سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له رێوڕه‌سمێكدا، قوتابییه یه‌كه‌مه‌كانی سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، له پۆله‌كانی 12ی ئاماده‌یی و 9ی بنه‌ڕه‌تی، خه‌ڵات كرد.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 3/7/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له ڕێوڕه‌سمێكدا خه‌ڵاتی به‌خشییه قوتابییه یەکەمەکانى هه‌رێمی كوردستان له ئاماده‌یی و نۆی بنه‌ڕه‌تی و خوێندنی پیشه‌یی و ئاینى و نابینایان.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه ژماره‌یه‌ك بەڕێزان له وه‌زیران و مامۆستا و كه‌سایه‌تیانی ئه‌كادیمی و كه‌سوكاری قوتابی و خوێندكاران ئاماده‌ی بوون، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له وته‌یه‌كدا پیرۆزبایی له قوتابیان و خوێندكاران كرد و ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌یانی به مایه‌ى شادى و شانازی وه‌سف كرد و ڕایگه‌یاند كه ئه‌و شانازى به‌وه‌وه ده‌كات كه‌سی وه‌ك ئه‌و قوتابیانه له هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌كه‌ون کە به‌شێكى گرنگی خه‌ونى سه‌ركه‌وتنیان كرد به ڕاستى و به‌و سه‌ركه‌وتنه‌یان هیوایان به نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتوو به‌خشی و گیانی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌یان شاد كرد كه ژیانی خۆیان بۆ ئه‌مڕۆی كوردستان به‌خت كرد، هه‌روه‌ها پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشى له مامۆستایان و دایك‌وباوك و خانه‌واده‌كانیان كرد كه له‌گه‌ڵیان ماندوو بوون.
به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌و كرد كه ئه‌وان سه‌ركه‌وتووانه قۆناغێكى گرنگى خوێندنیان تێپه‌ڕاند و پێ ده‌نێنه قۆناغێكى دیكه‌ى گرنگى خوێندن و ژیانه‌وه كه له خوێندنى زانكۆییدا پسپۆڕى و تایبه‌تمه‌ندى ده‌خوێنن و خۆیان به زانست و زانین پڕچه‌ك ده‌كه‌ن تا هه‌ریه‌كه‌یان له بوارێكى تایبه‌تدا خزمه‌ت به كوردستان و مرۆڤایه‌تى بكه‌ن و له‌مباره‌یه‌وه جه‌ختی كرده‌وه كه كوردستان چاوى له سه‌ركه‌وتن، پێگه‌یشتن و خزمه‌تى ئه‌وانه و هیوای پییانه و ئومێدى له‌سه‌ر لێهاتوویى و توانا و زیره‌كیى ئه‌وان بنیات ناوه.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا ئه‌گه‌ر به‌راوردێكى ئێستا له‌گه‌ڵ ڕابردوودا بكرێت ئاشكرا ده‌بێت وێڕاى هه‌موو سه‌ختییه‌ك، قوتابی و خوێندكارانی ئێستا له‌چاو نه‌وه‌ی پێش خۆیان شانسێكى باشیان هه‌بووه، چونكه ئه‌وان به خوێن و به گیان به‌رگرییان له كوردستان كردووه و هه‌موو خه‌ونیان ئه‌وه بووه له‌سه‌ر خاك و زێدى خۆیان، ئازاد و سه‌ربه‌رز بژین تا ئه‌مڕۆ بۆ نه‌وه‌ى تازه بهێننه دى و له كه‌شێكى دروست و له‌باردا بخوێنن و سه‌ركه‌وتوو بن و به پێویستی زانی زۆر باش نرخى ئه‌مڕۆ بزانرێت و هه‌میشه به خوێندن و فێربوون، زانست و زانین، سه‌ركه‌وتن و خزمه‌ت، پاداشتى خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدانى ئه‌وان بده‌نه‌وه، چونكه هه‌مووان قه‌رزاری ئه‌وانن.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد كه زانست و زانین، بناغه‌ى ژیانێكى سه‌رده‌میانه‌ى پێشكه‌وتوون و نه‌خوێنده‌وارى و نه‌زانین و دواكه‌وتوویى، كوشنده‌ترین ده‌رد و په‌تاى گه‌لانن و ڕزگارى و سه‌رفرازیى گه‌لان، له زانست و زانیندایه و هه‌موو سه‌ركه‌وتنێكى قوتابیانی له خوێندندا به هه‌نگاوێك به‌ره‌و ژیانێكى سه‌رده‌میانه‌ى پێشكه‌وتوو و بنیاتنانى دواڕۆژێكى گه‌شتر زانی و ئامۆژگاریی قوتابیانی كرد كه زیاتر بخوێنن و سه‌ركه‌وتنی هه‌ریه‌ك له‌وانی به سه‌ركه‌وتنی هه‌مووان قبووڵ كرد.
