چالاكوانانی مه‌ده‌نی به‌شداربوو له خۆپیشاندانه‌كانی عێراق رایانگه‌یاند كه خۆپیشاندانه‌كانیان دژبه حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی هه‌ڵپه‌ساردووه تا ئه‌و كاته‌ی رێوره‌سمی چله‌ی ئیمام حوسێن كۆتایی دێت.
له‌وباره‌وه چالاكوانی مه‌ده‌نی له شاری دیوانییه، سه‌لیم جه‌سور رایگه‌یاند : چالاكوانان رێككه‌وتوون له‌سه‌ر هه‌ڵپه‌ساردنی خۆپیشاندانه‌كان تا ئه‌و كاته‌ی رێوره‌سمی چله‌ی ئیمام حوسێن كۆتایی دێت.
گوتیشی: دوای ته‌واوبوونی رێوره‌سمی چله‌ی ئیمام حوسێن، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕین ده‌ست پێ ده‌كه‌ینه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی داواكارییه‌كانمان سه‌باره‌ت به باشكردنی خزمه‌تگوزاری، ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار، سزادانی گه‌نده‌ڵكاران جێبه‌جێ ده‌كرێت.
هه‌ر له‌وباره‌وه چالاكوانی مه‌ده‌نی له شاری موسه‌ننا، خه‌لدون ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند كه له دوێنێ دووشه‌ممه‌وه خۆپیشاندانه‌كانیان هه‌ڵپه‌ساردووه تا ئه‌و كاته‌ی رێوره‌سمی چله‌ی ئیمام حوسێن كۆتایی دێت.
گوتیشی: ئامانج له هه‌ڵپه‌ساردنی خۆپیشاندانه‌كان، ئه‌وه‌یه هاووڵاتییان بتوانن بۆ به‌شداریكردن له رێوره‌سمی چله‌ی ئیمام حوسێن سه‌ردانی شاری كه‌ربه‌لا بكه‌ن و هێزه ئه‌منییه‌كانیش بتوانن گیانی زیاره‌تكاران به باشی بپارێزن.
لای خۆیه‌وه چالاكوانی مه‌ده‌نی له زیقار، هانی خه‌لدون باسی له‌وه كرد كه به هه‌مان شێوه خۆپیشاندانه‌كان له شاره‌كه‌دا هه‌ڵپه‌سێردراوه تا هاووڵاتییان بتوانن سه‌ردانی شاری كه‌ربه‌لا بكه‌ن و له رێوره‌سمی چله‌ی ئیمام حوسێن به‌شداری بكه‌ن.
شایانی باسه ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتی شیعه مه‌زهه‌ب له ناوچه‌كانی دیكه‌وه به پیاده روو ده‌كه‌نه شاری كه‌ربه‌لا باشووری عێراق بۆ ئه‌وه‌ی له رێورسمی چله‌ی ئیمام حوسێن به‌شداری بكه‌ن كه ٢٠ی ئه‌م مانگه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردووه‌وه، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕین دژبه گه‌نده‌ڵی، بێكاری و خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كان شاری به‌غدا و چه‌ند شارێكی باشووری عێراقی گرتووه‌ته‌وه و پێكداھه‌ڵپڕژان له نێوان خۆپیشانده‌ران و ھێزه ئه‌منییه‌كاندا روویداوه.
به‌پێی دوایین ئاماریش كه رۆژی یه‌كشه‌ممه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بڵاوكرایه‌وه، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له خۆپیشاندانه‌كاندا كوژراون، گه‌یشتووه‌ته ١٠٤ كه‌س، ھه‌روه‌ھا شه‌ش ھه‌زارو ١٠٧ی دیكه‌ش بریندار بوون .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.