Erbil 38°C پێنجشەممە 27 ئاب 04:41

نێچیرڤان بارزانی و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، پته‌وترکردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی کوردستان و تورکیایان تاوتوێکرد

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان كۆده‌بێته‌وه‌
کوردستان TV
100%

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ڕه‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكۆمارى توركيا لە دیدارێكدا پيرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.

ئەردۆغان لە دیدارەكەدا هيواى خواست كابينه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكبێت و جه‌ختى له‌ خواستى توركيا بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، پشتگيرى و خۆشحاڵي خۆیشى بۆ گفتوگۆ و به‌ره‌وپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا نيشان دا.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سوپاسى ئەردۆغانی كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ توركيا ده‌ڕوانێ و خوازيارى به‌رەو پێشبردنى زياترى‌ په‌يوه‌ندييه‌كانه‌، به‌ تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و زيادكردنى قه‌باره‌ى ئالۆگۆڕى بازرگانی لە نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ توركيادا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ياندا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ينى 21/6/2019 له‌ ئيستەنبۆڵ به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ردوولا دۆخى سياسى و ئه‌منى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى، مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌وەى داعش، دۆخى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان له‌ تيرۆر، گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، ئارامى، سه‌قامگيرى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كانيان و چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌يان تاوتوێ كرد.

ئەمڕۆ هەینی نێچیرڤان بارزانی یەكەم سەردانی فەرمی خۆی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا ئەنجام دا و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئەم وڵاتەوە پێشوازی لێ كرا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.