Erbil 38°C سێشەممە 19 تشرینی دووەم 00:38

سه‌رۆکی به‌ڕازیل هاوکارییه‌کانى وڵاتانی G-7ی ره‌تکرده‌وه‌ که‌ بڕیاربوو بۆ کوژاندنه‌وه‌ی ئاگری دارستانه‌کانی ئه‌مازۆن پێشکه‌شی بکه‌ن

ئاگری دارستانه‌كانی ئه‌مازۆن ماوه‌ی نزيكه‌ی سێ هه‌فته‌یه‌ به‌رده‌وامه‌
کوردستان TV
100%


سه‌رۆكی به‌ڕازیل، جایر بۆڵسۆنارۆ ئه‌و هاوكارییه‌ ٢٠ ملیۆن یورۆییه‌ی وڵاتانی G-7ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ بڕیاربوو به‌ مه‌به‌ستی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری دارستانه‌كانی ئه‌مازۆن كه‌ ماوه‌ی نزيكه‌ی سێ هه‌فته‌یه‌ به‌رده‌وامه‌، پێشكه‌شی بكه‌ن و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد کە سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن نیازی جۆراوجۆری له‌ پشت بیرۆكه‌ی پێشكه‌شكردنی ئه‌م هاوكارییانه‌ هه‌یه‌.

جایر بۆڵسۆنارۆ له‌ په‌یامێكدا كه‌ له‌ رێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاندووه‌ "نه‌ رێگه‌ به‌ سه‌رۆكی وڵاتێك، ماكرۆن، ده‌ده‌ین هێرشی بێجێ و له‌خۆڕا بكاته‌ سه‌ر ئه‌مازۆن و نه‌ رێگه‌ به‌وه‌یش ده‌ده‌ین نیازی سه‌ره‌كییان له‌ پشت بیرۆكه‌ی 'هاوپه‌یمانیی وڵاتانی G-7' له‌ پێناو 'رزگاركردن'ی ئامازۆن بشارنه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی خاكێكی بێخاوه‌ن یان داگیركراومان هه‌بێت''.

سه‌رۆكی به‌ڕازیل ئاماژه‌ی به‌وه‌یشكردووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كۆلۆمبیا، ئیڤان دیوك سه‌باره‌ت به‌ پلانێك بۆ پاراستنی سه‌روه‌ریی و ده‌وڵه‌مه‌ندیی سروشتیی كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ كۆبكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ی ئه‌مازۆندا هاوبه‌شن له‌ پێناو كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ كه‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ زیاتره‌ درێژه‌ی هه‌یه‌، قسه‌یكردووه‌.

جایر بۆڵسۆنارۆ هه‌روه‌ها بیرۆكه‌ی پێشكه‌شكردنی بڕی ٢٠ ملیۆن یورۆی وه‌ك هاوكاریی له‌ لایه‌ن وڵاتانی G-7ه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری دارستانه‌كانی ئه‌مازۆن، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی زیان به‌ سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت، ره‌تكرده‌وه‌.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی چیلی، سیباستیان پینێرا سازیكرد، سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن ئاشكرایكردبوو، وڵاتانی G-7 به‌ مه‌به‌ستی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری دارستانه‌كانی ئه‌مازۆن، بڕیاریانداوه‌ بڕی ٢٠ ملیۆن یورۆ پێشكه‌ش بكه‌ن.

گرژییه‌كانی نێوان فه‌ڕه‌نسا و به‌ڕازیل هه‌فته‌ی رابردوو دوای بانگێشتی به‌په‌له‌ی ماكرۆن بۆ كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی G-7 سه‌باره‌ت به‌ ئاگری دارستانه‌كانی ئه‌مازۆن هات، له‌به‌رامبه‌ردا جایر بۆڵسۆنارۆ، ئیمانوێل ماكرۆن-ی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردبوو كه‌ خاوه‌ن عه‌قڵییه‌تێكی داگیركه‌رانه‌یه‌.

هاوكات هه‌وادارێكی سه‌رۆكی به‌ڕازیل، جایر بۆڵسۆنارۆ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، وێنه‌یه‌كی بریگت ماكرۆن-ی هاوسه‌ری ئیمانوێل ماكرۆن-ی بڵاوكردبوویه‌وه‌ و گاڵته‌ی به‌ڕووخسار و رووكه‌شی كردبوو، بۆڵسۆنارۆش بۆی نووسیبوو "كابرا بچووك مه‌كه‌نه‌وه‌، هاهاها" كه‌ مه‌به‌ستی ماكرۆن بوو.

لای خۆیه‌وه‌ ماكرۆن كۆمێنته‌كه‌ی بۆڵسۆنارۆی به‌ "ئێجگار بێڕێزانه‌" ناوبرد و رایگه‌یاندبوو "ده‌توانم چی بڵێم؟ مایه‌ی دڵته‌نگیی زۆره‌، به‌ڵام سه‌ره‌تا بۆ ئه‌و (بۆڵسۆنارۆ) و گه‌لی به‌ڕازیل مایه‌ی دڵته‌نگییه‌".

هه‌ریه‌ك له‌ كۆلۆمبیا، پێرو، ڤێنیزوێلا، بۆلیڤیا، ئیكوادۆر، سورینام، گوایانا و گوایانای فه‌ڕه‌نسی ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ی ئه‌مازۆن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.