Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 05:21

جگه‌ر و چای وشک له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌نارده‌ی تورکیا ده‌کرێت

له‌ راپۆرتێكی كوردستان تیڤیدا
کوردستان TV
100%


حکومەتی تورکیا ڕێگەنادات ئەو کەلوپەل و بەرووبوومانەی کە خۆی بەرهەمیان دەهێنێت هاوردەی تورکیا بکرێت، ئەمەش دەرفەتی بۆ بازرگان و فرۆشیاران و تەنانەت بەشێک لە گەشتیارانیش ڕەخساندووە کە پاکەت و چای وشک هاوردەی تورکیا دەکەن و بەنرخێکی زۆر زیاتر لە نرخی کوردستان دەیفرۆشنەوە.

کوردانی باکور کڕیاری سەرەکی پاکەت و چای وشکی هاوردەکراو یاخود قاچاغن، زۆرترین فرۆشیاریش ئەو کاسبکارانەن کە لە شارەکانی کوردستان فرۆشیاری جلوبەرگ یان کەلوپەلی ناوماڵن.

ئیسماعیل حاجی واحید، فرۆشیارێکی جلوبەرگە لە بازاڕی نیشتیمان لە شاری هەولێر، بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: جاری یەکەم کە هاتمە تورکیا بە ڕێگای وشکانی و بە پاس چووم بینیم شۆفێرەکان و زۆربەی دوکاندارەکان پاکەتیان پێبوو پرسیارم کرد گووتیان قازانجی زۆرە و کرێی شەوانی هوتێل دابین دەکات.

ئیسماعیل حاجی واحید، کە ئەمجارە بە دوو جانتا 30 تەکە پاکەت و 25 کیس دەرمانچای پێبوو باسی لە قازانجەکەی کرد و گوتی:" لە هەر تەکە پاکەتێک خۆم بە 4 هەزار دینار دەکڕم لێرە لە تورکیا بە 55 لیرە دەیفرۆشمەوە کە 11 هەزار دینار دەکات، واتا لە هەر تەکەیەک 7 هەزار دینار قازانجمە، دەرمانچا بە 3 تا 4500 دینار دەکڕم لێرە بە مەمنوونی بە 60 لیرە دەیکڕن، کە دەکاتە 12 هەزار دینار.

لە تورکیا زۆرترین خواست لەسەر جگەرەی جۆری ئێم ئێم و دەرمانچای دووغەزالە، ئەمەش وایکردووە بازرگان و فرۆشیاران زۆرتر ئەو جۆرانە هاوردە بکەن.

سامی جەلال، ناوی خوازراوی بازرگانێکی کەلوپەلی ناوماڵە کە جاری دوازدەمییەتی تەنیا جگەرە لەگەڵ خۆی دەهێنێت بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: جاری یەکەم لە 10 تەکە دەستمپێکرد کە پارەی شەوێکی هۆتێلم پێبڕا. بەڵام ئێستا بە دوو جانتا 30 تەکە دەهێنم.

سامی جەلال، لەبارەی ڕێگری و چۆنیەتی دەربازکردنی لە فڕۆکەخانە دەڵێت:" لە فڕۆکەخانە بەپێی یاسا تا 5 تەکە قسەناکەن، بەڵام خۆت و شانست جاری وایە دەمووچاوتیان بەدڵ بێت 10 تەکەشت پێبێت قسەناکەن.

سامی جەلال ئەمجارە لەگەڵ خانەوادەکەی هەم زیارەت هەم تیجارەتی کردووە و دەڵێت:" چوار جانتامان پێبوو خۆم و خێزانم و چوار منداڵم هەر یەکەی 10 تەکەی تێدابوو، بەڵام پۆلیس تەنیا پێی گوتین جارێکی تر لە 5 تەکە زیاتر نابێت.

جەمیل کایا، مارکێتێکی بچووکی هەیە لە ئەکسەرای بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: لێرە فرۆشتنی جگەرەی قاچاغ قەدەغەیە بەڵام زۆرترین خواستی لەسەرە بۆ ئێمە قازانجیشی زیاترە لە جگەرە تورکییەکان.

جەمیل کایا، دەشڵێت:" ئێمە دەزانین کە جگەرەی تورکی لە باشوور هاوشێوەی ئەو جگەرە قاچاغانە نرخیان گرانە بەڵام لێرە جگەرەی قاچاغ هەرزانتر دوەستێت بۆیە کڕیاری زۆرە بەڵام بە نهێنی.

جەمیل کایا، دەشڵێت: زیاتر لە بیست بازرگان و دوکاندار بوونەتە هاوڕێم و هەر جارێک دێن پێشتر گفتوگۆ دەکەین لەسەر هێنای پاکەت و چای.

جەمیل کایا، باس لەو گەشتیارە کوردانەش دەکات کە فێر بوونە و پاکەت دەهێنن دەڵێت: جار جار گەشتیارانیش بەترسەوە دێنە لامان پاکەتیان پێیە کە هەرزانتریش دەفرۆشنەوە هەر تەکەیک 10 بۆ 15 لیرە هەرزانتر لە مشتەرییەکانم هەرزانتر پێم دەفرۆشن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کلتور و گەشتیاری تورکیا لەدووساڵی ڕابوردوو عێڕاقییەکان پلەی یەکەمیان گرتووە لە ڕیزبەندی زۆرترین گەشتیاران لە تورکیا، ئەمەش وایکردووە ڕێستۆرانت و کافێکان خواستیان لەسەر چای هاوردەکراو یاخود قاچاغ زۆر بێت چونکە عێڕاقییەکان خواستیان لەسەر چای تورکی نییە.

محەمەد کەمال ئۆغڵو، خاوەنی ڕێستۆرانتی کەمال ئۆغڵو لە ناوچەی کەپەتاش بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: زۆربەی ئەو گەشتیارانەی لێرە نان دەخۆن عێڕاقین بەچای ئێمە ڕازی نین بۆیە چای قاچاغ دەکڕین بۆ ڕازیکردنی دڵی گتشتیارانمان.

محەمەد، دەشڵێت:" زۆر لەگەشتیاران ئەوانەی چەند جارێک سەردانمان دەکەن و بوونەتە مشتەری داوامان لێکردوون چامان بۆ بێنن هێناویانە و لێیان دەکڕینەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.