نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ى خوالێخۆشبوو خەباتکاری ناسراوی عێراقی عەدنان حسێن كرد ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌بۆنه‌ى كۆچى دواییى ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و خەباتکاری ناسراوی عێراق عەدنان حسێن ـه‌وه، پرسه و سه‌ره‌خۆشى له خانه‌واده‌ى به‌ڕێزى خوالێخۆشبوو و كه‌سوكار و دۆست و هاوڕێیانى و ته‌واوى گه‌لانى عێراق ده‌كه‌ین و هاوخه‌میانین.
عەدنان حسێن دۆستێکی دڵسۆز و ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و تێکۆشەرێکی بوێر و ماندوونەناسی بزاڤی دیموکراتی نیشتمانیی عێراق و قەڵەمێکی بە بڕشت و ناوێکی دیارى ڕووناک‌بیری و مەدەنیەتخوازی بوو. لەگەڵ باوەڕەکانی خۆی ڕاستگۆ بوو، هەر لەو پێناوەشدا ساڵانێک لە چیاکانی کوردستان شانبەشانی پێشمەرگە چەکی خەبات و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کردە شان.
عه‌دنان حسێن بە هەڵوێست و بە قەڵەم و بە بیر و باوەڕی ڕۆشنگەرانەی، هەموو ژیانی خۆى بۆ ئازادی و دیموکراسی و دادوه‌ریى کۆمەڵایەتی و لێبوردەیى و لە دژی شۆڤێنیزم و دیکتاتوری تەرخان کرد، هەر لەو ڕوانگه مرۆییەشەوە بە دڵ په‌رۆش و پشتیوانی گەلی کوردستان و مافە ڕەواکانی بوو. یاد و هەڵوێستەکانی، لە ویژدانی گه‌لى کوردستاندا بۆ هه‌میشه بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
گیانى ئه‌و شاد و سه‌بوورى و دڵنه‌وایى بۆ هه‌مووان.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
10/10/2019
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.