له هه‌فته‌ی حه‌وته‌می خولی ئیسپانیا‌و له یاری دێربی مه‌درید، كاتژمێر ده‌ی ئه‌م شه‌و به‌كاتی هه‌ولێر، یانه‌ی ڕیال مه‌درید ده‌بێته میوانی یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدی هاوشاریه‌كه‌ی و یاریه‌كه‌ش له یاریگای وان‌دا میترۆ پۆلیتانۆ له مه‌درید به‌ڕێوه‌ده‌چێت
ئه‌م یاریه له كاتێكدایه كه ڕیال مه‌درید به كۆكردنه‌وه‌ی چوارده خاڵ له پێشه‌نگی ڕیزبه‌ندی یانه‌كان دایه‌و ئه‌تله‌تیكۆش به سێزده خاڵ له پله‌ی سێیه‌م دێت، ڕۆدریگۆی به‌ڕازیلی و هێرشبه‌ری لاوی ڕیال كه له یاری به‌رامبه‌ر ئۆساسۆنا گۆڵێكی تۆماركرد، به بڕیاری ڕاهێنه‌ر گه‌ڕایه‌وه ڕیزی تیپی دووه‌می میرێنگی
زێنه‌دین زێدان ڕاهێنه‌ری ڕیال مه‌درید له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند كه ڕووبه‌ڕووی تیپێكی به‌هێز ده‌بنه‌وه‌و ئه‌ركیان له یاریه‌كه‌دا ئاسان نابێت، له‌باره‌ی به‌راوردی نێوان ڕیال و ئه‌تله‌تیكۆ، زێدان گوتی، من نامه‌وێت بچمه نێو ورده‌كاری ئه‌م بابه‌ته، گوێم له هه‌ندێ كه‌س ده‌بێت كه ده‌ڵێن ئێمه تیپی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانین و ئه‌تله‌تیكۆش یانه‌ی كرێكارانه، به‌ڵام به بۆچوونی من ڕیال مه‌درید ده‌یه‌وێت هه‌رده‌م شانازی به یاریزانه‌كانی بكات و ئێمه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌م ئامانجه به‌دی بێنین، زێدان ئاشكراشی كرد كه بیر له دۆڕانی سه‌ختی تیپه‌كه‌ی له یاری دۆستانه‌ی ئاماده‌كاری هاوینی ڕابردوو له‌به‌رامبه‌ر ئه‌تله‌تیكۆ به سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر به حه‌وت گۆڵ ناكاته‌وه‌و گرنگی پێنادات، ڕوونیشیكرده‌وه كه هه‌رسێ یاریزان ئیسكۆ و مارسێلۆ و مۆدریچ پێكانیان چاك بۆته‌وه‌و به شێوه‌یه‌كی ئاسایی مه‌شقیان كردووه
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.