیمه‌نه‌ ئیتر گومان له‌و بۆچوونه‌ی ده‌كات و به‌و قه‌ناعه‌ته‌ ده‌گه‌یشت كه‌ ئه‌كته‌ری ئه‌ستێره‌ ئه‌وه‌نییه‌ كه‌ پێشتر وه‌ك ئه‌ستێره‌ ناسراوه‌، ئه‌كته‌ری ئه‌ستێره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت وه‌ك ئه‌ستێره‌ به‌ ئاسمانی نمایشدا بسوڕێته‌وه‌و دڵ و ده‌روونه‌كان به‌ جوانی و داھێنان روناك بكاته‌وه‌.

ktv

رووبه‌ری شه‌شه‌م :

خه‌رمان ھیرانی و شادان فوئاد:

باڵابوون و داھێنانی ئه‌م نمایشه‌ له‌ رووبه‌ری نواندنه‌وه‌ ته‌نھا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ماڵی عه‌به‌ڕه‌ش و كاره‌كته‌ری كاپتن، راسته‌ ژه‌نه‌ڕاڵ وه‌ك كاریزما و سه‌نته‌ر رووبه‌رێكی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام داھێنان و ئه‌فراندنی ژه‌نه‌ڕاڵ ده‌ره‌نجامی ئه‌و كردراه‌ ھاوبه‌شه‌یه‌ كه‌ ھه‌موو ئه‌كته‌رانی ئه‌م نمایشه‌ له‌ دروستكردنی به‌شداربوون و رۆڵی كارایان تیادا بینی، ده‌ركه‌وتنی ژه‌نه‌ڕاڵ له‌م فۆرمه‌ ئیبداعییه‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و زه‌مینه‌سازییه‌ بوو كه‌ له‌لایه‌ن ده‌رھێنه‌رو دواتر ئه‌كته‌ره‌ ھاوڕێیه‌كانی داھێنرابوو، له‌ ھه‌مووشی گرنگتر له‌م نمایشه‌ رۆحێكی مه‌زنی ته‌بابوون و خۆشه‌ویستی ده‌بینراو ھیچ جۆره‌ ئیره‌یی و به‌ركه‌وتنێك بوونی نه‌بوو له‌نێوان ئه‌كته‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی پانتایی زیاتری سه‌رنج و ئاماژه‌دانیان به‌ركه‌وێت، ئه‌م رۆحه‌ به‌رزه‌ وایكرد كه‌ ئه‌م نمایشه‌ به‌و شێوه‌ به‌رزو ئه‌كادیمییه‌ بێته‌ به‌رھه‌م، بۆیه‌ لێره‌دا پێمخۆشه‌ جارێكی تر بۆ ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ جوان و داھێنه‌رانه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ كه‌ تێگه‌یشتن و ئیلیتیزام و خاكه‌ڕاییان، وێنه‌یه‌كی ناوازه‌ی به‌م نمایشه‌ به‌خشی.

