خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی بڕیاری حیزبەکەی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دروستکردنی لیستێکی هاوبەش لەگەڵ یەکێتی و حیزبە کوردستانییەکانی دیکە، بە رووداوی راگەیاند" ئێمە پێمان باشە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە یەک لیست بەشداری بکەین. بۆ ئەو کارەش پارتی هەنگاوی ناوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دەبێت، پشتیوان بە خودا بڕیارێکی یەکگرتوو دەدەین سەبارەت بەو هەڵبژاردنانە".
خەسرۆ گۆران، دەڵێت" ئێمە تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی 12-5-2018ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لەگەڵ ئەوەبووین کە کورد لە سەرتاسەری ناوچە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداریی بکات، سەرەڕای هەموو ئەوانەی دوای 16ی ئۆکتۆبەر روویاندا، ئەمجارەش لەگەڵ ئەوەین کوردستانیان بە یەک لیست دەنگ بدەن، هەر لە مەندەلی و خانەقینەوە تا دەگاتە شنگال، لەبەر ئەوەی لە سیستەمی نوێ هەڵبژاردن لە قازانجی لیستە گەورەکانە، ئەگەر بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنەکان بەتایبەت لە کەرکووک زیاتر لە یەک بۆ دوو کورسیمان بەردەکەوێت".
سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان لەسەر ئەو سکاڵایەی پێشکەشی دادگای باڵای فیدراڵییان کردووە لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، خەسرۆ گۆران گوتی" هەر لە دوای پەسندکردنی ئەو یاسایە، دژی چەند بڕگەیەکی وەستاینەوە بۆ ئەوەی بڕیارەکە راست بکرێتەوە، بڕیارە 16ی ئەو مانگە دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەو بابەتە کۆببێتەوە، ئومێدەوارین لە قازانجی دەنگدەران بڕیار بدرێت".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەشڵێت" هەر بڕیارێک بەرامبەر کەرکووک بدرێت، پێشێلی دەستوورە و نایاساییە، چونکە ماددەی 140ـمان هەیە، دەبێت پێش هەموو شتێک بە قۆناخەکانی ئەو ماددەیە تێپەڕێت ئینجا هەنگاوەکانی دیکە لە کەرکووک بنرێت، بۆیە ئەو تانەیەی لە هەموواری ئەو یاسا دراوە، لەسەر 3 خاڵە، یەکێک لەو خاڵانە پرسی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووکە، خاڵەکانی دیکەش پەیوەندییان بە مافی دەنگدەرانی ئاوارە هەیە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.