Erbil 38°C شەممە 23 ئایار 17:44

هەڵوێست و نیگەرانیەکانی حکومەتی هەرێم لەباره‌ى ره‌وشى سوریا و کاریگەری لەسەر پرسی مرۆیی و ئاسایشی هەرێم گه‌یه‌ندرایه‌ یه‌کێـتى ئه‌وروپا

كۆبوونه‌وه‌ى نوێنه‌ری حكومه‌تى هه‌رێم و به‌رپرسى به‌شى رۆژهه‌ڵات له‌یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌رێوه‌چوو
کوردستان TV
100%


نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا (بەلجیکا) ― د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا سەردانی کۆمیسیۆنی ئەوروپای کرد و لەگەڵ ڕافائیلا یۆدیچی، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەندا و ئاسیا و باکووری ئەفریقیا لە بەڕێوەبەرایەتی پەرەپێدان و هاوکاری نێودەوڵەتی یەکێتی ئەوروپا DEVCO و هەروەها بەرپرسی دۆسیەی عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکە، نوێنەری حکومەت هەڵوێست و نیگەرانیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر دوایین پەرەسەندنەکانی سوریا و کاریگەری لەسەر پرسی مرۆیی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان خستەڕوو لە ڕووی ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی سوری و ڕەوشی مرۆیی و جوڵەی هێزەکانی سوپای سوریای ئازاد بۆ ناوچە کوردستانیەکان و لێکەوتەکان و بەرگرتن لە ئامرازەکانی توندڕەوی و مەترسی گۆڕانی دیمۆگرافی ناوچە کوردنشینەکان و دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش. هاوکات داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان چڕتر بکاتەوە بۆ دابینکردنی كۆمه‌كى زیاتری مرۆیى و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بە گشتی.

لە بەشێکی تردا، د. دلاوەر ئاژگەیی پلانى فریاكه‌وتنى مرۆیى بۆ به‌هاناوه‌چوونى شه‌پۆڵى نوێى په‌نابه‌رانى سوریای کە لە لایەن ناوەندی هاوبەشی و هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە خسته‌ڕوو. باسی لەوەکرد کە حکومەتی هەرێم پێشبینی دەکات نزیکەی (٢٥٠) هەزار پەنابەری سوریا ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات ئەمەش فشارێكى تر ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌رێم بۆیه‌ پێویستمان بە هاوکاری و هەماهەنگی دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپا هەیە بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و شه‌پۆڵه‌ى په‌نابه‌ران.

لەلای خۆیەوە، ڕافائیلا یۆدیچی پشتگیری خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی باڵای کۆمیسیاری یەکێتی ئەوروپا تاوتوێ دەکات بۆ ئەوەی میکانیزم و چۆنیەتی هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان بخەنە بەر باسێکی پڕاکتیکیانەی سەر ئەرزی واقیع.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.