نووسه‌ر ئه‌حمه‌د ڤهخشیته، مامۆستای یاریده‌ده‌ر له زانكۆی دۆستایه‌تی نه‌ته‌وه‌كانی رووسیا له بابه‌تێكدا بڵاویكردۆته‌وه و رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌رچه‌ند دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان تاران و واشنتۆن دوای نزیك بوونه‌وه له ساڵرۆژی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكی روسیا جه‌ختیكرده‌وه كه روسیا ئاگر كوژێنه‌وه نیه تاكوو هه‌موو شوێنێك ڕزگار بكات، به‌ڵام له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو ئه‌و پرسیاره وروژێنراوه كه، ئایا مۆسكۆ، به خستنه‌ڕووی پڕۆژه‌ی "چه‌مكی ئاسایشی گشتی له كه‌نداوی عه‌ره‌بی" بۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، به‌دوای ئه‌ودایه تاكوو ئاوێك به ئاگری گرژییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا دابكات له كه‌نداو؟
دوابه‌دوای گه‌مارۆ و سزا خستنه سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی ئێران له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا له سه‌ر بنه‌مای كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانی تاران له چوارچێوه‌ی ڕیككه‌وتنی ئه‌تۆمی، له چه‌ند مانگی ڕابردوو گرژی و هه‌ڕه‌شه له دیالۆگی نێوان ئه‌و دوو وڵاته ئاسته باڵاكانی هه‌ردوو وڵاتی گرته‌وه.
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌م سزایانه‌ی به جه‌نگێكی ئابووری دانا و حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته به سرنج خستنه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه جه‌نگی ئابووری دژی ئێران ده‌كرێت ببێته هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر، هاوكات جه‌ختشی كرده‌وه ئه‌گه‌ر نه‌وتی ئێران هه‌نارده نه‌كرێت، هیچ نه‌وتێك له ناوچه‌كه‌دا هه‌نارده ناكرێت.
دواتر به‌رۆكی ئه‌و ململانێیه به‌رفراونتر بوو و سوپای پاسدارانی ئێران فڕۆكهییهكی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكای خسته خواره‌ووه و كه‌مێك دواتر وه‌ك كاردانه‌وه له دژی ده‌ستبه‌سه‌ر داگرتنی كه‌شتیه‌كی نه‌وتهه‌ڵگری ئێران له جه‌به‌ل تارق، كه‌شتیه‌كی نه‌وت هه‌ڵگری بریتانیا له كه‌نداو له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا.
به‌ڵام له ناو ئه‌م گێژاوه‌ی كه‌نداودا، جارێكی‌تر مۆسكۆ له له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی له باره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چالاكتر كردووه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سیاسیه‌تی پێشووی سه‌رده‌می سۆڤییه‌تی جاران و هه‌ڵوێستێكی هێمنانه‌تری گرتووته‌به‌ر. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، سێرگی لاڤرۆف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له‌و باوڕه‌دایه كه نابه‌رپرسایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ڕیككه‌وتنی ئه‌تۆمی گه‌یاندووته ئه‌و خاڵه و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه ئێران مافی خۆیه‌تی هه‌ندێك له به‌ڵێنه‌كانی ناو ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی سڕ بكات و له لایهكهشهوه، دمیتری پیسكۆف،گوته‌بێژی كرملین وێرای ده‌ربڕینی نیگه‌رانییه‌كانی خۆی له زیادبوونی گرژییه‌كانی نێوان تاران و واشنتۆن، هاوكات ڕایگه‌یاندووه كه بڕیاره‌كانی ئه‌و دوایه‌ی ئێران جێگه‌ی داخن.
ڕوانگه‌ی رووسیا بۆ گرژییه‌كانی كه‌نداو چۆنن؟
دوای خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه بێ فرۆكه‌وانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، یه‌كه‌م كاردانه‌وه له ناو رووسیادا، له‌لایه‌ن ڤلادیمیر پوتینه‌وه بوو. ناوبراو له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا، گرژییه سه‌ربازییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتی بۆ ناوچه‌كه به كاره‌سات ناوبرد و جه‌ختیشی كرده‌وه كه ئه‌م گرژیانه ده‌بنه هۆی زیادبوونی ژماره‌ی په‌نابه‌ران له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست.
گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆككۆماری رووسیا " كرملین " سه‌باره‌ت به هه‌نگاوكانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هۆشداریدا، هاوكات سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری نێوده‌وڵه‌تی په‌رله‌مانی رووسیا" دۆما " ، رۆلێ حكومه‌تی ئێرانی، وه‌ك یاریزانێكی گه‌وره‌ی ناوچه‌كه وه‌سف كرد و ڕایگه‌یاند : سه‌قامگیری و ئاسایشی رۆژئاوای كیشوه‌ری ئاسیا گرێدراوه به هه‌ڵوێستی ئه‌وانه‌وه.
