لهراگهیاندراوێكدا لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی له‌په‌رله‌مانى كوردستان بڵاوی كرده‌وه كه به‌مه‌به‌ستی ئاگادار بوون له چۆنیه‌تی كاركردنی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كوالێتی كۆنتڕڵی ده‌رمان نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه 14/10/2019لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه و مافی به‌كاربه‌ر به‌سه‌رپه‌رشتی د.صباح محمود سه‌رۆكی لیژنه و ئاماده‌بونی جێگر و بڕیار ده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه له گه‌ڵ ستافی كارگێڕی كوالێتی كۆنتڕۆلی ده‌رمان كۆبونه‌وه.
راشیدهگهیهنن ، له كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه له هۆڵی لیژنه‌کە به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌تا شاندی میوان كورته باسێكیان لەباره‌ی شێوازی كاركردن و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و كه‌م و كوڕی و پێداویستیه‌كان كرد و تیشكیان خسته سه‌ر ئه‌و پێداویستیانه‌ی كه پێویسته بۆیان دابین بكرێت بۆ باشتركردن و خێراتر ڕاپه‌راندنی كاره‌كانیان، به‌تایبه‌ت دابین كردنی شوێنێكی گونجاوتر و فراوانتر و زیاد كردنی فه‌رمانبه‌ر و دكتۆری پسپۆڕ و ئامێری پێشكه‌وتوی تاقیگه
لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی په‌رله‌مان ده‌شڵێت ، دواتر سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه وێڕای ده‌ستخۆشی له‌كاره‌كانی ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه هاوكات تێبینی و پرسیاره‌كانیان ئاراسته‌ی شاندی میوان كرد و گفتوگۆكرا له‌سه‌ر بابه‌تی نرخی ده‌رمان و جۆری ده‌رمان و سه‌رجه‌م ئه‌و گرفتانه‌ی كه پێویستیان به‌چاره‌سه‌ركردن هه‌یه
راشیدهگهیهنن هه‌ردولا هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته باشترین جۆری ده‌رمان به كه‌مترین نرخ بگات به‌ده‌ستی نه‌خۆش له هه‌رێمی كوردستان
له‌كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌ش بڕیاردراوه كه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی لیژنه‌کە سه‌ردانی مه‌یدانی ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه بكه‌ن و له نزیكه‌وه كێشه‌وگرفته‌كان به‌چاوی خۆیان ببینین و ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو بدۆزنه‌وه بۆ گرفته‌كان.
دارشتنهوهى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.