ڕۆژ دوای ڕۆژ گەنجان پەیوەست دەبن بە کافتریاکان، ئەمەش وایکردووە ژمارەی کافتریاکان زیاتر بێت، شارەزایانی ئابووریش ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەگەر حکومەت شوێنی تایبەت بۆ گەنجان نەکاتەوە ئەوە تادێت گەنجان ئاڵودەی زۆر شتی خراپ دەبنەوە.
بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ ژمارەی کافتریاکان لە 600 کافتریا بۆ نزیکەی 1000 کافتریا زیادیکردووە.
شوکر محەمەد، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان کە دامەزراندنی کافتریاش لەلایەن ئەوان ڕێگەی پێدەدرێت بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان ژمارەی کافتریاکان زیادیکردووە.
شوکر، دەشڵێت:" جگە لەو کافتریایانەی بەفەرمی لای ئەوان تۆمارکراون زۆر کافتریا هەن بەبێ مۆڵەت کاردەکەن، بۆیە ژمارەی ئەو کافتریانی لای ئێمە تۆمار کراون لە هەولێر ساڵی ڕابردوو ژمارەیان کەمتر لە 100 کافتریا بوون بەڵام ئەمساڵ ڕێژەی کافتریاکان گەیشتووەتە زیاتر لە 125 کافتریا.
شوکر محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا:" کافتریاکان بوونەتە دوو بەش بەشێکیان گەشتیارین و ئەوەی دیکە ئەو کافتریایانەن کە شەوانە گەنجان سەردانیان دەکەن، بەڵام زۆرترین ژمارەی کافتریاکان ئەوانەن کە گەنجان بۆی دەچن.
بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو بازاڕی کافتریاکان لەسەدا 50 % زیادیکردووە،
بارزان غازی، خاوەنی کافتریایە لە شەقامی ئیسکان لە هەولێر، بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: پێش قەیرانی دارایی سێ کافتریام هەبوو بەڵام قەیرانی دارایی وایکرد لە ساڵی 2016 دوو کافتریام فرۆشت، بەیەک کافتریا لەسەر زەرەر دڕۆیشتین.
بارزان، باس لە بوژانەوەی کارەکەی دەکات و دەڵێت:" ئەمساڵ دوای نەمانی کێشەکان چوار کافتریامان کڕیووە، سوپاس بۆ خوا بازاڕمان زۆر باشە.
بارزان، دەشڵێت:" ساڵی ڕابردوو شەوانە نزیکەی 400 هەزار دینار زۆرترین داهاتمان بوو، بەڵام ئێستا شەوان لە ملیۆنێک کەمتر کارناکەین.
ئەرکان عەلی، کە ئەمساڵ کافتریای داناوە لە سلێمانی، بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: ئەوانەی سەردانمان دەکەن لەسەدا 99% گەنجن کەمتر کەسانی بەتەمەن دێنەلامان.
ئەرکان، دەشڵێت:" زۆرترین خواست لەسەر نێرگەلەیە شەوانە زیاتر لە 200 نێرگەلە دەکێشرێت، جگە لە نێرگەلە چەرەس و شەربەتی سروشتیش خواستی زۆری لەسەرە.
ئەوگەنجانەی دەچنەکافتریاکان خەرجییەکی زۆر دەکەن بەجۆرێک، کەمترین خەرجی هەر گەنجێک 5 هەزار دینارە.
سامان و بڵند و دلێر و کارزان، سێ هاوڕێن کە هەموو شەوێک دێنە کافتریا لە شەقامی ئیسکان، بۆ کوردستان تیڤی دەڵێن:" هەرچوارمان دەرچووی زانکۆین و دوو ساڵە تەواومانکردووە بەڵام کە کار نەبێت چیبکەین ناچارین کاتمان لە کافتریا ببەینەسەر ئەو خەرجییەشی دەیکەین هی ماڵەوەیە بووینەتە بارگرانی بۆ ماڵەوە، چونکە کار و کەسابەت نییە.
ئەو چوار هاوڕێییە، دەشڵێن:" هەموو شەوێک دێین بۆ یاری کۆنکان و دۆمینە، ، هەمووان بەیەکسانی پارەکە لەنێوان خۆمان بەشدەکەین و هەر یەکێکمان پارەی نێرگەلە و چاو و
خواردنەوەی دیکە نزیکەی 5 هەزار خەرجدەکەین.
زۆربەی ڕووداوی شەڕ و کێشەکان یان لە کافتریاکان ڕوودەدەن یان ئەوگەنجانەن کە زۆر دەچنە کافتریاکان و بێکارن، پسپۆڕێکی ـ ئابووریش پێی وایە ئەگەر حکومەت هاوکاری گەنجان نەکات ئەوا گەنجان ئاڵودەی شتی خراپ دەبن.
سەربەست سیوەیلی، شارەزای ئابووری، دەڵێت: ساڵانە گەنجێکی زۆر لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچن و بێکارن نە حکومەت نە کەرتی تایبەت کاریان پێنادەن و شوێنێکی تایەتیش نییە بۆ گەنجان بۆ کات بەسەربردن بۆیە زۆر گەنج هەیە دزی دەکات بەس بۆئەوەی کات بەسەرببات لە کافتریاکان.
سەربەست، دەشڵێت:" پێویستە حکومەت کار لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی کرێکارانی بیانی بکات بۆئەوەی دەرفەتی کار بۆ گەنجان بڕەخسێت، ئەوکات گەنجان بەبێ کێشەدەچنە کافێ و کاتیشیان دیاریکراو دەبێت.
ئەوشارەزایەی ئابووری، دەشڵێت:" زۆربەی گەنجانمان لە کافتریاکان لەبڕی کات بەسەربردن بە شتی بەسوود خەریکی قومار و نێرگەلەکێشان و لە هەندێک کافتریا ئاڵودەبوونی ماددەی خراپ هەبووە کە لەداهاتوو ڕەنگە زیانی زۆر بەر ڕەوشی گەنجان بکەوێت، بۆیە پێویستە لێژنەی تایبەت سەردانی کافتریاکان بکەن و چاودێری هەبێت.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.