دواتریش دوابه‌دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌شتی بارهه‌ڵگری نه‌وتی به‌ریتانیا له لایه‌ن ئێران، سێرگی ریابكۆف، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له‌لایه‌ك هه‌نگاوكانی بریتانیای له كه‌نداو به شه‌رمنانه وسف كرد و له‌لایه‌كیتر وێرای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی مۆسكۆ، ئاشكرای كرد: كه ئه‌گه‌ری رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێران به‌رز بووه‌ته‌وه.
له‌مباره‌وه، ئیرینا كودریاشوا، مامۆستای زانكۆی وه‌زاره‌تی ده‌روه‌ی رووسیا له لێدوانێكی بۆ یۆرۆ نیۆز به‌شی فارسی وێرای سرنج خستنه سه‌ر ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌شتی نه‌وتی بریتانیا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، رایگه‌یاند: (( دۆخێكی زۆر ترسناك له‌ئارادایه كه ده‌كرێت ببێته هۆی به‌رزتر بوونه‌وه‌ی ئاستی گرژییه‌كان له ناوچه‌كه‌دا))
خاتوو ئیرینا كودریاشوا، له درێژه‌ی قسه‌كانیدا، هه‌ڵوێستی ڕووسیای له باره‌ی دۆخی ئێستا، به سه‌قامگیر و سازگار ناوبرد و ڕایگه‌یاند،((میخائیل بۆگدانۆف، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له به‌رواری 23ی حهزهیراندا، چه‌مكی ئاسایشی گشتی له ناوچه‌ی كه‌نداو خستوه‌ته ڕوو و به پێ ئه‌و پرۆژه‌یه، دانانی میكانیزمێكی هاوكاریی گشتگیر له ناوچه‌كه‌دا، له‌سه‌ر بنه‌مای پلانێكی درێژخایه‌ن و پراكتیكی، وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌ك ده‌زانێت بۆ دابین كردنی ئاسایش له كه‌نداو.
ئایا پڕۆژه ستراتیژییه پێشنیازكراوه‌كه‌ی رووسیا له‌باره‌ی كه‌نداو، گه‌ره‌نتی جێبه‌جێكردنی هه‌یه؟
ماڵپه‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له روونكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و پرۆژه‌یه ئاشكرای كردووه كه دابینكردنی ئاسایش، یه‌كێكه له گرنگترین كێشه‌كانی ناوچه‌یی ئێستا له ناوچه‌ی ستراتیژی كه‌نداو.
گۆڕانكارییه سه‌ربازی - سیاسییه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردوو له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا له لایه‌ك و له لایه‌كی دیكه گه‌شه‌كردنی خێرای هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییه‌كان له ناوچه‌كه، كه هاوكات سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی وزه‌ی جیهانی ده‌كه‌وێته ئه‌و ناوچه‌یه، ئه‌گه‌ری هه‌ڵاوسانی رووداوێكی كاره‌ساتباری وێرانكه‌ری لێده‌كرێت بۆ سیسته‌می په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیی و ئاسایشی وزه و ئابووری جیهان .
ئه‌و پرۆژه‌یه له درێژه‌دا جه‌خت له پێویستی جیددی و كاریگه‌ر له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی ده‌كاته‌وه به ئامانجی گۆڕانكاری و ئاشته‌وایی هه‌رچی زیاتر له كه‌نداوی عه‌ره‌بی، تاكوو له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كان سه‌ركه‌وێت و هه‌نگاو بۆ ئاشته‌وایی و دراوسێیه‌تی دۆستانه و په‌ره‌پێدانی جێگیر بندرێت.
بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی ئه‌منی له كه‌نداو ده‌توانێت كاریگه‌ریه‌كی سه‌ره‌كی هه‌بێت له پته‌وكردنی چالاكییه‌كانی سیاسی و دیپلۆماسییه‌كان له ناوچه‌كه‌دا. به‌پێی ئه‌و پڕۆژه‌یه تێگه‌یشتنی رووسیا له ناوچه‌ی كه‌نداو له چوارچێوه‌ی ئه‌و پره‌نسیپانه دارێژراوه:
* به‌هێز كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و هێزانه‌ی خوازیارن بۆ له‌ناو بردنی سه‌نته‌ری تووندئاژۆیی تیرۆریستی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
* هاوڕاكردنی هزری گشتی موسڵمانان و وڵاتانی تر بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌و له‌دژی هه‌ڕه‌شه تیرۆریستیه‌كان.
