Erbil 38°C پێنجشەممە 26 شوبات 14:53

مەسرور بارزانی: دەستبەرداری ماف و داخوازییە دەستوورییەکانمان نابین

فراکسیۆنە کوردستانییەکان خۆشحاڵ بوون بەو کۆبوونەوانە
کوردستان TV
#7
100%

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.

رۆژی یەکشەممە 2019/9/8 کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجامدرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە رەوشی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی ئاگادار کردەوە و گوتی پێشکەوتن لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا هەیە و هیوادارین لە سەر بنەمای دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن بە شێوەیەک پرنسیپەکانی: هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لە بەرچاو بگیرێن.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە کێشەی خەڵکی کوردستان تەنیا بودجە و مووچە نییە بەڵکو ئێمە خاوەنی پرسێکی نیشتمانین و داخوازی نەتەوەییمان هەیە و دەستبەرداری ماف وداخوازییە دەستوورییەکانمان نابین.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران لەسەر چەند تەوەرێک بە درێژی زانیاری پێویستیان لە بارەی ماف و داخوازییە دەستوورییە پێشیلکراوەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان خستەڕوو.

• یەکەم: سەبارەت بە نەوت و راددەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو بڕە نەوتەی هەناردە دەکرێت وشایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و داهاتی مانگانەی نەوت کە بۆ مووچە خەرج دەکرێت، زانیاریی ورد وپێویست خرانە روو . ئەم زانیاریانەش بەشێکە لە پرۆژەی وردبینی نەوت وگازی هەرێمی کوردستان کە لایەن کۆمپانیای نێودەلەوتی (دیلۆیت Deloitte ) ئامادەکراوە وسیاسەتی شەفاف و ئاشکرایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بواری نەوت وگازدا.

• دووەم : قەرزەکان: سەبارەت بە دۆسیەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان ، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەو قەرزانە درا کە لە ئەستۆی هەرێمی کوردستاندان و بەشێکە لە دۆسیەکانی گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی. هۆکاری سەرەکی ئەم قەرزانەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی بەغدا و ئەو قەیرانە داراییەی بەو هۆیەوە دروستبوو، بەتایبەتی دابینکردنی خەرجی زیاتر لە دووملیۆن ئاوارە و شەڕی داسەپاوی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.

• سێیەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پابەندبوون بەو ئیلتیزاماتە دەستووریانەی کە لە ئەستۆیدایە، لە هەمانکاتدا بە هیچ شێوەیەکیش سازیش لە سەر ماف و دەسەڵاتەکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ناکات.

لە کۆبوونەکەدا ئاماژە بەوە درا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 30 ی تەمووزی 2019 سەرۆک و ئەندامانی لیژنە تەکنییەکانی دەستنیشانکردووە و گفتوگۆکانیش لە گەڵ حکومەتی فیدرالی بەردەوامە لە سەر دۆسییەکانی دارایی وبودجە ، نەوت وگاز ، قەرزەکان ، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم . بەو ئاراستەیەی کە بتوانین بگەینە رێککەوتن لە سەر بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2020 و کارکردنی بەردەوام لە سەر چارەسەریی درێژخایەن بۆ ئەو دۆسیانە لە سەر بنەمای دەستوور وبەرژەوەندی هاوبەش و بەرەچاوکردنی پرنسیپەکانی شەراکەتی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها ئاماژە بەو یاسایانەش درا کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەچن و نەگونجاون لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی.

فراکسیۆنە کوردستانییەکان خۆشحاڵ بوون بەو کۆبوونەوانە و ئەو زانیاریە ورد و پێویستانەی خرانە روو ، بڕیاریش درا لە پێناو هەماهەنگی زیاتر کۆبوونەوەی نێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.