وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند: خواستی هه‌مووانه، كورد هێـزێكی یه‌كگرتووی به‌هێزی نیشتمانیی هه‌بێ و له‌كارنامه‌ی تازه‌ی وه‌زاره‌تدا، بهپڕۆسهیهكی به‌رنامه بۆ داڕیژراوی هه‌مه‌لایه‌نه، ئه‌و ئامانجه جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتووه، ئه‌مڕۆ 8/8/2019 شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌ت و فه‌ریق ( جه‌مال محمـد) سه‌رۆكی ئه‌ركان، له‌گه‌ڵ كۆلۆنێل (رۆی) راوێژكاری باڵای هێزه‌كانی به‌ریتانیا له‌هه‌ولێر كۆبۆوه.
له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، پرسی به‌رنامه‌ی چاكسازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌ووردی گفتوگۆی له‌باره‌وه كرا.
وه‌زیری پێشمه‌رگه، سوپاسی گه‌ل و حكومه‌تی به‌ریتانیای كرد، له‌هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامییان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی كوردستان، راشیگه‌یاند: به‌رده‌وامی پڕۆسه‌ی چاكسازی له‌قازانجی هه‌مووانه، به‌تایبه‌ت هێزی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی كوردستان.
راوێژكاری باڵای هێزه‌كانی به‌ریتانیا، ستایشی رۆڵی به‌رێز وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی كرد له‌هه‌نگاوه جدییه‌كانی بۆ ئه‌و پرسه‌و به‌شێوه‌یه‌كی پوخت وورده‌كاری پرۆسه‌كه‌ی تاوتوێ كرد‌و گوتی: له‌هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌وه‌ییمان بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پڕۆسه‌یه به‌رده‌وام ده‌بین.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ر ئه‌مرۆ شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه، به‌ئاماده‌بوونی سه‌ربه‌ست له‌زگین) بریكاری وه‌زاره‌ت، له‌گه‌ڵ خاتوو باربارا ڤۆلف كونسڵی گشتی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌ولێر و ستیشی كراوسپێیی جێگری، كۆبۆوه.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، به‌ووردی پرسی به‌رده‌وامی و مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌هه‌ولێر تاوتوێكرا، هه‌روه‌ك مه‌سه‌له‌ی رووداوه‌كانی ئه‌م دوایه‌و گرفتی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم گفتوگۆی له‌باره‌وه كرا.
به‌رێز وه‌زیری پێشمه‌رگه، هه‌نگاوه تازه‌كانی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی له‌پرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا روونكرده‌وه‌و چاره‌سه‌ریی بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كانیشی گه‌ڕانده‌وه بۆ جێبه‌جێ كردنی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.