Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 18:58

پۆسته‌چییه‌که‌ی کفری

به‌ركه‌وتنی نوسه‌ر به‌ ھه‌ردوو چه‌مكی جه‌نگ و كۆچ به‌ركه‌وتنێكی جیاوازه‌
کوردستان TV
100%

یه‌كێك له‌و نمایشه‌ شانۆییانه‌ی كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رنجی راكێشام، نمایشی شانۆیی (پۆسته‌چی)بوو، ئه‌م شانۆییه‌ له‌ نوسینی عه‌قیل ئه‌بو غه‌ریب و وه‌رگێڕانی محه‌مه‌د ته‌نیاو ده‌رھێنانی عه‌بدوڵسه‌لام فه‌یسه‌ل و ئه‌داكردنی ھه‌ریه‌ك له‌ موژده‌ جه‌لال و فرمێسك زه‌ینه‌ڵ و محه‌مه‌د ته‌نیا بوو، ئه‌م نمایشه‌ به‌رھه‌می په‌یمانگای ھونه‌ره‌جوانه‌كانی كفری بوو.

نمایشه‌كه‌ باس له‌ سێگۆشه‌ی جه‌نگ و كۆچ و خه‌ون ده‌كات، دوو ژن كه‌ ھه‌ریه‌كه‌یان به‌ ھۆكارێك خۆشه‌ویست یا ھاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ده‌ست داوه‌، ھه‌میشه‌ له‌ زینده‌خه‌وی گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌سه‌كانن، خوشكی گه‌وره‌ كه‌ ساڵانێكه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به‌ ھۆی كۆچه‌وه‌ له‌ ده‌ستداوه‌، ھه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌یه‌كی زستانه‌ی سارده‌وه‌ ھیواو خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌زیندوویی رایگرتووه‌، خوشكی بچووك كه‌ ھاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ جه‌نگدا كوژراوه‌، ھێشتا ناتوانێ بڕوا به‌مه‌ بكات، خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی ھاوسه‌ره‌كه‌ی داگیریكردووه‌و نایه‌وێت له‌و یارییه‌ به‌ ئازاره‌ بوه‌ستێت كه‌ پێیوایه‌ ھاوسه‌ره‌كه‌ی (یا ھه‌ر پیاوێك) له‌ژووری نوستن چاوه‌ڕێی ده‌كات.

ئه‌گه‌ر له‌م نمایشه‌و تێكسته‌ شانۆییه‌كه‌ی ووردبینه‌وه‌، ده‌بینین به‌ركه‌وتنی نوسه‌ر به‌ ھه‌ردوو چه‌مكی جه‌نگ و كۆچ به‌ركه‌وتنێكی جیاوازه‌، نوسه‌ر له‌م تێكسته‌ ھه‌وڵینه‌داوه‌ ئه‌م به‌ركه‌وتنه‌ به‌رگێكی سۆزداری رووت بپۆشێت، به‌ڵكو زۆر واقیعیانه‌تر مه‌سه‌له‌كه‌ی وێناكردووه‌، ئه‌ویش ته‌ركیز خستنه‌ سه‌ر سێكس و پێویستی مرۆڤه‌ بۆ سێكس وه‌ك یه‌كێك له‌ پایه‌و فاكته‌ره‌كانی خۆشه‌ویستی و سۆزداری، ئه‌م نمایشه‌ نمایشێكی جه‌سته‌ییه‌ به‌ پله‌ی نایاب له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ به‌زینده‌خه‌ون وێنا ده‌كرێن به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ جه‌سته‌و ویسته‌ جه‌سته‌ییه‌كان ھه‌یه‌، ژن كاتێ له‌ ھاوسه‌ر یا خۆشه‌ویست داده‌بڕێت، مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نھا سۆزێكی رووت نییه‌ به‌ گۆرانییه‌كی سۆزداری دامركێته‌وه‌، رووبه‌ری مه‌سه‌له‌كه‌ زۆر له‌وه‌ به‌رفراوانتره‌ و ناتوانرێ به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ی لێبگیریت، بۆیه‌ ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی له‌ چاوه‌ڕوانی ھاتنه‌ژووره‌وه‌ی پیاوێكدان، ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ستی ئه‌وه‌ نین ئاخۆ ئه‌م پیاوه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌یانه‌ یا ھاوسه‌ر، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ ده‌رھاوێشته‌كانی جه‌نگ و كۆچ، ده‌گمه‌ن بوونی پیاوو مه‌حرومكردنی ژنه‌ له‌ پیاو، له‌م نمایشه‌ش كاتێ كه‌ پۆسته‌چی دێته‌ژووره‌وه‌ ھیچیان گوێ به‌وه‌ ناده‌ن كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن، چونكه‌ خۆشیان ئه‌وه‌ ده‌زانن و دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رێكی پله‌دووی ده‌وله‌ته‌و فڕێدراوه‌ته‌ ئه‌م شاره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ دوو ژنه‌كه‌ گرنگه‌ بوونی پیاوێكه‌ له‌ ماڵه‌كه‌دا، بۆیه‌ ھه‌ریه‌كه‌یان به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل ده‌كات كه‌ ده‌یبینێت، خوشكی گه‌وره‌ وه‌ك خۆشه‌ویسته‌ كۆچبه‌ره‌كه‌ سه‌یری ده‌كات كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، خوشكی بچوكیش وه‌ك ھاوسه‌ره‌ شه‌ھیده‌كه‌ی جه‌نگ ده‌یبینێت، كه‌ ھه‌رگیز بڕوای به‌ شه‌ھیدبوونی نه‌بووه‌.