* پابه‌ندبوونی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به یاسا و بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانن به‌تایبه‌ت یاسا‌و بڕیاره‌كانی رێكخراوه‌ی نهتهویهكگرتوهكان.
* ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن به ئامانجی گه‌یشتن به ئاشته‌وایی ته‌نیا ده‌بێت به پێی بڕیارنامه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی یا خود له‌سه‌ر داوای به‌رپرسانی یاسایی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه خاكه‌كه‌یان بوووته قوربانی هێرشه‌كان.
* سیسته‌می ئاسایشی كه‌نداو ده‌بێت به پێی ڕیزگرتن له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناوچه‌كه و گشت ئه‌و لایانانه‌ی تێوه‌گلاو بێت له هه‌موو بوارێكدا.
* فره رهههندییهك بوونی هه‌بێت به واتای میكانیزمێك بۆ قۆناغه‌كانی بڕیاردان و جێبه‌جێكردنی.
*پێشخستنی سیسته‌می ئاسایش به ئامانجی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی، چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا، یه‌مه‌ن،عێراق و بابه‌تی به‌رنامه‌ی ناوه‌كی ئێران.
* به‌كارهێنانی پره‌نسیبی بڕواكردن و پێشكه‌شكردنی گه‌ره‌نتی ئاسایش به‌رامبه‌ر یه‌ك له نێوان وڵاتانی كه‌نداو.
ئێستا ئه‌و پڕسیاره دێته ئارا كه ئاخۆ پڕۆسه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی پێشنیازكراوی رووسیا، له ئه‌گه‌ری ڕێككه‌وتنی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان تا چ ڕاده‌یه‌ك تواناییی و گه‌ره‌نتی جێبه‌جێكردنی هه‌یه؟
چونكه تاكو ئێستا زیاتر له ده‌یان كۆبوونه‌وه و دانوستان له چوارچێوه‌ی كۆبههنهوهكانی ڤیه‌نا، سوچی،ئاستانه و ئیستانبۆل به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا به‌ڕیوه‌چووه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌نجامی داخوازی لێ به‌دی نه‌هاتووه و لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر رێككه‌وتنێكی گشتگیر ڕێك نه‌كه‌وتوون. ته‌نانه‌ت ئاستی ناكۆكییه‌كانی به‌شێك له‌و وڵاتانه، له گرژییه‌كانی كه‌نداودا، روونتر خۆی به‌رجه‌سته كردووه‌ته‌وه.
نیكیتا مێندكووڤیچ، شڕۆڤه‌كاری كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئه‌نجوومه‌نی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی رووسیا له گفتوگۆیه‌كی بۆ ئاژانسی یۆرۆ نیوزی به‌شی فارسی سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌ی پێشنیازكراوی رووسیا ده‌ڵیت:(( ئه‌و پڕۆژه‌یه خۆی پێشنیارگهلێكه له پانتایه‌كی گه‌وره دا كه به ناچاری ڕووبه‌ڕووی ناڕه‌زایه‌تی هه‌ندێك له كاره‌كته‌ره‌كانی ناوچه‌كه ده‌بێته‌وه؛ بۆ نموونه پێشنیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی زلهێزه‌كانی بیانی له كه‌نداو، كه به‌ڕوونی سرنجی خسته سه‌ر بنكه سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه. یاخود چاره‌سه‌ری قه‌یرانی یه‌مه‌ن كه گرێدراوه به ئێران و سعودیا.))
به‌ڕیوه‌به‌ری به‌شی لێكۆڵینه‌وه ئۆراسیا له درێژه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختیكرده‌وه:(( وێرای ئه‌مه‌ش هه‌ندێك له داهێنانه‌كان چانسی باشیان هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنیان و پێویسته له نێوان لایه‌نه‌كاندا، هێلێكی په‌یوه‌ندی پێكبێت و چوارچێوه‌ی نوێ بۆ دانوستان و گفتوگۆ ده‌ست پێبكات ئه‌ویش به به‌شداری رووسیا ، ئه‌مه‌ریكا، یه‌كێتی ئه‌وروپا، چین و هیند.))
مێندكووڤیچ، هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاندوو:(( من وای بۆده‌چم كه مۆسكۆ باش له‌وه تێده‌گات ده‌زانێت كه هه‌موو پێشنیازه‌كان جێگه‌ی قبووڵكردن نین، به‌ڵام ئه‌و پڕۆژه‌یه جه‌خت ده‌كاته‌وه له چاره‌سه‌ری و ده‌رچوون له قه‌یرانه‌كانی ناوچه‌ی كه‌نداو، و هاوكات پرۆسه‌یه‌كی گرنگی سیاسی بۆ ناوچه‌كه ده‌خوڵقێنێت.))