دواتر به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به دۆخی سه‌ختی پێنج ساڵی ڕابردووی هه‌رێمی كوردستان كرد كه شه‌ڕ و كێشه و قه‌یران هه‌موو جومگه‌كانى ژیانی گرتبووه‌وه زۆربه‌ى كار و پڕۆژه په‌كیان كه‌وتبوو، به‌ڵام پرۆسه‌ى خوێندن و فێركردن له هه‌رێمى كوردستان نه‌وه‌ستا و پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى ئاسایش و خۆبه‌خشان، مه‌ردانه به‌رگرییان ده‌ركرد، مامۆستایانیش له پۆل و هۆڵه‌كانى خوێندندا، وانه‌یان ده‌گوته‌وه و دڵسۆزانه ڕووبه‌ڕووى دۆخه‌كه بوونه‌وه و نه‌یانهێشت پرۆسه‌ى خوێندن په‌كى بكه‌وێت، به‌رگه‌یان گرت و به‌رده‌وام بوون. به‌ڕێزیان له‌مباره‌یه‌وه سه‌رى ڕێز و نه‌وازشی بۆ گیانى پیرۆزى شه‌هیدان دانه‌واند و ڕێز و سوپاس و پێ‌زانین و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه دووپات كرده‌وه كه ئه‌وپه‌ڕى دڵسۆزى و تێگه‌یشتنیان بۆ دۆخه‌كه هه‌بوو و نه‌یانهێشت ڕۆڵه‌كانى كوردستان له په‌روه‌رده و فێربوون داببڕێن.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئێستا قۆناغێكى تازه له هه‌رێمى كوردستان ده‌ست پێده‌كات و به ئومێده‌وه له داهاتوو ده‌ڕوانن و به متمانه و بڕوایه‌كى زیاتره‌وه هه‌نگاو ده‌نێن و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن زه‌مینه‌یه‌كى باشترى په‌روه‌رده بۆ منداڵان به كچ و كوڕه‌وه بڕه‌خسێت و له چاكسازى به‌رده‌وام ده‌بن تا سیسته‌مێكى په‌روه‌رده‌ییى تۆكمه و سه‌رده‌میانه جێگیر ده‌بێت، له‌مباره‌یه‌شه‌وه سوود له پلان و په‌یڕه‌و و به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆژیاى تازه به باشترین شێوه بۆ په‌روه‌رده و فێركردن، وه‌رده‌گرن و په‌ره به هه‌موو بواره‌كانى خوێندن له هه‌ردوو كه‌رتى گشتى و تایبه‌تیدا ده‌ده‌ن.
به‌ڕێزیان به پێویستی زانی سیسته‌مى په‌روه‌رده‌یی له‌سه‌ر بنه‌ماى خۆشه‌ویستى و وابه‌سته‌یى به نیشتمانه‌وه، هه‌ستى به‌رپرسیاریه‌تى و بڕوابه‌خۆبوون، لێبورده‌یى، پێكه‌وه‌ژ‌یان، فره‌ڕه‌نگى، ژینگه‌پارێزى و ژیاندۆستى، په‌ره‌ی پێ بدرێت و فێربوون و زانست و پێشكه‌وتن وه‌ك به‌هایه‌كى به نرخى مرۆڤایه‌تى ببینرێت، چونكه سه‌ركه‌وتنی نه‌وه‌ی تازه له خوێندن و فێربوون و شاره‌زایی له زانست، ته‌كنه‌لۆژیا، ئه‌ندازیاری، پزیشكی، كۆمه‌ڵناسی، ده‌روونناسی، مێژوو، بابه‌تی په‌یوه‌ندیی مرۆڤایه‌تی، فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر، كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر ده‌بات.
