ئه‌سپێ Head Lice مێرووی وورد و بچووكن له‌نێو قژی سه‌ری مرۆڤ ده‌ژین. ئه‌سپێ پێگه‌یشتوو lice قه‌باره‌كه‌ی هێنده‌ی تۆوی كۆنجی ده‌بێت. هێلكه‌كانیان ( ڕشكه،nits ) قه‌باره‌یان له قه‌باره‌ی پێگه‌یشتووه‌كان بچووكتره، نزیكه له قه‌باره‌ی پارچه‌یه‌ك له كرێشی سه‌ر. رشك و ئه‌سپێ له‌سه‌ر قژ نزیك له كه‌له‌ی سه‌ر ده‌دۆزرێنه‌وه، به‌زۆریش له‌به‌شی پشت گوێیه‌كان یا له‌سه‌ر هێلی پشته‌وه‌ی گه‌رده‌ن. رشك و ئه‌سپێ له كۆمه‌ڵه‌ی مشه‌خۆره‌كان پۆلێن ده‌كرێن، و خۆراكیان له مژینی خوێنی مرۆڤ ده‌ست ده‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی به زیندوویی بمێنه‌وه.
چۆن بڵاوده‌بنه‌وه؟
رشك و ئه‌سپێ به خشۆكی جووله ده‌كه‌ن، توانای فڕین و بازدانیان نییه. بڵاو ده‌بنه‌وه به‌رێگای به‌ریه‌كه‌وتنی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ كه‌سێك كه هه‌ڵگری ئه‌و زینده‌وه‌رانه بێت. زۆر به ده‌گمه‌ن به‌هۆی به‌كارهێنانی كه‌لوپه‌لی وه‌كو شانه و كڵاو ده‌گوازرێنه‌وه. خاوێنی كه‌سه‌كان هیچ كاریگه‌ری نیه له رێگرتن له تووش بوون به رشك و ئه‌سپێ كاتێك كه‌سه‌كه به‌رێككه‌وتنی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ كه‌سی هه‌ڵگر هه‌بێت. رشك و ئه‌سپێ هیچ نه‌خۆشییه‌كیش بڵاو ناكه‌نه‌وه.
كێ تووشی ده‌بێت؟
منداڵان له ته‌مه‌نی نێوان سێ ساڵ تا ته‌مه‌نی یازده ساڵ و خێزانه‌كانیان به زۆری تووشی رشك و ئه‌سپێ ده‌بن. ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌یه منداڵ له‌م ته‌مه‌نانه‌دا له كاتی یاریكردن زیاترین به‌رێككه‌وتنی راسته‌خۆی سه‌ریان له‌گه‌ڵ كه‌سانیتر هه‌یه به‌تایبه‌تی به‌ر یه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ منداڵانی تووشبوو له كاتی یاریكردن.
نیشانه‌كانی چین؟
ختووكه دانی سه‌ر، زۆر خوران، كه هۆكاره‌كه‌ی دروستبوونی هه‌ستیارییه به‌هۆی پێوه‌دان یان گه‌زینی ئهسپێیهكان.
دروستبوونی برین پێستی سه‌ر به‌هۆی ڕووشاندنهوه، زۆرجار ئه‌و برینانه به‌هۆی به‌كتریاوه تووشی هه‌وكردن ده‌بن.
خه‌وزڕاندن، چونكه ئه‌و زینده‌وه‌رانه له تاریكی‌دا زۆر چاڵاكن.
ده‌ست نیشان كردنی:
دیاریكردنی ( diagnosis of head lice) هه‌بوونی ڕشك و ئه‌سپێ هه‌میشه به بینینی ئهسپێیهكان یان هێلكه‌كانیان له سه‌ر پرچ و كه‌له‌ی سه‌ر ده‌بێت. چونكه زۆر بچوكن و به خێرایش جۆله ده‌كه‌ن، هه‌ندێك جار پێویستیمان به ووردبین یان شانه‌ی ددان ورد هه‌یه تا ئهسپێیهكان یان هێلكه‌كانیان ببینین.
چاره‌سه‌ری چیه؟
چاره‌سه‌ركردنی رشك و ئه‌سپێ به به‌كارهێنانی شامپۆ، كرێم و گیراوه ده‌بێت كه ده‌تواندرێت به‌بێ راچێته له بازاڕ بكردرێت، هه‌روه‌ها هه‌ندێك له چاره‌سه‌ره‌كان پێویستی به راوێژكاری و راچێته‌ی پزیشكی پسپۆری ده‌بێت. به‌كارهێنانی ئه‌و شامپۆ یا كرێمانه به گوێره‌ی رێنمایی پزیشك، ده‌رمانساز و په‌رستار ده‌بێت. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر تووشبوو ئافره‌تی دووگیان، یان شیرده‌ر و هه‌روه‌ها منداڵی ساوا بێت، به‌بێ ڕاوێژی پزیشك نابێت ئه‌و شامپۆ یا كرێم و گیراوانه به‌كار بهێندڕێن.
هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ركردن:
لێدانی شامپۆیهكه له‌سه‌ر به گوێره‌یی رێنماییه‌كان، شامپۆیهكه ته‌نها له سه‌ر ده‌درێت به‌تایبه‌ت له‌م به‌شه‌ی قژ كه به كه‌ڵه‌ی سه‌ره‌وه نووساوه و نابێت بۆ به‌شه‌كانی تری له‌ش به كاربێت.
ئه‌بێت یه‌كجۆر شامپۆ یا كرێم له یه‌ككاتدا به‌كار بێت، نابێت به بێ راوێژكاری پزیشكی پسپۆری پێست دوو شامپۆ یا كرێمی جیاواز به‌یه‌كه‌وه به‌كار بهێندرێن.
به‌هۆشیارییه‌وه ئاگاداری ئه‌م ماوه‌یه بن، كه پێویسته شامپۆیهكه به‌سه‌ر بمێنێته‌وه، هه‌روه‌ها چۆن بشۆردرێت و چۆن پڕچه‌كه ووشك بكرێته‌وه.
دوایی وشك كردنه‌وه شانه‌یه‌كی ددان ورد به‌كاربێت بۆ لابردنی ڕشك و ئهسپێیه مردووه‌كان.
دوایی به‌كاهێنانی هه‌ر جارێك له چاره‌سه‌ره‌كان پشكنین بۆ قژ بكرێت بۆ دووزینه‌وه‌ی مێرووه‌كان ئه‌گه‌ر مابن.
شانه كردنی پرچ هه‌ر دوو رۆژ جارێك، تا ته‌واو دڵنیا بوون له نه‌مانی رشك و ئه‌سپێ.
هه‌موو ئه‌ندامانی خێزان پێویسته پشكنینیان بۆ بكرێت، چاره‌سه‌ر به‌كار بهێنن له كاتی پێویست. هه‌روه‌ها له ئه‌گه‌ری سوود وه‌رنه‌گرتن له‌و شامپۆ و كرێمه‌كان كه به بێ راچێته ده‌فرۆشرێن، پێویسته پزیشكی پسپۆر ئاگادار بكرێته‌وه و راوێژی پێ بكرێت.
ئایا ده‌توانرێت ڕێگری له بڵاوبونه‌وه‌ی بكرێت؟
لێره‌دا چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌خه‌ینه‌روو بۆ رێگریكردن و خۆپاراستن:
شوشتنی جل و به‌رگ، پیخهف، خاولی به ئاوی گه‌رم، وشك كردنه‌وه‌ش ده‌بێت به به‌كارهێنانی گه‌رمی بێت.
دانانی شانه‌كان له‌ناو ئاوی گه‌رم بۆ ماوه‌ی 5-10 خولهك.
به‌كارهێنانی گه‌سكی كاره‌بایی بۆ رایه‌خ و مافورهكان به‌تایبه‌تی له شوێنه‌كانی دانیشتن و پاڵكه‌وتن.
له كاتی هه‌بوونی ئه‌و جۆره كه‌لوپه‌لانه‌ی ناتوانرێت بشورێن، ده‌بێت بۆ ماوه‌ی دوو حه‌فته له‌ناو كیسێكی پلاستیكی دابنرێن.
چۆن منداڵان خۆیان بپارێزن؟
فێركردنی منداڵ به دوركه‌وتنه‌وه له‌وه‌ی سه‌ری به‌ر سه‌ری منداڵه‌كانی تر بكه‌وێت له كاتی یاریكردن و چالاكییه‌كانیاندا.
هاوبه‌ش نه‌كردنی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی به‌ر سه‌ر ده‌كه‌ون له‌گه‌ڵ منداڵانی تر وه‌ك هێدفۆن، تۆقه و كڵاو.
تا منداڵه‌كه‌ت به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر نه‌بێت، نابێت بنێردرێته باخچه‌ی ساوایان یا قۆتابخانهكهیان ( ئاگاداركردنه‌وه‌ی كارگێری قوتابخانه له هه‌بوونی رشك و ئه‌سپێ) .
به‌ڵگه‌ی زانستی دڵنیاكه‌ره‌وه به‌رده‌ست نییه بسه‌ڵمێنێت كه مادده و به‌رهه‌مه‌كانی وه‌كۆ مایۆنیز و رۆنی زه‌یتۆن ... ببنه هۆی خنكاندنی ئه‌سپێ و ڕشكهكان. به هێچ شێوه‌یه‌كیش نابێت نه‌وت و به‌نزین بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌سپێ به‌كار بهێنرێت، چۆنكه بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ مه‌ترسیدار و ژه‌هراوین وه ده‌شێ به ئاسانی گڕبگرن.
ئاماده‌كردنی: هه‌رمان جه‌عفه‌ر
كوردستان تیڤی / كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.