• درێژەکێشانی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە زەمینەی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوە تیرۆریستیەکان دەرەخسێنێت
• پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات لە حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەران
• چاوەڕێین بەغدا هەنگاوی جیددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بهاوێژێت لە سەر بنەمای دەستوور
ئەمڕۆ سێشەممە 2019/10/15 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دەیڤد شنکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا کە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا کرا . سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لەدۆخی ئێستای باکووری رۆژھەڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان و لێکەوتەکانی دەربڕی .
جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە کۆتایی بە تووندوتیژی و گرژییەکانی ناوچەکە بێت، چونکە درێژەکێشانی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە، زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی رێکخراوە تیرۆریستیەکان دەرەخسێنێت.
هەروەها ئاماژە بەوەش درا پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات لە حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەران کە بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، پرۆسەی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق تاوتوی کرا و ئاماژە بەوە درا حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پێشنیاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خستووەتە روو ، بۆیە چاوەڕێین بەغدا هەنگاوی جیددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بهاوێژێت لە سەر بنەمای دەستوور.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.