Erbil 38°C یەکشەممە 01 ئازار 19:04

مەکتەبی سیاسی پارتی سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی مامۆستا عه‌بدولغه‌نی عه‌لی یه‌حیا ده‌کات

راگەیاندن قەڵەمێكی دیكەی لەدەستدا
کوردستان TV
#7
100%


به‌بۆنه‌ی کۆچی دوایی مامۆستا عه‌بدولغه‌نی عه‌لی یه‌حیای نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسه‌وه‌، له‌ دوو په‌یامدا مەكتەبی سیاسی و دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی رۆژنامەنووس (عەبدولغەنی عەلی یەحیا)یان کرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

بۆ بەڕێز خانەوادەی نووسەر و رۆژنامەنووس(عەبدولغەنی عەلی یەحیا)

دڵگران بووین بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی نووسەر و رۆژنامەنووس (عەبدولغەنی عەلی یەحیا)  بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كەس وكار و بنەماڵەكەتان دەكەین و هاوبەشی خەمتانین.

هەڤاڵی خوالێخۆشبوو((عەبدولغەنی عەلی یەحیا)) كادیرێكی دێرینی پارتیمان بوو لە بواری راگەیاندندا رۆڵی دیارو بەرچاو بووە و تێكۆشەر و كەسایەتیەكی ناسراوی بواری رۆژنامەنووسیی و شرۆڤەكارێكی لێهاتووی بواری سیاسیش بوو، کە لە رێی وتار و نووسینەكانیەوە خزمەتێكی زۆری كولتور و رۆشنبیریی كوردی كردووە.

كۆچی دوایی ئەو رۆشنبیر و نووسەرە زیانێكی گەورە بوو بۆ بواری راگەیاندن و رۆشنبیریی، ئومێدەوارین هاوخەمیی و هاوسۆزیی هەڤاڵانی و هاوپیشانی لە نووسەران و رۆژنامەنووسان ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووری خانەوادە تێكۆشەرەكەتان و لە خە م و خەفەتتان كەم بكاتەوە.

جارێكی دیكە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەكەینەوە و هیواخوازین لە خەم و خەفەت و كۆستی دیكە بە دوور بن و جێگای هەڤاڵی كۆچكردوویش بەهەشتی بەرین بێت...

اناللە وانا الیە راجعون

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
29/6/2019


بەڕێزان خانەوادەی رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووس(عەبدولغەنی عەلی یەحیا)

بەداخ وپەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی نووسەر و شرۆڤكاری سیاسی(عەبدولغەنی عەلی یەحیا) مان پێگەیشت، بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كەس وكار و بنەماڵەكەتان و تەواوی ھەڤاڵ و ھاوکارانی دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین.

خوالێخۆشبوو (عەبدولغەنی عەلی یەحیا) لە ساڵی 1943 لە شارۆچكەی ئاكرێ لە دایك بووە، لەسەرەتای شەستەكانەوە دەستی بە نووسین كردووە و یەكەم وتاری لە رۆژنامەی(الاستقلال)لە بەغدا بڵاوبۆتەوە، لە 1963 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە كردووە و، لە ساڵی 1970 وەك نووسەر و پەیامنێر بۆ ماوەی چوار ساڵ لە رۆژنامەی(التاخی) كاری كردووە، سێ ساڵ لە گۆڤاری(الپقافە)كاری كردووە و لەساڵی 1973 بۆتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژی كوردستان، لە ساڵانی1974-1975 لە رادیۆی دەنگی كوردستان-عیراق كاری كردووە، دوای راپەڕینیش بەردەوام بووە لە كاری رۆژنامەنووسیی و راگەیاندن.

هەڤاڵ(عەبدولغەنی عەلی یەحیا ) لە ساڵی 2004 ئەندامی لقی (14)ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و دامەزرێنەر و بەرپرسی لقی موسڵی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بووە و، كەسایەتی و شرۆڤەكارێكی سیاسی بەتوانا بوو، كادیرێكی شارەزا و لێهاتووی راگەیاندن و قاڵبووی بواری رۆژنامەنووسیی بوو، نووسەرێكی بەهرەمەند و خاوەن قەڵەمێكی بەبڕشت و تایبەت بە خۆی بوو بە تایبەتی لە رووی زمانی عەرەبیەوە، هەروەها لەرێی بەرهەم ونووسین و چاپكراوەكانی خزمەتێكی زۆری رۆژنامەنووسیی وكولتور و رۆشنبیریی كوردی كردووەو لەو تەمەنەی بەخششیدا چەندین بەرپرسیاریەتی پێ سپێردراوە ولەچەندین دەزگا و ناوەندی میدیایی خزمەتی کردوە.

بە كۆچی دوایی ئەو رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووسە، درزێكی دیكەی دیار و گەورە كەوتە نێو بواری رۆژنامەوانیی و رۆشنبیریی و راگەیاندن و قەڵەمێكی دیكەی لەدەست دا، هیوادارین هاوخەمیی و دڵنەوایی هەڤاڵانی و هاوپیشانی ببێتە مایەی ئاارمیی و سەبووریتان و لە خە م و خەفەتتان كەم بكاتەوە.

جارێكی دیكە پرسە و سەرەخۆشی خۆمات دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و جێگای خوالێخۆشبووش بەهەشتی بەرین بێت...

دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
29/6/2019

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.