درەنگانی شه‌وی رابردوو عادل عبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق هاته سه‌ر هێڵ و پەیامێکی تەلەفزیۆنی ئاڕاستەی گەلی عێراق و خۆپیشاندەران کرد.
عادل عبدلمەهدی له گوتاره‌كه‌ى بڕیاریدا و گوتى: به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ كاتژمێر هه‌شت قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی عێراق هەڵدهگیرێت، دەمانەوێت سیستەمی دیموکراسی عێراق بپارێزین.
هه‌روه‌ها گوتی: ئێستا ئێمە لە نێوان دەوڵەت و ڕووخانی دەوڵەتداین و نابێت ڕێگە بدەین بەگەڕانەوەی ئەوانەی دەوڵەتیان کردبوو بە سەربازگە.
راشیگه‌یاند كه نایانه‌وێت بەڵێنی بەتاڵ بدەن به‌ڵام دڵنیاییدا كه مه‌به‌ستیان ئه‌نجامدانی چاکسازییه و تەنها ماوەیەکی کەمیان پێ بدەن بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان، دواتر لێپرسینەوەیان لێبکەن.
بەڵام هەندێک لە کێشەکان کەڵەکە بووی چەند ساڵی ڕابردووە بۆیە چارەسەری سیحرییان پێ نیە و چارەسەرکردنی ئه‌و كێشانه کاتی دەوێت.
ئاشكراشی كرد كه لە هەفتەی داهاتوودا بڕیار دەدەن بە بڕینەوەی مووچە بۆ هەر خێزانێکی هەژار کە هیچ داهاتێکیان نییە، هه‌روه‌ها چاکسازی لە کەرتی نیشتەجێبووندا ده‌کرێت و هەلی کار بۆ بێکارانی دابین دەكه‌ن.
هاوكات داوایشی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە ڕێگە بدات بە تەواوکردنی پێکهاتەی ئەنجوومەنی وەزیران و پڕکردنەوەی ئەو وەزارەتانەی کە هێشته بە بەتاڵی ماونەتەوە، چونكه هەندێک لایەن دەیانەوێت خۆپیشاندان بەکاربهێنن بۆ تێکدانی دەوڵەت و ئامانجە سیاسیەکانیان و ئەوەش لە به‌شێك له دروشمه‌كانی خۆپیشاندەرانەوە هەستی پێدەکرێت.
ماوه‌ی سێ رۆژه هەزاران كەس لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا و ژمارەیەك شار و شارۆكەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕژاونه‌ته سەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر به دۆخی خراپی بژێوی و بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان.
به پێی دواین ئامار 35 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە هه‌زار کەسیش برینداربوونه.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.