Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 02:18

تورکیا: ئەمریکا لەهاوکاریکردنی (یه‌په‌گه‌) به‌رده‌وامه‌

توركیا: تاكتیكی خڵه‌فاندن و كات به‌سه‌ربردنی ئه‌مریكا قبول ناكه‌ین
کوردستان TV
100%

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، كه هێشتا زۆر بابه‌ت هه‌یه پێویستی به ورده‌كاری هه‌یه له‌باره‌ی ناوچه‌ی ئارام كه بڕیاره به هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له باكووری سووریا دروستی بكه‌ن و گوتی' 'ئه‌وه‌ی گوتمان ئه‌وه‌یه‌ كه تاكتیكی خڵه‌فاندنێكی ئه‌مریكا ناخوات. به داخه‌وه له منبج خڵه‌فاندنێكی له‌و شێوه‌یه‌یان كرد و پابه‌ند نه‌بوون به به‌ڵێنه‌كانیانه‌وه''. 

مەولود چاوشئۆغڵو له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سێرالیۆن و هاریكاری نێوده‌وڵه‌تی، نەبیلە تونیس له وه‌زارتی ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شی رێكخست. 

ناوبراو گوتى'' گوتمان كه رێككه‌وتنی پێشوه‌خته سه‌ره‌تایه‌كه و هێشتا زۆر بابه‌ت هه‌یه پێویستیان به ورده‌كارییه، له‌به‌رئه‌وه‌ بڕیارماندا به دروستكردنی ناوه‌ندی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش، ئێوه‌ش ئاگاداری ئه‌وه‌ن كه له ئه‌مریكاوه هه‌ندێک سه‌رباز هاتوون بۆ دروستكردنی ئه‌و ناوه‌نده و ئه‌مڕۆ شاندی ئه‌مریكا به سه‌رۆكایه‌تی جێگری فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌ورووپا سه‌ردانی ئورفا ده‌كات''.

مه‌ولود چاوشئۆغڵو گوتیشی'' فڕۆكه بێ فڕۆكەوانەكانمان دەستیان به فڕین كردووه له ناوچەكەدا، به دڵنیایییەوه لێرەدا خاڵی چاودێری دەبێت، به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌وریه‌ش ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه ورده‌كارییه. لێره‌دا ئامانج ئه‌وه‌یه‌ ناوچه‌ی ئارام پێكبهێنرێت و تره‌مپ-یش به‌ڵێنی '٢٠ میل'ی هه‌یه، له‌و ناوچه ئارامه‌ش یه‌په‌گه‌ و په‌كه‌كه‌ ده‌رده‌كرێن ئه‌وسا ده‌بێته ناوچه‌ی ئارام''. 

مەولود چاوشئۆغڵو باسی له‌وه كرد كه ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری له‌و ناوچه‌یه‌دا پێویسته بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و ناوچه‌یەدا ژیاون، چونكه په‌نابه‌ری سووریا هه‌یه كه خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ به‌تایبه‌تی كوردانی سووریا. 

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵو باسی له‌وه‌یش كرد كه هه‌ر له سه‌رەتاوه گوتویانه كه تاكتیكی خڵه‌فاندن و كات به‌سه‌ربردنی ئه‌مریكا ناخوات و گوتی'' به‌داخه‌وه‌ له منبج خڵه‌فاندنێكی له‌و شێوه‌یه‌ كرا و پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان نه‌بوون. ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی فورات بووه لانه‌ی تیرۆر، له كاتێكدا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وانه ده‌كەین ، كه‌ ئەمریكا به‌رده‌وامه‌ له هاوكاریكردنی (یه‌په‌گه‌) به چه‌ك، له رابردووشدا به دەیان بارهه‌ڵگر چه‌كیان هێناوه‌ بۆیان. 

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.