خه‌رمان ھیرانی_لاورا له‌م نمایشه‌ رۆلێكی میحوره‌ی و گرنگی ھه‌یه‌و بوونی خه‌رمان وه‌ك ئه‌كته‌رێكی به‌ ئه‌زموون و به‌ ئیدراك له‌م شانۆییه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی به‌سه‌ر فۆرم و ریتم و شێوه‌ی نمایشه‌وه‌ ھه‌بوو، یه‌كێك له‌ دیارترین خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌دای خه‌رمان له‌م شانۆییه‌ متمانه‌و قه‌ناعه‌ت و تێگه‌یشتنی كاره‌كته‌ر بوو، زۆر گرنگه‌ ئه‌كته‌ر متمانه‌ی ته‌واوی ھه‌بێت به‌ تواناكانی و دڵه‌ڕاوكێی ئه‌وه‌ی نه‌بێت ئاخۆ ئه‌م فۆرمه‌ نواندنه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ده‌یخوازێت به‌ بینه‌ر ده‌گات ؟، ھه‌ركاتێ ئه‌كته‌ر له‌ ئاماده‌یی خۆی و جوله‌و دیالۆگ و ھه‌ناسه‌و تۆنی ده‌نگی دڵنیابوو، متمانه‌ی ھه‌بوو كه‌ ده‌توانێت فۆرمی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ به‌ ئاسانی و به‌شێوه‌یه‌كی په‌سه‌ند بگه‌یه‌نێت، ده‌توانێت به‌باشترین فۆرم ئه‌دای كاره‌كته‌ره‌كه‌ی بكات، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ ئه‌كته‌ر تواناكانی خۆی به‌كه‌م نه‌گرێت و ترسی له‌ پانتایی و رووبه‌ری كاره‌كته‌ره‌كه‌ نه‌بێت، بێگومان ئه‌م متمانه‌یه‌ له‌ بۆشاییه‌وه‌ دروستنابێت، ده‌ره‌نجامی كۆمه‌ڵێ كرداری گرنگه‌ وه‌ك ئه‌زموون و خوێندنه‌وه‌و به‌دواگه‌ڕان و ھه‌ڵكۆڵین و چاودێریكردنی فۆرمی كاره‌كته‌ر له‌نێو كایه‌ راسته‌قینه‌كانی ژیان و دیالۆگی به‌رده‌وام له‌گه‌ل ده‌رھێنه‌رو دراماتۆرگ و ستافی نمایش و ئه‌كته‌ره‌كانی ھاوڕێی، خه‌رمان له‌م نمایشه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌دڵنیایی و متمانه‌وه‌ ئه‌دای ده‌كرد، ھه‌ستمان به‌و تێگه‌یشتنه‌ قوڵه‌ی ده‌كرد بۆ كاره‌كته‌رو ته‌واوی ره‌ھه‌نده‌ درامی و سایكۆلۆژییه‌كانی شانۆییه‌كه‌و نه‌خشه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی رووداو و رووبه‌ری ھه‌ر كاره‌كته‌رێك له‌نێو ئه‌و ھاوكێشه‌ شانۆییه‌، ئه‌مه‌ش ھۆكاری ئه‌وه‌بوو كه‌ خه‌رمان له‌ ئه‌داكردنی دیالۆگدا ھیچ جۆره‌ ته‌ته‌له‌و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی پێوه‌ دیار نه‌بێت، له‌مه‌ش زیاتر به‌ركه‌وتنی خه‌رمان له‌گه‌ل ئه‌كته‌ره‌كانی تر ئه‌وه‌نده‌ به‌ركه‌وتنێكی ئاسان و عه‌فه‌وی و ھاوسه‌نگ بوو، كه‌ وایكردبوو ئه‌دای خه‌رمان له‌زۆرینه‌ی نمایشه‌كه‌ وه‌ك سه‌نته‌رێكی گرنگی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌كته‌ره‌كانی تر ده‌ربكه‌وێت و ھه‌میشه‌ بوونی له‌ ھه‌ر دیمه‌نێكدا، فاكته‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بوو بۆ راگرتنی ریتمی ئه‌داو ھاوسه‌نگبوونی نواندن.

خه‌رمان په‌یوه‌ندییه‌كی درامی و ھه‌ستیی زۆر به‌ھێزی به‌ ئه‌كته‌ره‌كانی تره‌وه‌ ھه‌بوو، به‌تایبه‌تیش به‌رامبه‌ر ژه‌نه‌ڕاڵ، دووانه‌یه‌كی زۆر گرنگ و سه‌رنجڕاكێشیان دروستكردبوو، له‌ به‌ركه‌وتنی لاورا و كاپتن، ئه‌وه‌نده‌ی ته‌ركیز خرابووه‌ سه‌ر لایه‌نی ھه‌ستیی و ده‌روونی و رووبه‌رێكی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتنی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی داگیر كردبوو، دیالۆگ له‌ پله‌یه‌كی خوارتر ده‌ھات، واته‌ به‌ركه‌وتنه‌ ھه‌ستییه‌ ده‌روونییه‌كه‌ زۆر له‌ سه‌رووی به‌ركه‌وتنه‌ دیالۆگییه‌كه‌ بوو، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دوو ئه‌كته‌ره‌ به‌شێوه‌یه‌ك كاره‌كته‌ره‌كه‌یان ھه‌زمكردووه‌، كه‌ قۆناغی به‌ركه‌وتن و ته‌واسلی ده‌ره‌كی تێپه‌ڕاندووه‌و ھه‌ردووكیان له‌ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه‌ چونه‌ته‌ ناوه‌وه‌ی كاره‌كته‌رو پێویستیان به‌دیالۆگ نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیحساسه‌كانیان دابڕێژن، ئه‌دای دیالۆگ ده‌ره‌نجامی ئه‌و ھه‌سته‌وه‌ره‌ به‌رزه‌ بوو كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی ئه‌م دوو ئه‌كته‌ره‌وه‌ ھه‌ستیپێده‌كرا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌وه‌وه‌ زۆر ئه‌كته‌ر ھه‌یه‌ له‌ دیالۆگه‌وه‌ ئیحساس دروست ده‌كات و به‌بێ دیالۆگ رووبه‌رێكی فلات و بێ ئیحساسه‌.

