حیزبی شیوعیی كوردستان ڕایدهگهینێت، كه ئهوان لەگەڵ ئەوەدا نین بەو هەلومەرجەوە هەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت، بۆیه داوا دهكهن ڕەوشی ئەو ناوچانە بگهرێتهوه بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵكی ڕەسەنی ناوچهكه.
كاوە مەحموود، سكرتێری حیزبی شیوعیی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگهیاند" ڕەوشی ناوچە كوردستانییەكان، بەتایبەتی كەركووك، پێویستی بە هەڵوێستێكی كوردستانیی یەكگرتوو هەیە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین بەو هەلومەرجەوە و بەو شێوەیە هەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت.
سكرتێری حیزبی شیوعیی كوردستان، دەشڵێت" یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەتایبەتی ئەوەی كە پەیوەندیی بە كەركووكەوە هەیە، ناكرێت بە زۆرینە و كەمینە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، دەبوایە ئەو یاسایە لە لایەن شاندى كوردستانەوە تاوتوێ كرابایە، پاشان لایەنەكان كۆبوونەوەیان لەسەر كردبایە و بگەیشتبانە ڕێككەوتن، ئینجا لەناو پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درابایە.
وتیشى" ئێستا سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیای كەركووك بەردەوامە و ئەگەر بارودۆخی كەركووك هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە زەمینە بۆ هەڵبژاردن خۆش نییە، ئەوەش مانای وایە كە نایانەوێت ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، دەبێ ڕەوشی ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە دۆخی خۆی و بیگەڕێننەوە بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵكی ڕەسەنی ئەو ناوچانە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.