ن/ د.فازڵ جاف
سه‌ره‌تای ساڵی 1982 زستانێكی سه‌هۆڵبه‌ندان گه‌یشتمه پراگ، ئه‌مه یه‌كه‌م سه‌فه‌رم بوو بۆ وڵاتێكی ئه‌وروپایی، من له به‌یرووته‌وه به‌ره‌و مۆسكۆ سه‌فه‌رم ده‌كرد، دهبوایم شه‌وێك له پراگ به‌سه‌ر به‌رم.
به جانتایه‌كی بچووكه‌وه، له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یرووته‌وه، به ترس و دڵه‌ڕاوكێ، به پاسپۆرتێكی ناته‌واوه‌وه، له كۆنتڕۆڵی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یرووت ده‌رباز بووم، كه فڕۆكه‌كه به‌رز بووه‌وه، له په‌نجه‌ره‌كه‌وه ته‌ماشای به‌یرووتم ده‌كرد، هه‌ستێكی سه‌یر دایگرتم، هه‌ستێك تێكه‌ڵ له شادی و له غه‌م، سه‌رنجم دا لوبنانییه‌كان، زۆربه‌ی كه‌سه‌كان به شادییه‌وه تاماشای خواره‌وه‌یان ده‌كرد، شاد بوون به‌وه‌ی، كه به‌یرووتی جه‌نگی ناوخۆ و شه‌ڕی براكوژییان به‌جێ ده‌هێشت، ئه‌و شه‌ڕه‌ی، كه له 1975ه‌وه تاكوو ساڵی 1990 به‌رده‌وام بوو. له خۆشییاندا به ده‌نگی به‌رز، به تاسه و گاڵته‌وه ده‌یانگوت: خواحافیز جه‌بهه‌ی ته‌حریر، خواحافیز كه‌تائب، ماڵئاوا بزووتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل، به‌م جۆره ناوی ئه‌و پارت و ڕیكخراوانهیان ده‌هێنا، كه پازده ساڵی ڕه‌به‌ق به‌سه‌ر زاریانه‌وه بوون. هه‌ر یه‌ك له‌م ڕێكخراوانه خاوه‌نی هێز و خاڵی پشكنین و چێكپۆینت و به‌ندیخانه‌ی خۆی بوو، به‌رده‌وامیش له شه‌ڕدا بوون دژ به‌یه‌كدی، به ئه‌ندازه‌یه‌ك، ڕۆژی وا هه‌بوو له شه‌قامه‌كاندا گولله به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌باری.
دوو نووسه‌ری عێراقی، فالح عه‌بدولجه‌بار و ئیسماعیل زایر، منیان گه‌یانده ناو فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یرووت، ئه‌وانیش، له خه‌می ئه‌وه‌دا بوون چۆن له كۆنتڕۆڵی پاسپۆرت ده‌ربازم بكه‌ن، ده‌بوایه خۆم وه‌كوو لوبنانی پیشان بده‌م، خۆم فێری چه‌ند ڕسته‌یه‌كی لوبنانی كردبوو، هه‌ردوو منیان به‌جێ نه‌هێشت، تاكوو ته‌واو دڵنیابوون، پێش خواحافیزی گوتیان، تۆ جلی زستانه‌ت له‌به‌ردا نییه، ئیسماعیل زایر قه‌مسه‌ڵه‌كه‌ی خۆی له‌به‌ر داكه‌ند:
- ئه‌و قه‌مسه‌ڵه‌یه له‌به‌ر بكه.
له كۆنتڕۆڵ ده‌رباز بووم، له‌ناو فڕۆكه‌كه نوقمی بیركردنه‌وه بووم، ئه‌مشه‌و له پراگ به‌سه‌ر ده‌به‌م، سبه‌ینێ به‌ره‌و مۆسكۆ سه‌فه‌ر ده‌كه‌م، له مۆسكۆ ده‌ست به خوێندنی شانۆ ده‌كه‌م، ده‌مزانی هاوڕێكه‌م له مۆسكۆ خوێندنی بۆ مسۆگه‌ر كردووم. سبه‌ینێ له فڕۆكه‌خانه‌ی مۆسكۆ چاوه‌ڕێم ده‌كات.
له‌به‌ر خۆمه‌وه گوتم: خواحافیز كوردستان، فرمێسك به چاوه‌كانمدا هاته خوارێ. هه‌ستم كرد ئه‌مجاره‌یان بۆ یه‌كجاریی ماڵئاوایی ده‌كه‌م.
كه له كه‌ركووك ماڵئاواییم له خێزانه‌كه‌م كرد، دوای ڕۆیشتنم باوكم به خۆشكه‌كانمی گوتبوو: من جارێكی تر نایبینمه‌وه، به‌ڵام ئێوه ده‌یبیننه‌وه. هه‌ر واش كه‌وته‌وه.
ئێواره‌یه‌كی تاریك بوو، له فڕۆكه‌خانه‌ی پراگه‌وه منیان گه‌یانده ئۆتێلی ئینته‌رناسیۆنال، پێشتر ئوتێلی ئاوها گه‌وره‌م نه‌بینیبوو. ئه‌مه‌یه پراگ، یه‌كه‌م شاری ئهورپاییم.