خاڵێكی تری گرنگی ئه‌دای خه‌رمان له‌م نمایشه‌، ئه‌داكردنی لاورا بوو وه‌ك كاره‌كته‌رێكی واقیعی كه‌ شوێن و كات و كرداری دیاریكراوی ھه‌یه‌و ھیچ ناڕوونییه‌ك له‌ وێناكردنی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ نابینرێت، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌كته‌ر پێویسته‌ جگه‌ له‌ ره‌ھه‌نده‌ درامییه‌كه‌ی كاره‌كته‌ر، شڕۆڤه‌ی ره‌ھه‌نده‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ھزری و كوڵتوورییه‌كانی بكات، به‌ ئاگابێت له‌ رابردوو و ئێستاو داھاتووی كاره‌كته‌رو بتوانێت ھزرو ھه‌سته‌وه‌ری ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ به‌ بینه‌رو ئه‌كته‌ره‌كانی تر بگه‌یه‌نێت، خه‌رمان له‌مه‌دا زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو، ته‌نانه‌ت له‌ كاراكردنی ھه‌سته‌وه‌ره‌ ناوه‌كییه‌كانی توانی ئاماژه‌و ده‌ربڕین و تۆنی ده‌نگ و جوله‌و ھه‌ڵچوون و ھه‌ڵوێسته‌كانی، بكاته‌ ده‌ره‌نجامێكی ئه‌و ھه‌سته‌وه‌ره‌ ناوه‌كییه‌ كه‌ له‌ناوه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر دروست ده‌بێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ وێنای جه‌سته‌ی ئه‌دای ئه‌كته‌ر ده‌كات.