به‌رێز نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆیشی به ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتن له‌مساڵی خوێندندا نیشان دا كه به‌ڕێوه‌بردن و ته‌كنیكى باشتر له به‌ڕێوه‌چوونى تاقیكردنه‌وه‌دا به‌كارهاتووه، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه كه خوێندن بۆ نێر و مێ بێ جیاوازی دابین كراوه و چوونه‌به‌ر خوێندن بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز وه‌ك یه‌كه و نزیكه‌ى له سه‌تا شه‌ستى ڕێژه‌ى مامۆستایان، ئافره‌تن، ئه‌مانه‌شی به هه‌نگاوی دڵخۆشكه‌ر زانی و ئاشكرای كرد كه چاویان له ئاستى به‌رزتر و كوالیتیى باشترى خوێندن و فێركردنه و به پێویستی زانی بایه‌خ و گرنگیى زیاتر به خوێندنى پیشه‌یى بدرێت و بواره‌كانى خوێندن به‌پێى پێداویستیى هه‌رێمى كوردستان و بازاڕى كار ئاراسته بكرێن و تایبه‌تمه‌ندى و پسپۆڕى به‌پێى پێداویستى فراوان بكرێن و پلانى باشتر بۆ به‌ش و پسپۆڕى و بوارى خوێندن ده‌ستنیشان بكرێن.
له كۆتاییی وته‌كه‌یدا به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جیا له ده‌ستخۆشیكردن له وه‌زاره‌ت و وه‌زیرى په‌روه‌رده به‌ڕێز د. پشتوان سادق، تیمى وه‌زاره‌ت، سه‌رجه‌م مامۆستایان، سه‌رپه‌رشتیار و په‌روه‌رده‌كار و دایكان و باوكان و دووباره‌كردنه‌وه‌ی پیرۆزبایی له قوتابی و خوێندكاره سه‌ركه‌وتووه‌كان، هه‌روه‌ها هیوای خواست نموونه‌یان ڕۆژ به‌ڕۆژ زۆر بێت له هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئاینده‌ی وڵات له ده‌ستی ئه‌واندایه، بۆیه به پێویستی زانی هه‌موولایه‌ك دڵنیا بێت ئه‌و ده‌سته ده‌ستێكی ئه‌مینه.
ده‌قی وتاری به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:
قوتابیان و خوێندكارانى خۆشه‌ویست،
ڕۆژتان باش،
هه‌موولایه‌كتان به‌خێر بێن..
زۆر خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ به‌شدارى له‌م بۆنه خۆشه‌ى ئێوه‌ى خوێندكار و قوتابیى خۆشه‌ویستى كوردستاندا ده‌كه‌م. سه‌ركه‌وتنتان مایه‌ى شادى و شانازییه. له دڵه‌وه، به‌گه‌رمى پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م. هیواى سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وامتان بۆ ده‌خوازم.
كاتێك به‌شداری له بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی گه‌نجی وه‌ك ئێوه‌دا ده‌كه‌م، تا بڵێی هه‌ست به خۆشحاڵی ده‌كه‌م.
ده‌زانن بۆ؟
چونكه شانازى ده‌كه‌م به‌وه‌ی كه‌سی وه‌ك ئێوه له وڵاته‌كه‌ماندا هه‌ڵده‌كه‌وێت كه هیوا به نه‌وه‌ی ئێستا و به نه‌وه‌ی داهاتوومان ده‌به‌خشێت. سه‌ركه‌وتنی ئێوه وه‌فادارییه بۆ نه‌وه‌ی پێش خۆتان، بۆ كه‌سوكارتان. بۆ مامۆستا و هه‌ر كه‌سێكی تر كه له‌م قۆناغه‌ی ژیاندا یارمه‌تی داون.
پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشى له مامۆستایان و له دایك‌وباوك و خانه‌واده‌كانتان ده‌كه‌م، كه له‌گه‌ڵتان ماندوو بوون و هاوكارییان كردن. ئێوه شه‌ونخوونیتان كرد، ماندوو بوون، شه‌و و ڕۆژتان خسته سه‌ر یه‌ك و به‌شێكى گرنگتان له خه‌ونى سه‌ركه‌وتن، كرده ڕاستى له‌م ڕۆژه‌دا.