نمایشی سه‌ربازی رووسیا و ئێران چ په‌یامێك بۆ هاوپه‌یمانیه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ینێت؟
ده‌ریا وان خانزادی كه به‌بۆنه‌ی رۆژی هێزی ده‌ریایی رووسیا سه‌ردانی سانت پترزبورگی كردبوو، دوای به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هێزی ده‌ریایی رووسیا، باسی له ڕیككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ رووسیا كرد بۆ مانۆڕیكی سه‌ربازی هاوبه‌ش له ده‌ریای عومان و باكووری ده‌ریای هیند. بابه‌تێك كه هه‌ندێك له ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ به هه‌ڵه رایانگه‌یاندبوو كه شوێنی ئه‌نجامدانی ئه‌و مانۆڕه سه‌ربازییه كه‌نداوی عه‌ره‌بییه.
به‌شێك له شرۆڤه‌كاران له‌و بڕوایه‌دان كه به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م مانۆڕه سه‌ربازییه پێشنیاركراوه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو.
له راستیدا ئه‌م قسه‌یه‌ی كه فه‌رمانده‌ی هێزی ده‌ریاوانی سوپای ئێران كردوویه‌تی كه، هیواخوازین تا كۆتایی ئه‌مساڵ ئه‌م مانۆڕه به‌ڕیوه‌بچێت، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه تا ئێستا به‌ڕیوه‌چوونی ئه‌م مانۆره سه‌ربازییه نه‌گه‌یشتووه‌ته خاڵی كۆتایی رێككه‌وتن. پسپۆڕانیش پێیان وایه حكوومه‌تی ئێران بۆ كێشه‌كانی ئێستای له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له ناوچه‌كه و وڵاتانی ده‌ورووبه‌ری كه‌نداوی عه‌ره‌بی، ده‌بێت توانایه‌كی به‌هێزی هه‌بێت بۆ مشتومڕی كردن و هه‌وره‌ها پێویسته بۆ ئه‌م بابه‌ته، وڵاتانی رووسیا و چین بۆ لای خۆی راكێشێت.
هه‌رچه‌نده تا ئیستا رووسیا پێی وایه ره‌فتاره‌كانی تاران، به‌هۆی كاردانه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئیداره‌ی تهرمپه و حكوومه‌تی ئهمركیاش به به‌رپرسیار ده‌زانێـت بۆ ئه‌و گرژییانه، به‌ڵام وا پێده‌چێت تاران چاوه‌ڕێی سیاسه‌تی كرده‌یی ده‌كات له مۆسكۆ. به بارێكی دیكه‌وه ئیران بۆ ئه‌وه‌ی به كردار رووسیا رازی بكات بۆ هاوهه‌نگاو بوون له‌گه‌ڵ خۆی، له یه‌كه‌م هه‌نگاودا، به پێویستی ده‌زانێت رووسه‌كانیش پێیان بگاته ئاوه‌كانی باشووری ئێران. چونكه ئه‌وكات جۆرێك له هاوپه‌یمانی دێته ئارا.ستراتیژییه‌تێك كه بۆی هه‌یه تاران دواجار له‌گه‌ڵ وڵاتی چینیش بیگرێته به‌ر.
به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا هه‌ندێك له شرۆڤه‌كاران سیناریۆیه‌كی دیكه ده‌خه‌نه ڕوو و له‌و باوڕه‌دان كه ئێستا كاتێكی گونجاوه بۆ ئه‌وه‌ی رووسیا بێته ئاوه‌كانی كه‌نداو و به‌دوای ڕێگه‌یه‌ك بگه‌رێت بۆ دامه‌زراندنی بنكه‌ی سه‌ربازی و هه‌ژموونی سه‌ربازی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌دا. ئه‌وه‌ی ئاشكرایه رووسیا له پڕۆژه‌كه‌یدا كه بۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش نێوه‌ده‌وڵه‌تی ناردوویه‌تی به‌دوای ده‌رچوونی هێزه‌كانی بیانیه له‌و ناوچه‌یه. بابه‌تێك كه رووسیا ده‌توانێت به مقۆمقۆكانی هاتنی بۆ كه‌نداو هێزی دیپلۆماسییه‌تی خۆی به‌هێزتر پێشان بدات.