شادان فوئاد_مارگرێت له‌م نمایشه‌ كاره‌كته‌رێكی ته‌واو جیاوازی ئه‌داكرد له‌و كاره‌كته‌رانه‌ كه‌ پێشتر به‌ریكه‌وتوون، كاره‌كته‌ری مارگرێت به‌درێژایی نمایشه‌كه‌ له‌ڕووی درامییه‌وه‌ كاره‌كته‌رێكی میحوه‌ری نییه‌و توانای دروستكردنی رووداو و كرداری نییه‌، ته‌نھا له‌ دیمه‌نی كۆتایی نمایش نه‌بێت، شادان ھه‌رچه‌نده‌ له‌ دیمه‌نه‌كانی به‌رایی نمایش پێداگرییه‌كی زیاتری ھه‌بوو وه‌ك ئه‌دا بۆ كاره‌كته‌ری مارگرێت و به‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ھه‌ندێكجار ده‌كه‌وته‌ نێو پانتایی زیاده‌ڕۆیی و ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ی ناپێویست بۆ نیشاندانی فۆرمی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌، به‌ڵام له‌ دیمه‌نی كۆتایی ھه‌موو ئه‌و وێنانه‌ ده‌سڕێته‌وه‌و ئه‌دای شادان ده‌چێته‌ قۆناغێكی گرنگی باڵابوون و ھاوشانبوون له‌گه‌ل ئه‌دای ژه‌نه‌ڕاڵ له‌م نمایشه‌، شادان به‌ به‌كاربردنی یاده‌وره‌ ھه‌ستیی و نه‌ستی و ئینفیعالییه‌كانی له‌ دیمه‌نی كۆتایی، ئاستی ئه‌داكردنی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رچاو به‌رزده‌بێته‌وه‌و ده‌گاته‌ قۆناغێكی گرنگی دروستكردنی ئیحساسی راسته‌قینه‌و سروشتی كه‌ وامانلێده‌كات سه‌رسام بین به‌و فۆرمه‌ پڕه‌ له‌ ئیحساس و راستگۆیی و عه‌فه‌ویه‌ته‌، چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ئیحساس و فۆرمه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانه‌، ره‌نگه‌ ئه‌م یاده‌وه‌رییانه‌ش په‌یوه‌ست به‌ خودی شه‌ماڵ و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دوورو درێژه‌ی كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌م دوو كاره‌كته‌ره‌ی كۆكردۆته‌وه‌ وه‌ك دوو ھاوسه‌ر، بۆیه‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو ئه‌كته‌ره‌ باڵایه‌ له‌م دیمه‌نه‌ یه‌كێك بوو له‌ گرنگترین سیمای ناوازه‌یی ئه‌م نمایشه‌و به‌ركه‌وتنی ئه‌م دوو ئه‌كته‌ره‌ ئه‌وه‌نده‌ راستگۆو ساده‌یی و ئاسانی تیایه‌، ئه‌مه‌ش به‌ ھۆی ئه‌و ته‌قه‌موسه‌ ئیبداعییه‌ی ھه‌ردوو ئه‌كته‌ر له‌م دیمه‌نه‌، من دڵنیام له‌م ساته‌دا شادان به‌ ته‌واوی له‌ كاره‌كته‌ری خۆی دابڕاوه‌و به‌ ته‌واوی ھه‌ستی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ داده‌ مارگرێته‌و ئه‌مه‌ش كوڕه‌ لاساره‌كه‌یه‌تی كه‌ ته‌نھا به‌ فێل و چاوبه‌ستن كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت، من دلنیام ئه‌م ئیحساسه‌ پێشئه‌وه‌ی به‌ بینه‌ر بگات به‌ خودی شادان گه‌یشتووه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین بنه‌ماكانی نواندن له‌ شانۆی واقیعی كه‌ ئه‌كته‌ر به‌و شێوه‌یه‌ راسته‌قینه‌یه‌ ھه‌ست به‌و په‌یوه‌ندییه‌ بكات كه‌ به‌ كاره‌كته‌ری به‌رامبه‌ری ده‌یبه‌ستێته‌وه‌، ئێمه‌ له‌ ھه‌ندێ نمایشدا ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ زۆر به‌ ناكاملی ده‌بینین و ناتوانێت شۆڕبێته‌وه‌ بۆ ناخی ئه‌كته‌ره‌كان و تا به‌ بینه‌ریش بگات.

ktv

رووبه‌ری حه‌فته‌م و كۆتایی:

كاره‌كته‌ره‌ به‌كاربرداوه‌كانی باوك:

پاشئه‌وه‌ی له‌ به‌شه‌كانی تر باسمان له‌ نواندن كرد، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر نواندن و ئه‌داكردنی ھه‌رسێ ئه‌كته‌ر، ژه‌نه‌ڕاڵ و خه‌رمان و شادان ھه‌ڵوه‌سته‌مان كرد، له‌م به‌شه‌دا ھه‌وڵده‌ین تیشكێك بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌داو نواندنی ئه‌كته‌ره‌كانی تری ئه‌م نمایشه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان كاره‌كته‌ره‌كانیان جۆرێك له‌ یه‌كچوونی تیایه‌ له‌نێوانیانداو جیاوازن له‌گه‌ل ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی كه‌ له‌ به‌شه‌كانی تر باسمان لێوه‌ كرد.

ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌كته‌رانه‌ كۆده‌كاته‌وه‌و واده‌كات له‌ یه‌كتری بچن، فۆرم و بونیادو كاریگه‌ری ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌یه‌ له‌نێو بونیادی نمایش و ئاستی به‌شداریكردنیانه‌ له‌ دروستكردنی رووداو و كرداری درامی له‌نێو نمایش، ئه‌گه‌ر ووردبێنه‌وه‌ ده‌بینین ھه‌موو ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ به‌ جیاوازی جوگرافیاو پانتایی كاركردن و ده‌ركه‌وتنیان له‌م درامایه‌، له‌یه‌ك سیما و سیفه‌تی ھاوبه‌ش یه‌كده‌گرنه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ھه‌موویان كاره‌كته‌ری پاسیڤن، واته‌ كاره‌كته‌ری كاریگه‌ر نین و رووداو دروست ناكه‌ن به‌ڵكو كاره‌كته‌ری به‌كاربراون، ره‌نگه‌ ته‌نھا كاره‌كته‌ری (نۆید_كاروان عه‌لی) تا راده‌یه‌ك جیاوازه‌ چونكه‌ له‌ دیمه‌نی یه‌كه‌م كاره‌كته‌رێكی كارایه‌و رووداو دروست ده‌كات، به‌ڵام له‌ دیمه‌نه‌كانی تر ئه‌میش ته‌واو ده‌بێته‌ كاره‌كته‌رێكی به‌كاربراو كه‌ له‌لایه‌ن لاوراوه‌ به‌كار ده‌برێت، ھه‌موو ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان له‌لایه‌ن لاوراوه‌ به‌كابردراون و توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لاورایان نییه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات ئه‌م كاره‌كته‌رانه‌ به‌ ته‌واوی جیاواز بن له‌گه‌ل ھه‌رسێ كاره‌كته‌ری كاپتن و لاوراو مارگرێت.

كاره‌كته‌ری (بێرتا_دییه‌ عه‌لی) ھه‌رچه‌نده‌ سه‌نته‌ری ململانێی نێوان كاپتن و لاورایه‌، به‌ڵام تا راده‌یه‌كی زۆر كاره‌كته‌رێكی به‌كاربراو و بێ ئیرٍاده‌یه‌و ناتوانێت ھیچ جۆره‌ كاریگه‌رییه‌كی ھه‌بێت له‌و ململانێیه‌ی كه‌ له‌نێوان دایك و باوكیدایه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ ھه‌ندێ دیالۆگدا ئه‌وه‌ دووپاتده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت خۆی بێت و خاوه‌نی بڕیاری خۆی بێت، به‌ڵام ھیچێك له‌ دایك و باوك ئه‌و رووبه‌ری پێناده‌ن و بۆیه‌ كاره‌كته‌رێكی چه‌قیو و تیاماوه‌ له‌نێوان ئیڕاده‌و ویستی ھه‌ردوو جه‌مسه‌ری ململانێكه‌ و ناتوانێت به‌لایه‌كدا بكه‌وێت، ھه‌ڵبژاردنی خاتوو دییه‌ عه‌لی بۆ ئه‌دا كردنی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌ ئیجابییه‌كانی نواندن بوو له‌م شانۆییه‌، دییه‌ ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌ن و ئه‌زموونێكی زۆری نییه‌، به‌ڵام خاوه‌نی ئیحساس و ھه‌سته‌وه‌ورێكی ناوه‌كی یه‌كجار به‌رزه‌و توانای ئه‌وه‌ی ھه‌بوو ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌واسلییه‌ی نێوان خۆی و كاره‌كته‌ره‌كانی تر به‌شێوه‌یه‌ك دابڕێژێته‌وه‌ كه‌ ھه‌موو ره‌ھه‌نده‌كانی كچێكی ھه‌رزه‌كاری پڕ خه‌ون و خوڵیاو ده‌سته‌مۆی ململانێی نێوان دایك و باوك وێنا بكات، به‌تایبه‌تیش له‌ په‌یوه‌ندی و به‌ركه‌وته‌ی له‌گه‌ل ژه‌نه‌ڕاڵ، ئه‌وه‌نده‌ نزیكبوون له‌ فۆرم و روخسار و قوڵایی ھه‌ردوو كاره‌كته‌ری كچ و باوك، وایده‌كرد بۆ یه‌ك ساتیش گومان له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئینسانیی و پڕسۆزه‌ی نێوانیان نه‌كه‌ین و نمونه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی كچ و باوكێكی راسته‌قینه‌ بوون كه‌ ئه‌داكردنیان ته‌ریب بوو له‌گه‌ل ئه‌و فۆرمه‌ واقیعییه‌ی كچ و باوك كه‌ له‌واقیعی ژیاندا ھه‌یه‌، دییه‌ ئیحساسه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ به‌ڕاستگۆیی و له‌ناخیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان ده‌گرت، كه‌ ھیچ درزێكی بۆ بیركردنه‌وه‌و تێڕامان نه‌ده‌ھێشته‌وه‌، ئه‌م خاتوونه‌ به‌ ته‌واوی ته‌سلیمی ئه‌و ھه‌سته‌ راستگۆیه‌ بوو كه‌ له‌و ساته‌دا ھه‌ستیده‌كرد كچی ژه‌نه‌ڕاڵه‌و ئێمه‌ش به‌ راستگۆیی و عه‌فه‌ویه‌ت و بێ زیاده‌ڕۆیی ئه‌و ھه‌سته‌مان پێده‌گه‌یشت، فاكته‌رێكی تر كه‌ یارمه‌تیده‌ری دییه‌ بوو له‌ به‌رجه‌سته‌كردن، تۆن و ئیحساسی ده‌نگ بوو، دییه‌ خاوه‌نی ده‌نگێگی شانۆیی زۆر گونجاوه‌و پڕیه‌تی له‌ ئیحساسی به‌رائه‌ت و پاكیزه‌یی و خه‌ونی جوان، تۆنی ده‌نگی ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌رو ھه‌ستبزوێنه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر چاویشمان دابخه‌ین ده‌توانین له‌ ر ێگه‌ی تۆنی ده‌نگییه‌وه‌ ئاماژه‌كانی روخساری ببینین.

