Erbil 38°C چوارشەممە 08 کانوونی دووەم 22:00

عینایه‌ت عه‌تار هونه‌رێکی ناسک به‌ ئه‌ندازه‌ی مێ

مێ كه‌ به‌ چه‌ندین چه‌مك و رایه‌ڵ به‌ نێره‌وه‌ گرێ دراوه‌
کوردستان TV
100%

ن/ تاریق كارێزی

هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ كوردستانی سووریا و له‌لای شێوه‌كارانی رۆژاڤای كوردستان له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌. له‌ شاره‌كانی حه‌سه‌كه‌، قامیشلۆ، عاموودا، عه‌فرین، دێرك و چه‌ندین شاری دیكه‌ی رۆژاڤای كوردستان، شێوه‌كاری زۆر به‌ توانا هه‌ڵكه‌وتوون، كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ ئاستی سووریا به‌ڵكوو له‌ ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌ندێكیان له‌ ئاستی جیهاندا ناسراون و خاوه‌نی ناوبانگن. هونه‌رمه‌ندی ئه‌م جاره‌مان (عینایه‌ت عه‌تار)ـه‌ كه‌ ته‌مه‌نی سه‌رووی 70 ساڵه‌ و له‌ بنه‌چه‌دا خه‌ڵكی عه‌فرینه‌، چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كیشه‌ له‌ فه‌ره‌نسا ده‌ژی.

ئێمه‌ به‌ گشتی ره‌نگ و سیمای كولتوور و لایه‌نی شارستانییه‌ت و كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردستانی سووریا، له‌ تابلۆ و به‌رهه‌می شێوه‌كارانی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستاندا ده‌بینین. ده‌ڤه‌ره‌كانی كوردنشین له‌ سووریا كه‌توونه‌ته‌ باكووری ئه‌و وڵاته‌وه‌، رۆژاڤای كوردستان هه‌ر له‌ دێرك و جزیره‌وه‌ تا ده‌گاته‌ عه‌نتاب و ئه‌سكه‌ندرۆنه‌، جوگرافیایه‌كی هاوسنووری ناوچه‌كانی باكووری كوردستانه‌. یه‌ك سه‌ده‌ له‌ یه‌كدی دابڕاندنی باكوور و رۆژاڤای كوردستان، بنخه‌تی خسته‌ بن كاریگه‌ریی سیاسه‌ت و كولتووری دیمه‌شق، سه‌ر خه‌تیش درێژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندی چوار سه‌ده‌ی پێشتری له‌گه‌ڵ ئه‌سته‌مبووڵ و كولتووری توركدا. ئه‌گه‌رچی په‌یوه‌ندیی كولتووریی نێوان ئه‌م دوو به‌شه‌ی كوردستان بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی 100 ساڵ سنوورێكی سامناك له‌ یه‌كی دابڕین، به‌ڵام بنه‌ماكانی كولتووری كورده‌واری له‌ هه‌ردوو لا به‌ گه‌شی و زیندوویی مانه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی بنخه‌ت و سه‌رخه‌ت كه‌وتنه‌ به‌ر لێشاوی كولتووری دوو نه‌ته‌وه‌ی جیا، هه‌ردووكیشیان هه‌وڵی سرینه‌وه‌ی كولتووری كوردیان دا، ده‌ره‌نجام كولتووری كورد له‌ هه‌ردوو به‌شه‌كه‌، ناسنامه‌ی خۆی پاراست. به‌رهه‌می شێوه‌كارانی كوردستانیش، ستاتیكا و به‌ڵگه‌ی دیده‌یی له‌ باره‌ی زیندوو مانه‌وه‌ی كولتوور و شارستانییبه‌تی كورد ده‌خه‌نه‌ڕوو.