هه‌ر له‌و باره‌وه فه‌رهاد ئیبراهیمۆف، ئه‌ندامی یانه‌ی ڤالدای كه یه‌كێكه له گرنكترین ئهنستیتۆكانی دانپێندراوی رووسیا له سه‌ر ئاستی جیهان، له گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ یۆرۆ نیوز به‌شی فارسی ده‌ڵێت:(( سه‌ردانی ئه‌و دواییه‌ی خانزادی فه‌رمانده‌ی هێزی ده‌ریایی ئێران بۆ سانت پترزبۆرگ و دیداره سێ ڕۆژه‌كه‌ی بابه‌تێكی ئاسایی نه‌بووه و به له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی ناوچه‌كه، ئه‌و سه‌ردانه گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه. ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له كه‌نداودا له ڕووده‌ده‌ن، مه‌زه‌نده ده‌كرێت په‌یوه‌ندی رووسیا و ئێران به‌تایبه‌ت له ڕووی به‌رگری و سه‌ربازییه‌وه به‌رفراوان بكات.))
ئیبراهیمۆف له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: (( ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه له ماوه‌یكی نزیك یاخۆد ماویه‌كی كورتدا، هێزی ده‌ریایی رووسیا له كه‌نداو به‌دی بكرێـت. چوونكه ده‌گۆترێت دانوستان و ڕیككه‌وتن له‌باره‌ی پێشڤه‌چونی هاوكاری نێوان ئێران و رووسیا هاتووته ئارا كه به له‌به‌رچاوگرتنی ڕووداوه‌كانی ئه‌و دواییه‌ی گه‌رووی هورمز زۆر گرنگ وجێی بایه‌خن.))
ئه‌و شاره‌زاییه‌ی كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له كۆتایی دا ده‌ڵێت: (( ناتوانرێت ئه‌مرۆ ئێران وه‌ك هاوپه‌یمانێكی ستراتیژی رووسیا ناو ببرێت، به‌ڵام ده‌بێت تا ڕاده‌یه‌ك به‌چاوی هاوبه‌شێكی كاریگه‌ر سه‌یری بكرێت و له‌و ڕوویهوهشهوه بیانوویه‌ك نه‌ماوه بۆ ئه‌وه‌ی ڕیككهوتنهكان ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌ز بمێننه‌وه.))
مه‌زه‌نده ده‌كرێت ئه‌گه‌ر ئێران سه‌ركه‌وتوو بێت له‌وه‌ی كه رووسیا رازی بكات تاكوو له هێز ره‌وانه‌ی ئاوه‌كانی باشوور بكات، كارتی سه‌ركه‌وتنی خۆی له دژی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه عهربهكانی له كه‌نداو خستووه‌ته‌ڕوو. به‌م هۆیه‌شه‌وه مه‌زه‌نده ده‌كرێت ئه‌مه‌ریكا كه له كۆتاییه‌كانی گه‌ڕی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ، هه‌وڵ بدات بۆ دانوستان له‌سه‌ر چه‌ند اڵێكی لێك تێگه‌یشتن ئه‌وه‌یش له‌سه‌ر مه‌رجه پێشنیازكراوه‌كانی ئێران.
ئه‌و خاڵه جێگه‌ی ههڵوهێستهكردنه كه رووسیا به سه‌رۆكایه‌تی پۆتین ئه‌گه‌ر چی وه‌ك ئاگر كووژێنهوه خۆی ده‌رناخات، به‌ڵام له‌وه تێده‌گات كه ته‌شه‌نه‌كردنی گرژییه‌كان له گه‌رووی هورمز و بچوكترین هه‌نگاوی سه‌ربازی دژی ئێران بۆ مۆسكۆ زۆر ناخۆش ده‌بێت. راستیه‌ك كه ده‌توانێت ئاسایشی ئاسیای ناوه‌ڕاست بخاته ژێر كاریگه‌ری و له‌و ڕویهشهوهیه كه هه‌وڵ ده‌دات ئاوێك به ئاگری گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا دابكات .
به‌رپرسانی كرملین دوای قه‌یرانی سوریا خۆیان به هێزی یه‌كه‌می ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نێن، ره‌نگه هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه بووبێت كه پڕۆژه‌ی چه‌مكی ئاسایشی گشتگیری كه‌نداویان راده‌ستی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كردووه. له لایه‌كی تریشه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سه‌ربازی ئێران كه‌وتوونه‌ته گفتوگۆ و ورده ورده له پاڵ سیاسه‌تی راگه‌یاندن، سیاسه‌ته كرده‌ییه‌كانیان ده‌ست پێكردووه.
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: فه‌خری حاچك نزاری
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.