Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 19:32

 پرخه‌پرخ چۆن چاره‌سه‌ر بکه‌ین؟

بوونی كێشه‌ له‌ لووت یان هه‌ستیاری و هه‌وكردنی لووت.
کوردستان TV
100%

بریتییه‌ له‌و ده‌نگه‌ بێزاركه‌ره‌ی كه‌ له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت له‌كاتی نوستن به‌هۆی داخرانی به‌شی له‌ رێڕه‌وی هه‌ناسه‌دان، هه‌ندێك كاتیش ره‌نگه‌ ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ حاڵه‌تێكی مه‌ترسیداری ته‌ندروستی، جیا له‌وه‌ی مایه‌ی بێزاری كه‌سانی ده‌وروبه‌ره‌ له‌ هاوسه‌ر و هاوڕێ و ئه‌وانه‌ی له‌ شوێنی نزیكت ده‌خه‌ون، ره‌نگه‌ نیوه‌ی كه‌سانی پێگه‌یشتوو ئه‌و حاڵه‌ته‌یان هه‌یه‌ و هۆكاره‌كه‌ی له‌رینه‌وه‌ی شانه‌ نه‌رمه‌كانی قورگه‌ له‌كاتی راكێشان و پاڵنانی هه‌وایه‌ بۆ هه‌ناسه‌دان به‌تایبه‌تی له‌كاتی نوستن كه‌ ئه‌و شانانه‌ له‌ حه‌سانه‌وه‌ و داكه‌تندان، بۆیه‌ ده‌نگێكی بێزاركه‌ر ده‌رده‌كه‌ن.

ره‌نگه‌ گۆڕینی شێوازی ژیان یان دابه‌زاندنی كێش و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنه‌وه‌ی كحوول له‌ نزیك كاتی خه‌وتن یان خه‌وتن له‌سه‌ر لاته‌نیشت یارمه‌تیده‌ر بن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پرخه‌پرخ، جیا له‌وانه‌ چاره‌سه‌ری پزیشكی به‌ ده‌رمان و نه‌شته‌رگه‌ری هه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریكه‌ری كێشه‌كه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌ری ته‌واوه‌تی نییه‌، به‌شێك له‌ حاڵه‌ته‌كانی پرخه‌پرخ پێوه‌سته‌ به‌ تووشبوون به‌ شێوانی خه‌وتن یان وه‌ستانی هه‌ناسه‌دان له‌كاتی نوستن، هه‌روه‌ها كێشی زۆر و خواردنه‌وه‌ی كحوول و بوونی مه‌ڵاشووێكی ئه‌ستوور و نزم و بوونی كێشه‌ له‌ لووت وه‌ك خواری ئێسك و نه‌نوستن بۆ كاتی پێویست و شێوازی نوستن به‌تایبه‌تی نوستن له‌سه‌ر پشت.

چاره‌سه‌ری پرخه‌پرخ جیا له‌ چاره‌سه‌ری پزیشكی بریتییه‌ له‌ گۆڕینی هه‌ندێك له‌ خوی رۆژانه‌ و سیستمی ژیان وه‌ك نوستن له‌سه‌ر لاته‌نیشت و هیتریش، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ سوودیان نه‌بێت پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشكی شاره‌زا بكرێت و ئه‌و به‌ ده‌رمان یان به‌ نه‌شته‌رگه‌ری به‌پێی پێویست چاره‌سه‌ری ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌كات.

ئێزگه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی كرد كه‌ 40%ی كه‌سانی پێگه‌یشتوو له‌و وڵاته‌ به‌ده‌ست پرخه‌ی شه‌وانه‌ ده‌ناڵێنن و پیاوان زیاتر له‌ ژنان حاڵه‌ته‌كه‌یان هه‌یه‌.

ئیریك فۆیت پزیشكی لووت و قوڕگ و شاره‌زای نوستن له‌ زانكۆی نیویۆرك له‌ دیدارێكی ئێزگه‌ی نیشتیمانی گشتیی ئه‌مه‌ریكا "ئێن یس ئاڕ"، گوتی، پرخه‌پرخ پێوه‌ندیی به‌ نووستنی باشه‌وه‌ نییه‌ و وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كیش ده‌توانرێت خه‌وێكی قووڵت هه‌بێت بێ هیچ ده‌نگێك.

زیاتر گوتی، زۆرجار پرخه‌كردن زیانی نییه‌ مه‌گه‌ر بێزاركار نه‌بێت بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ نزیكته‌وه‌ خه‌وتووه‌ و له‌ هه‌مان ژوور، به‌ڵام هه‌ندێك كات ده‌كرێت ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ حاڵه‌تێكی مه‌ترسیدار كه‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی دروستی ده‌كات زیادبوونی كێشی له‌شه‌، بۆیه‌ كاتێك كێشت داده‌به‌زێت پرخه‌پرخیشت كه‌م ده‌بێته‌وه‌. هه‌روه‌ها بوونی شێوان له‌ دیواری جیاكه‌ره‌وه‌ی كونه‌كانی لووت.

ئه‌و پزیشكه‌ ئاماژه‌یه‌ كرد كه‌ پرخه‌پرخی یه‌ك ئاست و ده‌نگ جێگیر مه‌ترسی نییه‌، به‌ڵام پرخه‌پرخ به‌ ده‌نگی به‌رز و بوونی به‌رز و نزمی له‌ ده‌نگه‌كه‌ی ره‌نگه‌ ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ وه‌ستانی هه‌ناسه‌دان له‌كاتی نوستن كه‌ حاڵه‌تێكی مه‌ترسیداره‌ و مه‌ترسی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ زیاتر ده‌كات.

هۆكاره‌كانی پرخه‌پرخكردن:

*كێشی زیادی له‌ش و قه‌ڵه‌وی.

*بوونی كێشه‌ له‌ لووت یان هه‌ستیاری و هه‌وكردنی لووت.

*نه‌نوستن بۆ ماوه‌یه‌كی گونجاو.

*نوستن به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه‌.

*وه‌ستانی هه‌ناسه‌دان له‌كاتی نوستن.

*هۆكاری بۆماوه‌یی.

*هه‌وكردنی ئاڵووه‌كان.

*له‌ منداڵ به‌هۆی هه‌وكردنی ئاڵووه‌كان و كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان رووده‌دات.

ن/ ئه‌ژین عه‌بدوڵڵا

كوردستان تیڤی / كامران

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.