عینایه‌ت عه‌تار (1948 له‌ عه‌فرین هاتووه‌ته‌ دنیاوه‌) به‌ هه‌مان شێوه‌ی شێوه‌كارانی دیكه‌ی كوردستانی سووریا، ئافره‌ت نه‌خشێكی كارای له‌ نێو به‌رهه‌مه‌كانیدا هه‌یه‌. مێ كه‌ به‌ چه‌ندین چه‌مك و رایه‌ڵ به‌ نێره‌وه‌ گرێ دراوه‌، به‌ دایك ده‌ست پێ ده‌كات و به‌ هاوژین و كچ كۆتایی دێت، بۆ خۆی هێمای نیشتمانه‌. زۆربه‌ی شێوه‌كارانی كوردستانی رۆژاڤا مه‌به‌ستیان بوو بێت، یان نا ئافره‌ت وه‌ك فیگه‌ر و ستاتیكا و به‌ها به‌ چڕی له‌ نێو به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌واندا ئاماده‌ بووه‌. ئافره‌ت هێمای دایك و نیشتمان بووه‌، دیارترین رواڵه‌ته‌كانی كولتوور و شارستانییه‌تی كوردی له‌ نێو ماڵ و به‌ به‌ژنی چنارئاسای خۆیدا نواندووه‌.

تابلۆی نیگاركێشانی رۆژاڤا له‌ رووی ره‌نگ و ته‌كنیك و فیگه‌ره‌وه‌، خاوه‌ن خه‌سڵه‌تێكی تایبه‌ته‌، ئه‌وان تابلۆ به‌ ته‌كنیكی به‌رز گه‌ڵاڵه‌ ده‌كه‌ن، له‌ به‌كارهێنانی ره‌نگدا ده‌وڵه‌مه‌ندن، به‌ فڵچه‌یه‌كی سرك، نه‌ترسانه‌ ده‌كه‌ونه‌ چنین و نه‌خشاندنی رووبه‌ری تابلۆ، شوێنی به‌ركه‌وتی فڵچه‌ به‌دی ناكه‌یت، فۆرم و فیگه‌ر زۆر به‌رجه‌سته‌ و ئازادانه‌ گه‌ڵاڵه‌ ده‌بن، كه‌ش و ژینگه‌ی كورده‌واری به‌ ره‌نگ و پۆشاك و ژینگه‌ی دیمه‌نی تابلۆوه‌ خۆی ده‌نوێنێ. عینایه‌ت عه‌تار به‌ چڕی ئافره‌تی كردووه‌ته‌ شا فیگه‌ری كاره‌كانی، زۆر جاریش جووتێ ئافره‌ت دوو به‌ دوو، یان زیاتر، به‌ره‌و رووی بینه‌ر ته‌كان ده‌ده‌ن، ناز و عیشوه‌ و جوانیی خۆیان ده‌نوێنن و ده‌بنه‌ چه‌قی تابلۆكه‌ و، چاوی بینه‌ر له‌ كه‌ناری چوارده‌وری تابلۆ بێ ئاگا ده‌مێنێت. عه‌تاری نیگاركێش وه‌ نه‌بێ كه‌ناری تابلۆش فه‌رامۆش بكات، به‌ڵكوو زۆر ورد و به‌ سه‌لیقه‌یه‌كی باڵاوه‌، كه‌ناری تابلۆش به‌ ره‌نگ ده‌چنێت.

شادییه‌كی زۆر به‌ سیمای تابلۆكانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌وه‌ دیاره‌. كورد نه‌ته‌وه‌ی كولتووری شادییه‌ و ژیانی نقومی نێو ده‌ریای ره‌نگه‌، ئه‌م شادی و ده‌ریای ره‌نگه‌، به‌شێكی بۆ سروشتی سیحراویی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ژینگه‌یه‌كی فێنكه‌، زستانی سه‌رما و به‌فر و به‌سته‌ڵه‌كه‌، هاوینی گه‌رم و تێر خۆره‌، به‌هاری له‌ ئه‌و په‌ڕی رازاوه‌ییدایه‌. ئه‌م خه‌نه‌به‌ندانی ره‌نگ و شێوه‌یه‌، به‌ درێژایی هه‌زاران ساڵ كاری له‌ سایكۆلۆژیای مرۆڤی كوردستانی كردووه‌ و كولتووری شادی له‌و وڵاته‌دا ئه‌فراندووه‌، له‌ تابلۆكانی عینایه‌ت عه‌تاردا چه‌مكی ئه‌م كولتووره‌ باڵا و مرۆڤانه‌یه‌، زۆر روون، زۆر ره‌وان ده‌خوێندرێته‌وه‌.

كوردستان تیڤی/كامران

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.