ktv

له‌پێش ده‌ركه‌تنی پۆسته‌چییه‌كه‌ش له‌ دیمه‌نێكدا ده‌رھێنه‌ر زۆر به‌ روونی ئه‌و په‌رۆشه‌ سێكسییه‌ی ھه‌ردوو خوشك نیشانده‌دات كاتێك له‌ دیمه‌نێكی ره‌گه‌زبازی ھه‌ردوو خوشك ده‌كه‌ونه‌ ژێر نه‌شئه‌ی ئه‌و فشاره‌ سێكسییه‌و ھه‌ریه‌كه‌یان یاری به‌جه‌سته‌ی خۆی و جه‌سته‌ی ئه‌ویتر ده‌كات له‌ ھه‌وڵێك بۆ دامركاندنه‌وه‌ی ئه‌و ھه‌ڵچوونه‌ سێكسییه‌ی كه‌ له‌ ھه‌موو ره‌فتارو ھه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئه‌و دوو ژنه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌، ده‌رھێنه‌ریش ئه‌م دیمه‌نه‌ له‌ژێر روناكیه‌كی سوور زۆر به‌ زیره‌كانه‌ وێنا ده‌كات.

وه‌ك چاره‌سه‌ری ھونه‌ری و كرده‌ی ده‌رھێنان، ده‌رھێنه‌ر ھه‌وڵیداوه‌ باڵاده‌ستی خۆی به‌سه‌ر سات به‌ساتی نمایشه‌كه‌ بسه‌پێنێت تا ئه‌و راده‌یه‌ی له‌ ھه‌ندێ شوێندا ته‌نگ به‌ ئه‌كته‌ر ھه‌ڵده‌چنێت و پانتایی گه‌وره‌ی نمایش به‌ر سێبه‌ری ده‌رھێنه‌ر ده‌كه‌وێت، به‌كاربردنی پلاستیكاو بایه‌خدان به‌جه‌سته‌ له‌بڕی سۆزو ئه‌ندێشه‌و ھه‌سته‌وه‌ره‌ ناوه‌كییه‌كان، رووێكی گه‌شی نمایش و رووبه‌رێكی گونجاوه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌م تێكسته‌، به‌كاربردنی چه‌مكی پلاستیكا بۆ وێناكردن و بونیاتنانی ئه‌م نمایشه‌ شانۆییه‌ ته‌واو گونجاوه‌ له‌گه‌ل ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی كه‌ تێكسته‌كه‌ی له‌سه‌ر بونیادنراوه‌، جه‌سته‌ له‌م نمایشه‌ زمان و فاكته‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ و ھه‌موو چه‌مكه‌كان به‌ فه‌زای جه‌سته‌دا تێده‌په‌ڕن و له‌وێ ماناو مه‌غزا وه‌رده‌گرن، ده‌رھێنه‌ر زۆر به‌ وریایی جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ره‌كانی رووتده‌كاته‌وه‌و جارێكی تر له‌ فه‌زای نمایشه‌كه‌ ته‌وزیف و ده‌لاله‌تی گونجاویان پێده‌به‌خشێت، تێكسته‌كه‌ش ئه‌گه‌رچی له‌ بونیاددا تێكستێكی دیالۆگئامێزه‌و پشت به‌ دیالۆگ ده‌به‌ستێت، به‌ڵام ده‌رھێنه‌ر جیاواز له‌ تێكسته‌كه‌ ھه‌وڵیداوه‌ زمانی دیالۆگ بكاته‌ زمانێكی لاوه‌كی و زمانی جه‌سته‌ وه‌ك زمانێكی كاریگه‌رو راستگۆ بخاته‌ سه‌رووی زمانه‌ شانۆییه‌كه‌و جه‌سته‌ بكاته‌ ئه‌و ده‌زگا په‌خشكه‌ره‌ی كه‌ كۆده‌كانی نمایش په‌خشده‌كات، به‌مه‌ش دوو تایبه‌تمه‌ندی به‌ نمایش ده‌به‌خشێت، یه‌كه‌میان زمانی نمایش ده‌ربازده‌كات له‌ ساده‌بوونه‌وه‌و به‌ركه‌وتنی راسته‌وخۆ، دووه‌میان له‌ رێگه‌ی جه‌سته‌و جوانییه‌كانی جه‌سته‌وه‌، فۆرمێكی وێنه‌یی به‌ نمایش ده‌به‌خشێت و سه‌رنجی بینه‌ر له‌سه‌ر دیالۆگ لاده‌بات به‌ره‌و جه‌سته‌، به‌مه‌ش نمایشه‌كه‌ له‌ نمایشێكی بیستراوه‌وه‌ ده‌كاته‌ نمایشێكی بینراوی پڕ جوانی.