سیروان جه‌مال_دكتۆر، ئه‌كته‌رێكی به‌ ئه‌زموونه‌و خاوه‌نی تواناو ئه‌دای ناوازه‌یه‌، به‌ڵام له‌م شانۆییه‌ كێشه‌یه‌كی ھه‌یه‌، ئه‌ویش كێشه‌ی خودی بونیادی كاره‌كته‌ره‌، كاره‌كته‌ری دكتۆر له‌م نمایشه‌ كاره‌كته‌رێكی درامی و كاریگه‌ر نییه‌و پانتاییه‌كی ئه‌وتۆی تیادا نییه‌ تا تواناكانی ئه‌كته‌ر ده‌ربخات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ به‌شێكی كارا نییه‌و ململانێیه‌كی ناوه‌كی له‌گه‌ل خودی خۆی و كاره‌كته‌ره‌كانی تر نییه‌، ئه‌كته‌ریش له‌م حاڵه‌ته‌دا ناتوانێت یاده‌وه‌ره‌ نه‌ستی وئینفیعالییه‌كانی به‌كارببات بۆ دروستكردنی كاره‌كته‌ر، چونكه‌ سترندبێرگ ھیچ جۆره‌ چیرۆك و كردرارێكی درامی و ململانێیه‌كی جیاوازی به‌م كاره‌كته‌ره‌ نه‌به‌خشیوه‌، ته‌نانه‌ت توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ بڕیار بدات كامه‌ شوێن بۆ نیشته‌جێبوونی خۆی ھه‌ڵبژێرێت و ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كاپتن تووڕه‌ ده‌كات، وه‌ك باسمكرد ته‌نھا یه‌ك ھێلی رووداو له‌م تێكسته‌ ھه‌یه‌ كه‌ كاپتن و لاورا ده‌یجولێنن و ئه‌وانیتر ھیچ جۆره‌ ھێلی لاوه‌كی و رووداوی تایبه‌تیان نییه‌ كه‌ له‌ كۆتاییدا بڕٍژێته‌ نێو رووبه‌ری گشتی دروستكردنی دراما له‌م تێكسته‌، بۆیه‌ ئه‌دای سیروان جه‌مال له‌م شانۆییه‌ ته‌ریب له‌گه‌ل بونیادی كاره‌كته‌ره‌كه‌، ئه‌دایه‌كی ده‌ره‌كییه‌ و ھه‌موو ئاماژه‌و ئینفیعال و گوزارشته‌كانی به‌نده‌ به‌و دیالۆگانه‌ی كه‌ له‌ ھه‌ردوو كاره‌كته‌ری لاوراو كاپتنه‌وه‌ به‌ریده‌كه‌وێت و له‌ ژووره‌وه‌ ھیچ ھه‌ڵچوونێكی تایبه‌تی نییه‌، ئه‌مه‌ش ھۆكارێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی سیروان به‌ر رووی ده‌ره‌وه‌ی كاره‌كته‌ر بكه‌وێت و ھه‌موو ھزرو ته‌ركیزی له‌سه‌ر دیالۆگ بێت، بۆیه‌ به‌ھۆی ئه‌و ته‌ركیزه‌ زیاده‌وه‌ ھه‌ندێجار تووشی ته‌ته‌له‌ی ده‌ربڕینی دیالۆگ ده‌بوو، چونكه‌ بونیادی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ به‌نده‌ به‌و دیالۆگانه‌ی كه‌ به‌ریده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌ ویناكردن و ره‌سمكردنی فۆرمی ده‌ره‌كی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ سیروان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ھه‌وڵده‌دات ئه‌و فۆرمه‌ وێنا بكات و به‌تایبه‌تیش له‌ دروستكردنی پرسیار له‌سه‌ر روانین و چیرۆكه‌كانی لاورا، سیروان ئه‌و ھه‌سته‌مان پێده‌دات كه‌ دكتۆر به‌ ته‌واوی له‌ كاره‌كته‌ری لاوراو پاوانخوازییه‌كه‌ی تێده‌گات، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لاورا سه‌نته‌ری ھێزو بڕیاره‌ له‌ ماڵه‌كه‌دا، دكتۆر دوای ئاره‌زووه‌كانی لاورا ده‌كه‌وێت تا مانه‌وه‌ی خۆی مسۆگه‌ر بكات.

