Erbil 38°C پێنجشەممە 27 ئاب 14:38

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری نۆژەنکردنەوەی ئاوی قەزای چۆمانی دا

پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی چۆمان بە دووری 18 كیلۆمەتر لە سەرچاوەی كوێستانی پڕژە لە بناری چیای سەكران هەڵدەقوڵێت
کوردستان TV
100%


 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆژی 9-6-2019 بە بڕیارێك كە واژۆی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی بەسەرەوەیە، رەزامەندی داوە بە خەرجكردنی بڕی یەك ملیارد و هەشتسەد و حەفتاو هەشت ملیۆن دینار بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی قەزای چۆمان، لایەنە پەیوەندیدارەكانیشی راسپاردووە بۆ جێبەجێكردنی نۆژەنكردنەوەی پڕۆژەكە.

 

ئەحمەد قادر، قائیمقامی چۆمان بە سایتی كوردستان تی ڤی راگەیاند: دوای هەوڵ و منادووبوونێكی زۆر، خۆشبەختانە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا بە خەرجكردنی بودجەیەكی تایبەت بە چارەسەركردنی هەموو ئەو گیروگرفتانەی لە تۆڕی ئاوی خواردنەوەی چۆمان هەبوو، كە ساڵانە دانیشتووانی قەزاكەمان گازاندەی كەمی ئاو و گرفت لە گەیشتنیان دەكرد بۆ ناو سەنتەری قەزا.

 

گووتیشی: دوای گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان و وەرگرتنی لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكار، دەستبە نۆژەنكردنەوەی پڕۆژەكە دەكرێت و لە پڕۆژەكەدا هاتووە چارەسەری هەموو ئەو كێشانە دەكرێت هەر لە گواستنەوەی سەرچاوەی ئاوەكە، لەگەڵ راكێشانی بۆریەكان و دروستكردنی حەوزی پێویست و تۆڕی پاڵاوتنی ئاو و گەیشتنی بە سەنتەری قەزا و دابەشكردنی لە گەڕەكەكان بەپێوەیەكی رێك و پێك و بێ گرفت.

 

هاوكات دانیشتوانی چۆمان وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بۆ تەرخانكردنی ئەو بودجەیە بۆ چارەسەری گرفتی ئاوی قەزاكەیان، هاوكات داوای زوو جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكەن.

 

مەجید رەسول، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی قەزاكە دەڵێت: ماوەی كاركردن لە ناوچەكەی ئێمە زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، پێویستە زوو دەستبە جێبەجێكردنی ئەو نۆژەنكردنەوەیە بكرێت، چونكە سەرچاوەی ئاوەكە كوێستانە و هەمیشە بەفری لێ دەمێنێتەوە.

 

ئەو ئه‌ندامه‌ى  ئەنجوومەنەی شارەوانی چۆمان داواشی كرد نۆژەنكردنەوەكە لەژێر لێژنەیەكی ئەندازیاری پسپۆڕ بێت و لەژێر چاودێرییەكی ورد بێت بۆ ئەوەی دانیشتووانی قەزاكەیان بە یەكجاری لە گرفتی ئاوی خواردنەوە رزگاریان بێت.

پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی چۆمان بە دووری 18 كیلۆمەتر لە سەرچاوەی كوێستانی پڕژە لە بناری چیای سەكران هەڵدەقوڵێت، ساڵانە بەهۆی رنوی بەفر و بارانی زۆر گرفتی تێدەكەوت.

نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكە، چارەسەری تەواوی ئەو كێشانە دەكات كە پڕۆژەكە هەیەتی و دوای گرتنەبەری رێكارە یاساییەكانیش پڕۆژەكە دەدرێتە لایەنی جێبەجێكار و كاری تێدا دەكرێت.

 

ئاماده‌و دارشتنه‌وه‌: كه‌ریم سمكۆ

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.