هونه‌رمه‌ند و شانۆكاری ناسراوی عێراق، سامی عه‌بدولحه‌مید له ته‌مه‌نی ٩١ ساڵییدا به هۆی نه‌خۆشییه‌وه له شاری عه‌ممان پایته‌ختی ئوردن، كۆچی دوایی كرد.
هاوكات هونه‌رمه‌ندان، كۆچی دوایی سامی عه‌بدولحه‌مید كه به عه‌میدی شانۆی عێراقی ناسرابوو، به زیانێكی گه‌وره له هونه‌ری عێراقی و عه‌ره‌بی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
له‌وباره‌وه نه‌قیبی هونه‌رمه‌ندانی عێراق، جه‌بار جودی له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانییدا رایگه‌یاند كه كۆچی دوایی سامی عه‌بدولحه‌مید زیانێكی گه‌وره‌بوو بۆ هونه‌ری عێراقی و عه‌ره‌بی.
جه‌بار جودی باسی له‌وه‌یشكرد كه ئه‌مڕۆ رێورهسمێكی تایبه‌ت بۆ به‌خاكسپاردنی سامی عه‌بدولحه‌مید له كۆڵیژی هونه‌ره جوانه‌كان له زانكۆی به‌غدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
سامی عه‌بدولحه‌مید كه هاوكات نووسه‌ر، ئه‌كته‌ر، ده‌رهێنه‌ر و مامۆستای شانۆی عێراقی بوو، له ١٩٢٨دا له شاری سه‌ماوه باشووری عێراق له‌دایك بووه، بڕوانامه‌ی دیبلۆمی له ئه‌كادیمیای هونه‌ری شاهانه بۆ هونه‌ر و دراما له له‌نده‌ن و بڕوانامه‌ی ماستهرشی له زانستی شانۆگه‌ریی له زانكۆی ئۆریگۆن له ئه‌مریكا به‌ده‌ست هێناوه.
پێشتر سامی عه‌بدولحه‌مید سه‌رۆكی یه‌كێتیی شانۆگه‌رانی عه‌ره‌ب، هه‌روه‌ها ئه‌ندامی لیژنه‌ی شانۆگه‌ریی عێراقی بوو، هه‌روه‌ها مامۆستا بوو له كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كان له زانكۆی به‌غدا و وانه‌ی زانستی شانۆگه‌ریی ده‌گوته‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.