له‌م جۆره كات و بۆنانه‌دا بیر له ڕابردووی گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌مه‌وه. به‌خۆم ده‌ڵێم: خۆزگه ئه‌وانه‌ى كه بۆ دابینكردنی ئێستامان ژیانی خۆیان به‌خت كرد، ئه‌مڕۆ له ئاهه‌نگی خۆشی و سه‌ركه‌وتنی ئێوه‌دا به‌شدار بوونایه. ئه‌وان ئێستا گیانیان شاده كه قوربانیدانیان به وه‌فاداریى ئێوه‌ی خۆشه‌ویست پاداشت دراوه‌ته‌وه.
ئێوه سه‌ركه‌وتووانه قۆناغێكى گرنگى خوێندنتان تێپه‌ڕاند، ئێستا پێ ده‌نێنه قۆناغێكى دیكه‌ى گرنگى خوێندن و ژیانه‌وه. له خوێندنى زانكۆییدا، پسپۆڕى و تایبه‌تمه‌ندى ده‌خوێنن. خۆتان به زانست و زانین پڕچه‌ك ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر یه‌كه‌تان له بوارێكى تایبه‌تدا خزمه‌ت به كوردستان و خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تى بكات.
كوردستان چاوى له سه‌ركه‌وتنى ئێوه‌یه. چاوى له پێگه‌یشتن و خزمه‌تى ئێوه‌یه، هیواى پێتانه. ئومێدى له‌سه‌ر لێهاتوویى و توانا و زیره‌كیى ئێوه، بنیات ناوه. ئاینده چاوه‌ڕێتانه. وه‌ك چۆن ئێوه له قۆناغى ڕابردوودا سه‌ركه‌وتن، چاوه‌ڕوانین له قۆناغى داهاتووشدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن.
ئازیزان،
بێگومان ئێوه، وه‌ك هه‌موو هاووڵاتییه‌ك، شایانى ژیان و دۆخێكى چاكتر، شانسێكى باشتر و ژینگه‌یه‌كى په‌روه‌رده‌ییى له‌بارترن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردێكى ئێستا له‌گه‌ڵ ڕابردوودا بكه‌ن، ده‌بینن كه وێڕاى هه‌موو سه‌ختییه‌كیش، ئێوه شانسێكى باشتان هه‌بووه.
نه‌وه‌كانى پێش ئێوه، باوك و باپیرانمان هه‌رگیز ئه‌م شانسه‌ى ئه‌مڕۆى ئێوه‌یان نه‌بووه. ئه‌وان به خوێن و به گیان به‌رگرییان له كوردستان ده‌كرد. هه‌موو خه‌ونیان ئه‌وه بوو له‌سه‌ر خاك و زێدى خۆیان، ئازاد و به سه‌ربه‌رزى بژین. به‌رده‌وام له كۆڕى خه‌بات و تێكۆشان و پێشمه‌رگایه‌تیدا بوون، بۆ ئه‌وه‌ى به‌رگرى له نیشتمان بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ بۆ ئێوه‌ى نه‌وه‌ى تازه، بهێننه دى.
ئه‌وان قوربانییان به ژیان و به سه‌روماڵى خۆیان دا، بۆ ئه‌وه‌ى ئێوه و هاوپۆلانتان بتوانن له كه‌شێكى دروست و له‌باردا بخوێنن و سه‌ركه‌وتوو بن. بۆیه ده‌بێ زۆر باش نرخى ئه‌مڕۆ بزانن. ده‌بێ هه‌میشه به خوێندن و فێربوون، به زانست و زانین، به سه‌ركه‌وتن و خزمه‌ت، پاداشتى خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدانى ئه‌وان بده‌نه‌وه. ئێمه هه‌موومان قه‌رزارى ئه‌وانین.
به‌شێكی زۆری ئه‌م گه‌له له مه‌ینه‌تی و هه‌ڵاتن و كۆڕه‌و و بۆمبارانكردن و ئه‌نفال و زیندان و نه‌هامه‌تییه‌وه، تازه به‌تازه هه‌نگاوی به‌ره‌و ژیانێكی ئاسووده‌تر ناوه. هیوای ئێمه و هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌م گه‌له، به گه‌نجانى وه‌ك ئێوه دێته دی.
خۆشه‌ویستان،
زانست و زانین، بناغه‌ى ژیانێكى سه‌رده‌میانه‌ى پێشكه‌وتوون. نه‌خوێنده‌وارى و نه‌زانین و دواكه‌وتوویى، كوشنده‌ترین ده‌رد و په‌تاى گه‌لانن. ڕزگارى و سه‌رفرازیى گه‌لان، له زانست و زانیندایه.