ktv

كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی شانۆیی زۆر نایاب له‌م نمایشه‌ وێناكراوه‌ كه‌ تیاییدا ده‌رھێنه‌ر ھه‌م جه‌سته‌ی ئه‌كته‌رو ھه‌میش كه‌ره‌سته‌و ره‌گه‌زه‌كانی سینۆگرافیا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ناوازه‌ له‌ دروستكردنی وێنه‌ شانۆییه‌كان به‌كارده‌بات، بۆ نمونه‌ دیمه‌نی خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جه‌سته‌یی زۆر ناوازه‌ گوزارشتی لێده‌كرێت كاتێ ھه‌ردوو خوشكه‌كه‌ دیمه‌نی سه‌وڵ لێدانی نێو ده‌ریاكه‌ ئاوێته‌ی ناوه‌ڕۆكی نامه‌كان ده‌كه‌ن و دواتریش به‌دیمه‌نی خنكان و په‌ڵه‌قاژه‌ی نێو ده‌ریا ره‌شه‌كان كۆتایی پێدێنن، یاخود دیمه‌نی له‌ ده‌رگادانه‌كه‌، كه‌ ده‌رھێنه‌ر وێنایه‌كی گرنگ و كاریگه‌ری كردووه‌و تیاییدا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ رووداوی له‌ ده‌رگادان چ بایه‌خێكی ھه‌یه‌ له‌ ژیانی ئه‌و دوو ژنه‌دا، یا دیمه‌نی شێتی و ئه‌و (نوبه‌ الجنون) ه‌ی كه‌ ھه‌ردوو ژنه‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌، ھه‌روه‌ھا دیمه‌نی په‌ته‌كه‌و ئیداره‌دانی جه‌نگ له‌رێگه‌ی ئه‌و په‌ته‌وه‌، یاخود دیمه‌نی كۆتایی نمایشه‌كه‌و ئه‌و شێوه‌ لاكێشه‌ییه‌ی كه‌ له‌ كۆتاییدا شێوه‌ی ده‌رگا وه‌رده‌گرێت و پۆسته‌چی له‌ودیوه‌وه‌ نامه‌ بێ ناونیشانه‌كانی په‌رش و بڵاو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مانه‌و چه‌ندین دیمه‌نی ناوازه‌ی تر، به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا جۆرێك له‌ زیاده‌ڕۆییش له‌ به‌كاربردنی ئه‌م فۆرمه‌ ھه‌یه‌ له‌م شانۆییه‌و ده‌رھێنه‌ر پێویستی به‌ جۆرێك ئیقتیساد ھه‌بوو له‌ دروستكردنی ئه‌م وێنه‌ شانۆییانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دووباره‌بوونه‌وه‌یان سیحرو جوانیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، بۆیه‌ من پێموایه‌ ئه‌م نمایشه‌ پێویستی زیاتری به‌ سنوورداكردنی جوله‌و ره‌گه‌زه‌كانی تری سینۆگرافیا ھه‌بوو، جۆرێك له‌ قه‌ره‌باڵغی ناپێویست فه‌زای نمایشه‌كه‌ی داپۆشیبوو، ده‌رھێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری دیمه‌نه‌ جوان و ناوازه‌كانی كاڵنه‌كاته‌وه‌، پێویستی به‌وه‌ بوو زیاتر ده‌ست به‌ جوله‌وه‌ بگرێت و رێگه‌ له‌ جوله‌ی زیادو فۆرمی دووباره‌و سێباره‌ بگرێت، ده‌كرا ھه‌ندێ كه‌ره‌سته‌ له‌ڕووبه‌رێكی تایبه‌تتردا به‌كاربێت و له‌ چه‌ندین دیمه‌ن دووباره‌ نه‌كرێته‌وه‌، وه‌ك په‌ته‌كه‌و شێوه‌ لاكێشه‌یه‌كه‌، ھه‌روه‌ھا به‌بڕوای من دیمه‌نی سه‌ره‌تاو ئیستیھلالی ھیچ ئیزافه‌یه‌كی بۆ نمایش نییه‌و له‌ تڕایله‌ری نمایش ده‌چێت و خه‌ستكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ھزری نمایشه‌ له‌ چه‌ند فرێمێكدا، من پێموایه‌ ئه‌مه‌ پێویست نه‌بوو چونكه‌ زۆر له‌ كۆده‌كانی نمایش به‌ر له‌كاتی خۆیان له‌م دیمه‌نه‌ رووتبوونه‌وه‌.روناكیش له‌م نمایشه‌ وه‌ك پێویست ره‌گه‌زێكی كاریگه‌رو به‌شداربوو له‌ نمایش و بونیاتنانی وێنه‌ شانۆییه‌كان، به‌ڵام موزیك نائاماده‌و دوور بوو.