كاره‌كته‌ری قه‌شه‌ كه‌ ھه‌ریه‌ك له‌ دڵشاد ئه‌حمه‌د و ئامانج ئیبراھیم ئه‌دایان ده‌كرد، به‌ ھه‌مانشێوه‌ی كاره‌كته‌ری دكتۆر، كاره‌كته‌رێكی پاسیڤه‌، من دڵنیام سترندبێرگ به‌ مه‌به‌ست ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی وا داڕشتووه‌ كه‌ ھیچ جۆره‌ قوڕساییه‌كی نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئایین به‌شێوه‌یه‌ك نیشانبدات كه‌ ناتوانێت بڕیار و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ھه‌ڵبگرێت، دڵشاد ئه‌حمه‌د و ھه‌میش ئامانج ئیبراھیم له‌ ئه‌داكردنی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو سه‌ركه‌وتوو بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توانیان فۆرمی ده‌ره‌كی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ ئه‌دا بكه‌ن و جۆرێك له‌ متمانه‌و ته‌ركیز ئه‌دای ئه‌و دوو ئه‌كته‌ره‌ی جیاده‌كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئامانج ئیبراھیم كه‌ به‌چه‌ند رۆژێك پڕۆڤه‌كردن توانی ئه‌دایه‌كی زۆر موقنیع بكات و به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك ھه‌ست به‌ھیچ جۆره‌ ناته‌باییه‌ك نه‌كه‌ین له‌گه‌ل ئه‌دای گشتی نمایشدا، ته‌نانه‌ت له‌ په‌یوه‌ندیكردنی به‌ ئه‌كته‌ره‌كانی تر، ئیجابییه‌تێكی زیاتری نیشانداو توانی به‌ كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌ی سیماو روخسار، قوڵایی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نیشانبدات كه‌ به‌ كاپتن ده‌یبه‌ستێته‌وه‌، به‌رامبه‌ر به‌ خه‌رمان و كه‌سایه‌تی لاوراش ئه‌م ئیحساسه‌ زۆر به‌ باشی ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ زۆر باش له‌ سروشتی لاورا تێده‌گات، بۆیه‌ زیاتریش ته‌ركیزم له‌سه‌ر ئه‌دای ئامانج كرد چونكه‌ دووجار نمایشه‌كه‌م به‌ ئه‌دای ئامانج بینیووه‌، له‌ كاتێكدا ته‌نھا یه‌كجار و له‌ ژه‌نه‌ڕاڵ پرۆِڤه‌ ئه‌دای دڵشاد ئه‌حمه‌دم بێنیووه‌ كه‌ زۆر موقنیع بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ نمایش نه‌مبینیووه‌ ناتوانم قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بكه‌م.