هه‌موو سه‌ركه‌وتنێكى ئێوه له خوێندندا، هه‌نگاوێكه به‌ره‌و ژیانێكى سه‌رده‌میانه‌ى پێشكه‌وتوو. هه‌نگاوێكه به‌ره‌و بنیاتنانى دواڕۆژێكى گه‌شتر. بۆیه داوا و ئامۆژگاریمان بۆ ئێوه (خوێندن، خوێندن و خوێندنه). سه‌ركه‌وتنی هه‌ر یه‌كێك له ئێوه، سه‌ركه‌وتنی هه‌موومانه له هه‌ر شوێنێك بین.
هه‌موومان بینیمان، زیاتر له پێنج ساڵى ڕابردوو، دۆخێكى سه‌خت و ئاڵۆزمان له هه‌رێمى كورستان به‌ڕێكرد. شه‌ڕ و كێشه و قه‌یران، هه‌موو جومگه‌كانى ژیانی سست و په‌رێشان كردبوو، زۆربه‌ى كار و پڕۆژه په‌كیان كه‌وتبوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرۆسه‌ى خوێندن و فێركردن له هه‌رێمى كوردستان نه‌وه‌ستا.
ڕۆڵه قاره‌مانه‌كانى كوردستان، پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى ئاسایش و خۆبه‌خشان، مه‌ردانه له به‌ره‌ى جه‌نگدا، به‌رگرییان ده‌كرد، مامۆستایانیش له پۆل و هۆڵه‌كانى خوێندندا، وانه‌یان ده‌گوته‌وه. دڵسۆزانه ڕووبه‌ڕووى دۆخه‌كه بوونه‌وه. وێڕاى هه‌موو سه‌ختییه‌ك، نه‌یانهێشت پرۆسه‌ى خوێندن په‌كى بكه‌وێت. به‌رگه‌یان گرت و به‌رده‌وام بوون له فێركردنی قوتابیانی خۆشه‌ویست.
لێره‌دا سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانى پیرۆزى شه‌هیدان داده‌نه‌وێنین. ئه‌وانه‌ى سنگیان دایه به‌ر گولله، بۆ ئه‌وه‌ى ئێوه بتوانن بخوێنن. بۆ ئه‌وه‌ى ژیان له‌م وڵاته‌دا نه‌وه‌ستێت.
ڕێز و سوپاس، پێ‌زانین و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه دووپات ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌وپه‌ڕى دڵسۆزى و تێگه‌یشتنیان بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو. نه‌یانهێشت ڕۆڵه‌كانى كوردستان له په‌روه‌رده و فێربوون داببڕێن، سوپاسیان ده‌كه‌م و ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م.
ئازیزان،
دواى شه‌ڕ و ئاڵۆزی، ئێستا قۆناغێكى تازه له هه‌رێمى كوردستان ده‌ست پێده‌كات. به ئومێده‌وه له داهاتوو ده‌ڕوانین و به متمانه و بڕوایه‌كى زیاتره‌وه هه‌نگاو ده‌نێین. كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى زه‌مینه‌یه‌كى باشترى په‌روه‌رده بۆ منداڵه‌كانمان به كچ و كوڕه‌وه بڕه‌خسێت.
له چاكسازى به‌رده‌وام ده‌بین تا سیسته‌مێكى په‌روه‌رده‌ییى تۆكمه و سه‌رده‌میانه جێگیر ده‌كه‌ین. هه‌رچى له توانادا بێت، سوود له پلان و په‌یڕه‌و و به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆژیاى تازه به باشترین شێوه بۆ په‌روه‌رده و فێركردن، وه‌رده‌گرین. په‌ره به هه‌موو بواره‌كانى خوێندن له هه‌ردوو كه‌رتى گشتى و كه‌رتی تایبه‌تیدا ده‌ده‌ین.
ده‌بێ سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ییمان زیاتر له‌سه‌ر بنه‌ماى خۆشه‌ویستى و وابه‌سته‌یى به نیشتمانه‌وه، هه‌ستى به‌رپرسیاریه‌تى و بڕوابه‌خۆبوون، لێبورده‌یى، پێكه‌وه‌ژ‌یان، فره‌ڕه‌نگى، ژینگه‌پارێزى و ژیاندۆستى، په‌ره‌پێبده‌ین. ده‌بێ فێربوون و زانست و پێشكه‌وتن، وه‌ك به‌هایه‌كى به‌نرخى مرۆڤایه‌تى، ببینرێت.