باشه ده‌بێ كێ هه‌بێ ئه‌م ئێواره‌یه‌ی له‌م شاره‌دا له‌گه‌ڵدا به‌سه‌ر ببه‌م؟
له‌ناكاودا وه‌كوو بریسكه‌ی هه‌ور، ناوی قادر دیلانم هات به مێشكدا، بیستبووم مامۆستا دیلان له به‌شی عه‌ره‌بیی ڕادیۆیی پراگ كاری ده‌كرد. داوام له پرسگه‌ی ئۆتێله‌كه كرد، به‌شی عه‌ره‌بیی ڕادیۆی پراگم بۆ وه‌ربگرن، پاش هه‌ندێك گوتیان فه‌رموو، داوای قادر دیلانم كرد، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد، ده‌نگێك گوتی فه‌رموو.
- جه‌نابت مامۆستا قادر دیلانی؟ گوتی: به‌ڵێ.
هه‌ستم به شادی كرد، ئه‌مجا هه‌وڵم دا به شێوه‌یه‌ك خۆم بناسێنم، خێرا سه‌رنجی ڕابكێشم، به ده‌نگێكی پڕ له متمانه‌وه گوتم:
- من شانۆكارم، له زانكۆی سلێمانی كارم ده‌كرد، هه‌ر ئێستا گه‌یشتمه پراگ، له‌لای هاوڕێیهكانتهوه هاتووم، له‌لای ولیه‌م یۆحه‌نا و ئه‌نوه‌ر قهردهداخی و قادر كوردییه‌وه هاتووم. ته‌نیا ئه‌مشه‌و لێره‌م، زۆر حه‌ز ده‌كه‌م به بینینت شاد بم. به‌گه‌رمییه‌وه هه‌واڵی مامۆستا ولیه‌می پرسی.
سه‌عاتێكی نه‌خایاند مامۆستا دیلان گه‌یشته ئوتێله‌كه.
له منداڵییه‌وه حه‌زم له مۆسیقاژه‌نینی دیلان بوو، به‌رده‌وام له ڕادیۆی به‌غدا گوێم له پارچه كاره مۆسیقاكانی ده‌گرت، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه پارچه موزیكی چه‌می ڕێزان، كه ته‌نیا به كلارنێت تۆماری كردبوو، سه‌دای كلارنێته‌كه‌ی دیلان له زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی شه‌سته‌كاندا ده‌ناسرایه‌وه.
ئه‌و ئێواره‌یه تاكوو نیوه‌شه‌و باسی هونه‌ر و شیعری گۆران و كوردستان و سلێمانیم كرد. مامۆستا دیلان، له چه‌شنی هونه‌رمه‌نده به‌هره‌داره ڕاسته‌قینه‌كان بوو، كه‌سێك بوو خاكه‌ڕایی و ڕاستگۆیی و پیشهمهندێتی و به‌هره‌ی له خۆدا كۆ كردبووه‌وه. به‌شبه‌حاڵی خۆم، پێی سه‌رسام بووم.
زۆر باسی گۆرانی شاعیرمان كرد. خۆشه‌ویستیمان بۆ گۆران مۆمێكی دیكه‌ی ئه‌و شه‌وه زستانهیهی پراگ بوو.
-مامۆستا ئێوه هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی بواری موزیكن؟
دای له قاقای پێكه‌نین.
-به‌ڕاستمه، به چی پێده‌كه‌نن؟
+ئه‌وه بۆ خۆمان و لای خۆمان وایه. ئێ لای خۆمان به كێ ناڵێین هونه‌رمه‌ندی گه‌وره! به‌ڵام بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان شتێكی تره.
-چۆن؟
+ كه گه‌یشتمه پراگ، داوام كرد ئامێری فلووت بخوێنم، دوای تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك، گوتیان ده‌بێت له سه‌ره‌تاوه مۆسیقا بخوێنیت، وه‌ك منداڵێك تازه فێری مۆسیقا ببێت، مامۆستاكانی په‌یمانگه‌ی موزیك گوتیان پێویسته سه‌رله‌نوێ به شێوازێكی ئه‌كادیمی فێری ژه‌نین ببیت، بۆ ئه‌وه‌ی په‌نجه‌كانت به شێوازێكی زانستییانه له‌سه‌ر ژه‌نین ڕابهێنیت.
بۆم باس كرد، كه من به تاسه‌وه گوێم له ده‌نگی كلارنێته‌كه‌ی گرتووه، له پارچه مۆسیقای چه‌می ڕێزان، له مه‌قامه‌كانی عه‌لی مه‌ردان، گۆرانییه‌كانی سێوه، له پارچه كلارنێته‌كه‌ی سه‌ره‌تای گۆرانیی ڕووناكیی جه‌مال جه‌لال.
+ تۆ شانۆكاریت، چۆن ئه‌وه‌نده ئاگاداری مۆسیقایت؟
-شیعر و مۆسیقا هه‌وێنی هه‌موو هونهرێكن. گوێت له چه‌می ڕێزانهكهی خۆت بووه، كه تیپی مۆسیقای سلێمانی، به ئۆركێستێكی گه‌وره و به دابه‌شكردنێكی نوێوه تۆماریان كردووه؟
+ به‌ڵێ.
- پێت چۆنه؟
+ پێم باش نییه، به دڵم نییه!
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.