Erbil 38°C شەممە 23 ئایار 20:33

نوێنەری حکومەت لە یەکێتی ئەوروپا بەشداری لە کۆبوونەوەی لیژنەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پەیوەندیەکان لەگەڵ عێراق کرد

دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئابووری و سەربازی عێراق پێشکەش بە پەرلەمانی ئەوروپا کرا
کوردستان TV
100%

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا (بەلجیکا) ― د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، بە یاوەری زانا کوردە بەشداری لە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی لیژنەی تایبەتی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق کرد بە ئامادەبوونی نوێنەری ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا (‪EEAS‬)و باڵیۆزخانەی عێراق لە بەلجیکا و نوێنەری چەندین باڵیۆزخانە و لایەنی تر.

سەرەتای کۆبوونەوەکە، بەرپرسانی ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئابووری و سەربازی عێراق پێشکەش بە پەرلەمانی ئەوروپا کرد.

لە بەشێکی تردا، بەرپرسانی(‪EEAS‬) ناڕەزایی یەکێتی ئەوروپایان دەربڕی بەرامبەر بە بەکارهێنانی چەک لە دژی خۆپیشاندەران و داوایان لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە هێز بەکارنەهێنێ لە دژی خۆپیشاندەران. دواتر نوێنەری باڵیۆزخانەی عێراق پوختەیەکی سەبارەت بە تازەترین پرسی شەقامی عێراقی و ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاوڵاتیان خستەڕوو.

لە بەردەوامی کۆبوونەوەکە، د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ووتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی نوێی سەقامگیری سیاسیدا تێدەپەڕێت.

سەبارەت بە پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، نوێنەری حکومەتی هەرێم داوایکرد یەکێتی ئەوروپا ڕۆڵێکی کاراتر بگێرێت لە لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و جێبەجێکردنی دەستووری عێراق، هەروەها گەڕانەوەی ناوچە جێناکۆکەکان بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان بە جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ دەستوری عێراق کە تیایدا هێزی پێشمەرگە و سوپا پێکەوە کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکەن.

لە درێژەی ووتەکانیدا، د. دلاوەر ئاژگەیی سەبارەت بە ڕەوشی کوردستانی ڕۆژئاوا و مەترسیی سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی خستەڕوو. داوایکرد یەکێتی ئەوروپا تەواوی هەوڵەکانی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئەو قەیرانە مرۆییە، ووتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە ئاوارە و لێقەوماوانی کوردستانی ڕۆژئاوا بگرێتەخۆ، بەلام تواناکانی لەو ئاستەدا سنووردارە بە هۆی نیشتەجێبوونی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک پەنابەری سووری و ئاوارەی ناوخۆی عێراقیی، هاوکات لەبار نەبوونی باری دارایی و ئابووری هەرێم وەکو پێویست.

لە کۆتاییدا د. دلاوەر ئاژگەیی بانگهێشتی لیژنەی پەیوەندیەکان لەگەڵ عێراق کرد تاکو سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

شایانی باسە لەم خولەی پەرلەمان، لیژنەی پەیوەندییەکانی عێراق لە حەوت ئەندامی سەرەکی و شەش ئەندامی یەدەگ پێک دێت.

1

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.