Erbil 38°C شەممە 23 ئایار 18:38

باڵیۆزی یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌ عیراق: ئاماده‌ین بۆ دروستکردنی په‌یوه‌ندی له‌نێوان هه‌ردوو په‌رله‌مانی یه‌کێتی ئه‌وروپا وکوردستان

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ مارتن هۆت باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ عیراق كرد
کوردستان TV
100%


له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ووردی گێڕانه‌وه‌یه‌كی خێرای بۆ مێژووی دروستبوونی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد، كه‌ له‌ ساڵی 1992 خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان بۆ دامه‌زراندنی یه‌كه‌م په‌رله‌مان داوه‌، له‌ساڵی 2005 ه‌وه‌ له‌ عیراق دانی پێدانراوه‌، وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ده‌ستوره‌ رێكخراوه‌ كه‌ عیراقیه‌كان سالی 2005 ده‌نگیان بۆ داوه‌، دواتر ڕوونیكرده‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌میشه‌ پاڵپشتی دیالۆگ ولێكتێگه‌یشتنی دوولایه‌نه‌ ده‌كات له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و رایگه‌یاند:" په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراقدا له‌ ئاستێكی باشدان، به‌رده‌وامیشین له‌ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌و له‌یه‌كتر نزیكبوونه‌وه‌ وبه‌ ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كانی نێوان هه‌ردوولا به‌ گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور نه‌وه‌كو له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرینه‌و كه‌مینه‌، كه‌ بێگومان كاركردن به‌ مه‌بده‌ئی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسیه‌ "

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی نێوان هه‌رێم وبه‌غداش د. ڕێواز فایه‌ق ڕوونیكرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتی عیراق ساڵانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ی كه‌ له‌به‌غدا ڕوویداوه‌ له‌ ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌كان، پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌مساڵ هه‌ندێك گرفتی زیاترمان بێته‌ ڕێگا.

لای خۆیانه‌وه‌ مارتن هۆت باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ عیراق، سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ خستنه‌ ڕووی ئه‌م زانیارییانه‌و ڕایگه‌یاند:"  ئێمه‌ په‌یوه‌ندی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ گرنگ  ده‌زانین، وه‌ ئاماده‌ین بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا" .

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.