ویست و ئاره‌زوومان بۆ سه‌ركه‌وتن له خوێندن، بۆ ئاستێكى به‌رزى زانست و زانین، بێ سنووره. سه‌رباری هه‌موو جیاوازیمان، شایسته‌ی داهاتوویه‌كی باشترین بۆ نه‌وه‌ی ئێستا و نه‌وه‌ی ئاینده‌مان.
سه‌ركه‌وتنی نه‌وه‌ی تازه له خوێندن و فێربوون و شاره‌زایی له زانست، ته‌كنه‌لۆژیا، ئه‌ندازیاری، پزیشكی، كۆمه‌ڵناسی، ده‌روونناسی، مێژوو، بابه‌تی په‌یوه‌ندیی مرۆڤایه‌تی، فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به دڵنیاییه‌وه به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر ده‌بات. ئاینده بۆ ئێوه و له ده‌ستى ئێوه‌دایه.
خۆشحاڵین كه ئاماره‌كانی ئه‌مساڵ ڕێژه‌ى زیاترى سه‌ركه‌وتن نیشان ده‌ده‌ن. به‌ڕێوه‌بردن و ته‌كنیكى باشتر له به‌ڕێوه‌چوونى تاقیكردنه‌وه‌دا به‌كارهاتووه. خوێندن بۆ نێر و مێ جیاوازى نه‌ماوه و چوونه‌به‌ر خوێندن بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز وه‌ك یه‌كه. نزیكه‌ى له سه‌تا شه‌ستى ڕێژه‌ى مامۆستایان، ئافره‌تن. ئه‌مانه هه‌موو هه‌نگاوى دڵخۆشكه‌رن، به‌ڵام بێگومان چاومان له ئاستى به‌رزتر و له كوالیتیى باشترى خوێندن و فێركردنه.
ده‌بێ بایه‌خ و گرنگیى زیاتر به خوێندنى پیشه‌یى بدرێت و بواره‌كانى خوێندن به‌پێى پێداویستیى هه‌رێمى كوردستان و بازاڕى كار ئاراسته بكرێن. تایبه‌تمه‌ندى و پسپۆڕى به‌پێى پێداویستى فراوان بكرێن و پلانى باشتر بۆ به‌ش و پسپۆڕى و بوارى خوێندن ده‌ستنیشان بكرێن.
لێره‌دا ده‌ستخۆشى له وه‌زاره‌ت و وه‌زیرى په‌روه‌رده به‌ڕێز د. پشتوان سادق، تیمى وه‌زاره‌ت به هه‌ر هه‌موویانه‌وه یه‌ك به یه‌ك، سه‌رجه‌م مامۆستایان، سه‌رپه‌رشتیار و په‌روه‌رده‌كار و دایكان و باوكان ده‌كه‌م، هه‌وڵ و ماندووبوون و شه‌ونخوونییان، به‌رز ده‌نرخێنم.
دووباره لێره‌وه پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشى له هه‌موو قوتابیان و خوێندكارانى خۆشه‌ویست ده‌كه‌م كه له به‌شى زانستى، وێژه‌یى، بنه‌ڕه‌تى، پیشه‌یى، بازرگانى، كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار، خوێندنى ئایینى و نابینایان، له ڕیزبه‌ندى پله یه‌كه‌مه‌كانن له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان .
هیوادارم نمووی ئێوه ڕۆژ به‌ڕۆژ زۆر ببێت له هه‌رێمی كوردستان، بێگومان و به دڵنیاییه‌وه ئێوه زۆر هه‌وڵتان داوه تا بگه‌ن به‌و ئاسته، ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م و سوپاستان ده‌كه‌م و هیوادارم به‌رده‌وام بن. وه‌ك پێشتریش گوتم ئاینده‌ی ئه‌م وڵاته له ده‌ستی ئێوەدا‌یه، ده‌بێت هه‌موو لایه‌كمان دڵنیا بین كه ئه‌و ده‌سته ده‌ستێكی ئه‌مینه.
پیرۆزبێت لێتان، به‌خێر بێن.
زۆر سوپاس
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.