له 31ى ته‌مووزى 1983 و له رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ رژیمى له‌ناوچووى به‌عس هه‌شت هه‌زار كه‌سى له بارزانیه‌كان ده‌ستگیر كرد‌و سه‌رنگوومى كردن كه هه‌موویان پیاو و گه‌نج بوون.
له رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆى ئه‌و ساڵه‌دا هێزه سه‌ربازییه‌كانى رژیمى زاڵمى سه‌دامى دیكتاتۆر ئۆردووگاكانى (قوشته‌په و به‌حركه و دیانا و هه‌ریر)یان گه‌مارۆدا و ئه‌و بارزانیانه‌یان گرت كه له‌و شوێنانه نیشته‌جێ بوونى ناچارییان به‌سه‌ردا بڕا بوو.
له‌و رۆژه شوومه‌دا هێزه بێ ره‌حمه كورد كوژه‌كانى به‌عسى له‌ناوچوو هه‌ر پیاوو گه‌نجێكى بارزانیییه‌كانیان ئاشكرا بكردایه ده‌ستبه‌جێ ده‌ستگیریان ده‌كردن، ته‌نانه‌ت مێردمنداڵه‌كانیشیان نه‌ده‌بوارد.
ئه‌و كرده‌وه سه‌ربازییه چه‌په‌ڵه له مێژووى بزافى رزگاریخوازى كوردا به ئه‌نفالكردنى بارزانییه‌كان ناونراوه‌و شێوازێكى توندوتیژانه‌ى نامرۆیییانه‌ش بوو بۆ جێبه‌جێ كردنى سیاسه‌تى جینۆسایدكردنى گه‌لى كورد كه له كۆتاى ده‌یه‌ى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا له په‌لاماره به‌دناوه‌كانى ئه‌نفال دا زه‌قترو فراوانتر خۆى ده‌رخست و بێ سه‌رو شوێن كردنى 180 هه‌زار كوردى لێكه‌وته‌وه.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ى بارزانییه‌كان پتر له 100 ساڵه له پێناوى مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانى كوردا مه‌شخه‌ڵى خه‌بات وتێكۆشانیان هه‌ڵكردووه‌و پێشه‌ڕه‌وایه‌تى بزافى رزگاریخوازى كوردستان ده‌كه‌ن و سه‌ركرده‌ى وه‌كو شێخ عه‌بدولسه‌لامى بارزانى و شێخ ئه‌حمه‌دو مسته‌فا بارزانى نه‌مرو ئیدریس بارزانیان تیادا هه‌ڵكه‌وتووه.
شیاوى باسه سه‌ره‌تاى ئه‌نفال كردنى كورد بۆ سه‌ره‌تاو ناوه‌راستى حه‌فتاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌وكاته‌ى رژیمى به‌عس حه‌وت هه‌زار كوردى فه‌یللى ئه‌نفال كرد.
دواى روخانى رژێمى به‌عسى له‌ناوچوو له ساڵ 2003 دا، له‌سه‌رده‌ستى هاوپه‌یمانه‌كان و گه‌لانى عێراق، هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ى ته‌رمى ئه‌نفال كراوه‌كان ده‌ستى پێكرد و له چه‌ندین ناوچه‌ى عێراقدا گۆرى به‌كۆمه‌ڵ دۆزرانه‌وه كه زۆربه‌یان ته‌رمى ئه‌نفال كراوانى كورد بوون، دواجار له 17ی تشرینى یه‌كه‌مى 2005 دا 500، روفاتى بارزانییه‌كان كه چه‌ند رۆژێك بوو دۆزرابوونه‌وه، هێنرانه‌وه كوردستان و له‌زێدى باب و باپیرانیان دا به‌خاكى كوردستان سپێردران، به‌ڵام تا ئێستا زانیارى له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كى زۆرى دیكه‌ى ئه‌نفال كراوه‌كان و شوێنى ئه‌نفال كردنیان له‌ده‌ست دانییه و ئه‌وه‌ش له‌حاڵێكدایه كه رژێمى به‌عسى له‌ناوچوو به‌پێى ئاماره سه‌ره‌تاییه‌كان زیاتر له 180 هه‌زار كوردى بێتاوانى ئه‌نفال كردووه.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.