ئەمڕۆ لە بارەگاى مەكتەبى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان، فازڵ میرانى، سكرتێرى مەكتەبى سیاسى پێشوازیی لە كونسووڵی گشتیى ئەمەریكا، ستیڤ ڤیگن و شاندى یاوەرى كرد.
لە دیدارەكەدا كە هۆشیار سیوەیلى، بەرپرسى پەیوەندییەكانى دەرەوەی پارتی ئامادەى بوو، وێڕاى بەخێرهێنانى میوانان، فازڵ میرانى تیشكى خستەسەر بارودۆخى سیاسى و ڕەوشى ئەمنیى ناوچەكە و سەبارەت بە پرۆسەى سیاسى لە عێراق بەگشتى و كوردستان بەتایبەتى دوا و ئاماژەى بە گفتوگۆى نێوان هەولێر و بەغدا کرد كە پێشكەوتنى بە خۆیەوە بینیوە و ڕاشكاوانە تێڕوانین و دیدگاى پارتیى لەم بارەیەوە خستە ڕوو و بە گرینگى زانى هەرچى زووتر ڕەوشى كەركووك ئاسایى بكرێتەوە بە یەكڕیزى و یەكهەڵوێستیى لایەنە سیاسییەكانى كوردستان .
سكرتێرى مەكتەبى سیاسى لەسەر هەماهەنگى و هاوكاریى نێوان هەرێمى كوردستان و ئەمەریكا و وڵاتانى هاوپەیمان لە شەڕى دژى داعش هیواى خواست كە پشتگیریكردنیان لە هەرێمى كوردستان بەردەوام و زیادتر بكرێت، بە جۆرێك كە خزمەتى بەرقەراریى ئەمن و ئاسایشى ناوچەكە بكات.
ستیڤ ڤیگن سوپاسى مەكتەبى سیاسیى پارتیی كرد بۆ ئەم دیدارە و خۆشحاڵیى خۆى دەربڕى لە پێشڤەچوونى گفتوگۆكانى نێوان هەولێر و بەغدا و پشتگیریی خۆیانی لە پرۆسەى گفتوگۆى نێوان هەرێمى كوردستان و حكوومەتى ئیتیحادى دەربڕى و جەختی لەسەر پاراستن و سەقامگیریى ئەمنیى ناوچەكە کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.