Erbil 38°C شەممە 29 ئاب 21:59

کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی نێوان (چۆمان- حاجی ئۆمەران) دەستپێدەکاتەوە

لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حكومه‌تى هه‌رێم
کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بەمزووانە کار لە پڕۆژەی جووتسایدی ڕێگای گشتی هامڵتۆن لە نێوان (چۆمان-حاجی ئۆمەران) دەست پێبکاتەوە.

فەرزەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران تایبەت بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: دوێنێ دووشەممە شاندێکی کۆمپانیای (مارکۆ & ئەلێکس) کە جێبەجێکاری پڕۆژەی دووساییدی ڕێگای گشتی هامڵتۆنە لە نێوان چۆمان و حاجی ئۆمەران، سەردانیان کردین و ڕایانگەیاند کە دوای جەژنی قوربان (ناوەڕاستی مانگی ئاب) دەستدەکەن بە هێنانی ئامێری پێویست بۆ دەستپێکردنەوە و کارکردن لەم پڕۆژە ستراتیژییە.

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی پلاندانان بەژمارە 1924 لە بەرواری 10_7_2019 کە ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی کردووە، ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ڕێگای گشتی هامڵتۆن لەنێوان ( چۆمان-حاجی ئۆمەران) کراوە، بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار.

بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران خۆشحاڵی خۆی بەم بڕیارە دەربڕی و ڕایگەیاند: ڕێگاکە تەنگ و چەڵەمەی زۆری بۆ هاموشۆکارانی ئەم ڕێگایە درووست کردبوو بەهۆی وەستانی پڕۆژەکە، بەڵام بڕیاری دەستپێکردنەوەی لە سەرەتای کارەکانی کابینەی نۆیەم، هەموومانی دڵخۆشکرد، چونکە ڕێگایەکی ستراتیژییە هەرێمی کوردستان بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەبەستێتەوە و شادەمارێکی ئابووری گرنگی هەرێمی کوردستانە.

لە ساڵی 2012 حکومەتی هەرێم لە درێژەی کاروانی ئاوەدانی کوردستان بڕیاریدا ڕێگای گشتی نێوان (چۆمان-حاجی ئۆمەران) بەدرێژایی 17 کیلۆمەتر، وەک قۆناغی یەکەمی بەدووساییدکردنی ڕێگای ( سۆران- حاجی ئۆمەران) بکاتە دووسایید و بڕی 51 ملیارد دیناری بۆ تەرخانکرد، بەڵام ساڵی 2016 بەهۆی قەیرانی دارایی، کە سەدا 45 لە کارەکانی تەواو کرابوون پڕۆژەکە وەستا، ئێستا کۆمپانیای جێبەجێکار لەسەر هەمان گرێبەستی پێشوو دەیەوێ دەست بە کارەکانی لە پڕۆژەکە بکاتەوە.

 

کەریم سمکۆ

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.