كاروان عه‌لی_نۆید یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌كته‌رانه‌ی كه‌ من زۆر له‌سه‌ر شانۆ نه‌مدیوه‌، به‌ڵام له‌م نمایشه‌ سه‌لماندی كه‌ ئه‌كته‌رێكی شانۆییه‌و ده‌توانێت سه‌رنج ببات ئه‌گه‌رچی پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر شانۆ به‌رنه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵام به‌ھۆی ئه‌وه‌ی زۆر به‌ ھێمنی و متمانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و ره‌ھه‌ند و ھزرو ئیحساسه‌كانی كاره‌كته‌ر به‌ ئاسانی به‌ بینه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت و خۆی له‌ زیاده‌ڕۆیی و كڵیشه‌به‌ندی و گوتاربێژی ده‌پارێزێت كه‌ زۆرجار ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی ئه‌دای كاره‌كته‌ری سه‌ربازی ھاوشێوه‌ ده‌كه‌ن، گیڕۆده‌ی ده‌بن، ئه‌م ئه‌دایه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌چێته‌ رووبه‌ری ئه‌و ئه‌دا واقیعییه‌ ژیانیییه‌ی كه‌ فۆرمی نمایشی له‌سه‌ر بیناكراوه‌و كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر بینه‌ر جێده‌ھێلێت، كاڵێ سه‌باحیش له‌ كاره‌كته‌ری خزمه‌تكار به‌شێكه‌ له‌ فه‌زای ئه‌داكردنی جه‌سته‌یی ئه‌م شانۆییه‌و جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌.

له‌ كۆتاییدا له‌گه‌ل بوونی ھه‌ندێ سه‌رنجی وورد له‌سه‌ر ئه‌دای ئه‌كته‌ره‌كان، به‌تایبه‌تی ته‌ركیزكردن له‌سه‌ر ووشه‌كانی دیالۆگ كه‌ ھه‌ندێجار وایده‌كرد ئه‌كته‌ر ھه‌موو ھزری لای ئه‌و وشانه‌ بێت و تووشی ته‌ته‌له‌ی زمان بێت و ئیحاساسه‌كانی فه‌رامۆش بكات، ئه‌م نمایشه‌ له‌ ھه‌موو رووبه‌ره‌كانیه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و نمایشه‌ شانۆییانه‌ی كه‌ له‌ زاكیره‌ی ئێمه‌دا جێگه‌ ده‌گرێت و شایسته‌ی ئه‌وه‌ بوو ھه‌موومان دیالۆگێكی شارستانی و ئازادانه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین و رووبه‌ری كوڵتووری دیالۆگ و یه‌كترقه‌بوڵكردن تیاماندا فراوانتر بكات، ده‌ستخۆشیم بۆ یه‌كه‌كه‌ی ستاف و ده‌رھێنه‌رو وه‌رگێڕو ئه‌كته‌رو سینۆگرافه‌ر و ته‌كنیكارانی ئه‌م كاره‌ شانۆیه‌، ده‌ستخۆشی بۆ كۆمه‌ڵه‌ی ھونه‌ره‌ جوانه‌كانی كورد و یۆتۆبۆری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ھونه‌ری شانۆی سلێمانی و ھه‌ولێرو ھه‌موو ئه‌وانه‌ی ھاوكاربوون له‌ دروستبوونی ئه‌م كاره‌ ناوازه‌یه‌.()

كوردستان تیڤی / كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.