Erbil 38°C دووشەممە 25 ئایار 17:24

سعوودیە ڤیزەی گەشتیاریی بە هاووڵاتییانی 49 وڵات دەدات

هەر گەشتیارێك دەتوانێت 90 رۆژ لە سعوودیە بمێنێتەوە
کوردستان TV
100%

سعوودیە رایگەیاند كە بۆ یەكەم جار، دەستیكردووە بە دەركردنی ڤیزەی گەشتیاریی و بۆ قۆناغی یەكەم، ئەو ڤیزەیە دەدەن بە هاووڵاتییانی 49 وڵات.

سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری سعوودیە، ئەحمەد خەتیب لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بۆ یەكەمجار ڤیزەی گەشتیاری دەدەین بە هاووڵاتییانی هەریەك لە نەمسا، بەلجیكا، كۆماری چیك، دانمارك، ئیستۆنیا، فینلاند، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هەنگاریا، ئایسلاند، ئیتاڵیا، لاتڤیا، لیختنشتاین، لیتوانیا، لوكسبۆرگ، ماڵتا، هۆڵەندا، مۆناكۆ، ئەندۆرا، رووسیا، مۆنتێرۆ، سان مارینۆ، ئۆكراینا، ئینگڵتەرا، بولگاریا، رۆمانیا، كرواتیا و قوبرس لە ئەورووپا و حەوت وڵاتی ئاسیا کە بریتین لە برونای، ژاپۆن، سینگاپور، مالیزیا، كۆریای باشوور، كازاخستان و چین لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كەندا، ئوستڕاڵیا و نیوزیلاند بۆ ئەوەی بتوانن بە ئامانجی گەشتكردن سەردانی وڵاتەكەمان بكەن".

ئەحمەد خەتیب باسی لەوەشكرد كە ئەوە یەكەمجارە ڤیزەی گەشتیاریی لە لایەن وڵاتەكەیەوە دەدرێت بە هاووڵاتییانی بیانی و گوتی: "ڤیزەكە بۆ ماوەی 360 رۆژ دەبێت لە مێژووی دەركردنییدا و هەر گەشتیارێك دەتوانێت 90 رۆژ لە سعوودیە بمێنێتەوە، بەڵام لە میانی ساڵێكدا ناگات بە 180 رۆژ".

سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری سعوودیە ئاماژەی بەوەشكرد كە گەشتیاران دەتوانن بە گەیشتنیان بۆ فڕۆكەخانەكانی شا خالید، شا عەبدولعەزیز، شا فەهد، شازادە محەمەد بن عەبدولعەزیز لەگەڵ دەروازەكانی پردی شا فەهد و بەتحا ڤیزەی گەشتیاریی وەربگرن، بەدەر لەوەش دەتوانن لەڕێگەی نوێنەرایەتیی و باڵیۆزخانە و كۆنسولخانەكانی سعوودیە لەو ٤٩ وڵاتە، وەربگرن.

سەبارەت بە قەدەغەكراوەكان كە لە چوارچێوەی ڤیزەكەدا ئاماژەی پێكراوە، رێگە نادرێت گەشتیارانی غەیرە موسڵمان بچنە مەككە و مەدینەی منەوەرە، هەروەها رێگەش نادڕێت هیچ گەشتیارییەك تەمەنی خوار 18 ساڵ کە بەتەنها بێت بۆ گەشتیاریی بێتە سعوودیە.

هەروەها هەر هاووڵاتییەك لەو 49 وڵاتە كاتێك ڤیزەی گەشتیاریی پێ دەدەرێت رێگەی پێ نادرێت بۆ چارەسەركردنی پزیشكی یان بەجێگەیاندنی حەج و عومرە لە میانی فەریزەی حەجدا بەكاری بهێنێت، بەڵام لە كاتەكانی دیكەدا رێگەی پێ دەدرێت، جگە لەوەیش رێگە بە هیچ ئافرەتێكی گەشتیار نادرێت بە پۆشینی جلوبەرگی نەشیاو بۆ گەشتكردن بێتە سعوودیە.

سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری سعوودیە، ئەحمەد خەتیب جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە لە چوارچێوەی دەركردنی ڤیزەی گەشتیارییدا، ئامانجیانە تا ساڵی 2030 یەكێك بن لەو پێنج وڵاتانەی كە لەسەر ئاستی جیهان پێشوازی لە گەشتیاران بكەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.