جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگهیاند لە دوو رۆژی داهاتوودا شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەچێتە بەغداو لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق كۆدەبێتەوە.
د. بەشیر حەداد، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە دوای پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا چووەتە قۆناغێكی نوێوە.
جەختی كردەوە: ئەمڕۆ یان سبەی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەگاتە بەغدا و ئومێد ھەیە لە ماوەی مانگێك تا دوو مانگ گفتوگۆكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە ئامانج بگات، چونكە ئێستا لە بەغدا كار لەسەر بودجەی ساڵی 2020 دەكرێت و تا مانگی 12 دەبێ بودجە بھێندرێتە پەرلەمان، بۆیە ئەگەر لەو ماوەیەدا ھەرێمی كوردستان و بەغدا نەگەنە رێككەوتن، تێپەڕاندنی بودجە لە پەرلەمانی عێراق زۆر زەحمەت دەبێت.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو دەرفەتێكی باش لە عێراق ھاتووەتە پێش و خواست لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، چەند لیژنەیەك لە نێوان ھەردوولادا لەسەر دۆسیەكانی نەوت، بودجە و موچە، مادەی 140 و دۆسییە ئەمنی و سیاسییەكان پێكھێنراون.
لە ماوهكانی رابرد شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ههرێمی كوردستان و شاندی باڵای حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی فواد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە كۆبوونەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.