ktv

وه‌ك نواندنیش ھه‌ردوو ئه‌كته‌ر (موژده‌ جه‌وھه‌ر_خوشكی گه‌وره‌، فرمێسك زه‌ینه‌ڵ_خوشكی گچكه‌) تێگه‌یشتنی زۆر باشیان بۆ سیستمی نمایش ھه‌بوو، تاڕاده‌یه‌كی باش ھه‌وڵیاندابوو، شێوازی ئه‌دای دیالۆگ به‌تاڵبكه‌نه‌وه‌ له‌ ھه‌سته‌وه‌ره‌ ناوه‌كییه‌كان و له‌رێگه‌ی جه‌سته‌و جوله‌ی جه‌سته‌یی ماناو ده‌لاله‌ت به‌ دیالۆگ ببه‌خشن و جه‌سته‌یان دوو ئایقۆنه‌ی گرنگ و ته‌ریب بوو له‌ بونیادی جه‌سته‌ی نمایش و به‌ئاسانی ئه‌و ھه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ جه‌سته‌ییانه‌ به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن و كۆنتڕۆڵی جه‌سته‌ بكه‌ن بۆ خزمه‌ت فه‌زای گشتی و فۆرمی وێنه‌كراوی نمایش، ره‌نگه‌ له‌ رووی تۆنی ده‌نگ و رووبه‌ری به‌كاربردنی ده‌نگ كێشه‌ ھه‌بووبێت به‌تایبه‌تی ده‌نگی ھه‌ردوو خانمه‌كه‌ پێویستی به‌ راھێنانی زیاتر ھه‌بوو، به‌تایبه‌تیش ده‌نگی خاتوو موژده‌ جه‌وھه‌ر ، پێویسته‌ له‌م تۆنه‌ زه‌ق و زیقه‌ دابه‌زێته‌خواره‌وه‌و مه‌شقی زیاتر له‌سه‌ر وه‌ته‌ره‌كانی تری ده‌نگ بكات تا رووبه‌ری تازه‌ی تیا بدۆزێته‌وه‌و وه‌ك گۆرانبیژ ئه‌و تۆنه‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌دای ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ گونجاوه‌، حه‌مه‌ ته‌نیاش له‌ رۆڵی پۆسته‌چی ئه‌دایه‌كی په‌سه‌ندو ته‌بای ھه‌بوو له‌گه‌ل فۆرمی نمایشه‌كه‌و ھه‌وڵیدابوو جه‌مسه‌ری سێیه‌می ئه‌و سێگۆشه‌یه‌ ته‌واو بكات و ئه‌داكه‌ی ھاوسه‌نگ بێت له‌گه‌ل ئه‌دای ھه‌ردوو خانمه‌ ئه‌كته‌ر.

 ن/ حه‌مه‌سوار عه‌زیز

كوردستان تیڤی/ كامران 

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.