ئهمڕۆ ههینى، له ڕاگەیەندراوێكی ڕۆژنامەوانی لە نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری - وەزیری داراییدا هاتووه، كه دكتۆر فوئاد حوسێن لە دیوانی وەزارەت لە بەغدا پێشوازی لە دكتۆر مارتن لۆنكدن بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی خواروو لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا كرد.
لەم دیدارەدا كە جۆن وێڵكس باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا ئامادەی بوو، باس لە دوایین پێشهاتە سیاسیەكان كرا لەسەر ئاستی عێراقی و هەرێمیدا، هاوكات تیشك خرایە سەر هەوڵەكانی شەڕی دژی تیرۆر و لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران دووپاتیكردەوە داعش وەكو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی كۆتایی پێهات، بەڵام ئێسته قۆناغی شەڕی فیكریە لەگەڵ هزری تیرۆر و لەناوبردنی شانە نوستووەكانیان كە لێرەو لەوێ پەرت و بڵاو بوونەتەوە و ئەمەیش بە هەوڵی پیاوانی ئاسایش و هەواڵگری عیرَاقی و بەپاڵپشتی دۆستانی عێراق لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكرێت.
هەر لەم دیدارەدا باس لە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان كرا بۆ دووبارە بوونیادنانەوەی عێراق و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان بۆ بەردەوامبوونی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان.
لە تەوەرێكی تریشدا هەردوولا باسیان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و باشتركردنی ژینگەی كار و وەبەرهێنان كرد لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.